هەواڵ

دیندار زێباری: هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای تۆمار نەکردووە دژی لایەنە ئەمنییەکان


بزاڤـ: ژووری ھەواڵ

له‌ كۆتایی مانگی رابردوودا  چەند شارێکی کورستان خۆپیشاندانی مامۆستایانی  به‌خۆیه‌وه‌ بینی بۆ داواکردنی مافەکانیان و نەمانی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە. هێزە ئەمنییەکانیش بە ئەرکی خۆیان هەستان بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵی هاووڵاتیان و رێگەگرتن لە روودانی نەخوزراو و پشێوی و ئاژاوە لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان. له‌و میانه‌دا چەند دەزگایەکی راگەیاندن ویستیان خۆپیشاندانەکان بە ئاقارێکی تردا ببەن دوور لە مەبەستی سەرەکی خۆپیشاندان و هاندانی خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌نجامدانی كاری توندوتیژی.



سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ رووماڵ كردنی خۆپیشاندانه‌كان و كاردانه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌رامبه‌ریان د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: هه‌روه‌ك چۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ  (رێکخستنی خۆپیشاندان) كه‌ به‌ یاسای  ژمارە (١١)ی ساڵى(2010) ناسراوە، کە شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات و رێک دەخات به‌ هه‌مان شێوه‌ میدیاكانیش مافی رووماڵ كردنی خۆپیشاندان و رێپیوانی خه‌ڵكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ ده‌زگا میدیاكانیش به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا كار پێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌فتار نه‌كه‌ن و رووماڵ كردنه‌كه‌یان بۆ رووداوه‌كان  بۆ گه‌یاندنی راستییه‌كان بێت و داواكاری ره‌وای هاووڵاتیان بێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌بێت و ببێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌.



د.دیندار زێباری دەربارەی رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن لە کاتی وتی: ئازادی رۆژنامەگەری و ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین به‌ پێی یاسا رێکخراوه و له‌ كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن ئه‌وا كار به‌ یاسای سزادانی عێڕاقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو ده‌كرێت، بۆیە پێویستە میدیاکارانیش نەبنە هۆی تێکدانی رەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت،  بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەرکاتێک رۆژنامەنووس یان دەزگایەکی میدیایی یاسا پێشێل بکات ئەوا راستەوخۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئیجرائاتیان بەرامبەر ناگیرێتە بەر، چونکە بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی2007 تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.



سه‌باره‌ت بەو دەنگۆیانەی‌ ره‌فتاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ میدیاكان  زێباری وتی: تا ئێستا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان بەرز نەکردۆتەوە کە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بکات و هەر کاتێک دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵایەکی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەکان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی  ئەو کەسانە کە پێشێلکاریان ئەنجامداوە، لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە چەقۆدا گرت کە لەلای خۆپیشاندەران بوون تەنانەت کارمەندێکی پۆلیس بە چەقو هێرشی کراوەتە سەر و بریندار بووە، سەرەڕای ئەمەش دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکی خۆی دوورنەکەوێتەوە.



 دیندار زێباری تیشکی خستە سەر بابەتی دەستگیر کردنی پەیامنێران لە کاتی رووماڵ کردنی خۆپیشاندانەکان و وتی: ژمارەیەک له پەیامنێری کەناڵی جیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن پۆلیسەوە راگیراوە، چونکە هانی خۆپیشاندەرانیان دەدا بۆ توندوتیژی و شێواندنی رەوشی خۆپیشاندانەکە بەڵام دواتر ئازاد کران، هەروەها لە نێو خۆپیشاندەران ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادەبوون و بە و شەی نەشیاو و هوتاف کێشان و بەرزکردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی هەوڵیاندا رێرەوی خۆپیشاندانەکە لە داواکردنی مافی رەوای مامۆستایان بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی بقۆزنەوە.


‌‌‌
4/8/2018 4:38:38 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ