هەواڵ

بنەماڵەیەك داوای ئاشكراكردنی بكوژی باوكیان لەماڵی تاڵەبانی دەكەن


بزاڤـ: ژووری ھەواڵ

كوڕێكی كوێخا بەكری بازیان لەبەیاننامەیەكدا داوای ئاشكراكردنی بكوژی باوكیان لەبنەماڵەی تاڵەبانی دەكات‌و دەڵێت: "هەموو بەڵگەكان لەبەردەستتدان، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بكوژەكە بۆ دادگا ئاشكرا ناكات".

گۆران كوێخا بەكری گوندی دەرگەزێن لەناوچەی بازیان لەبەیاننامەكەدا دەشڵێت: "دوای نزیكەی دوو ساڵ بەسەر تیرۆركردنی باوكمدا و گرتنەبەری ڕێوشوینی یاسایی و دادگا و دەستكەوتنی كۆمەڵێك بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بەڵام ئاسایشی سلێمانی دەستی دەستیمان پێیدەكات و نایەوێت بكوژەكەی باوكمان بۆ دادگا ئاشكرا بكرێت".

ئەو كوڕەی كۆیخا بەكری بازیان، كە پیاوێكی ناسراوی كۆمەڵایەتی ناوچەكە بووە هەروەها دەڵێت: "نزیكەی دوو ساڵ پێش ئێستا باوكیان لەنێو باخەكەی خۆی دا لەنزیك دووكان كوژراو و ئۆتۆمبیلە مەرزییەكەی و هەندێك پارەی پێی بووە براوە , نەدوژمنایەتی كۆمەڵایەتی و نە كێشەی سیاسی‌ و هیچ گرفتێکیان نییە و دادگاش هەوڵی باشی داوە بكوژەكان بدۆزێتەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگری دەكات و ئەنجامەكان ڕادەگرێت".

گۆران داواشی كرد لەپاڤڵ و قوباد تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی خۆیان بێنە سەر خەت‌و فشار لەئاسایشی سلێمانی بكەن بۆ ئەوەی بكوژەكەی باوكیان ئاشكرابكەن، ئەوەش وەك كەسانی دەسەڵاتداری ناوچەكە.

ئەمەی خوارەوەش دەقی بەیاننامەكەی گۆرانی كوێخا بەكرە
تاكەی بكوژی باوكمان ئاشكرا ناكەن و له ‌پەنهاندا دەیشارنەوە؟

بەڕێزان:
قوباد تاڵەبانی
لاهوور شێخ جەنگی
پاڤڵ تاڵەبانی

دەمانە‌وێت ئەم پەیامەتان پێ بگات و هیوامان وایە بەجدی بیخوێننەوە، لە ڕێكەوتی ۲۱-٦-۲۰۱٦ باوكی ئازیزمان (بەكر كەریم) ناسراو بە (كوێخا بەكر) لەنێو باخەكەی خۆمان له ‌تابین نزیك دووكان، لە ‌سیناریۆیەكی زۆر تەمومژاوی بە ناحەق كوژرا، سەیارەكەی كە (مەرزیەیەكی دەبڵ ئەكسل) بوو لەگەڵ هەندێ پارە كە پێی بوو دزران، ئەوەی خانەوادەكەمان و كوێخا بەكری باوكمان دەناسێت لە خزمان و دەڤەری بازیان و سەرجەم ناوچەكانی هەولێر، كەركوك، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، كۆیە، ڕاپەڕین و ناوچەكانی تری كوردستان ئەو ڕاستییە باش دەزانێت كە ئێمە نه ‌دوژمنمان هەیە و هەبووە، نە كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و حیزبایەتی و قەرزاری و زەویوزار، تەنانەت دڵی دراوسێیەكیشمان لێ نەڕەنجاوە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی و گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكی دادگایی، زۆر حەقیقەتمان بۆ ئاشكرا بووە كە نامانەوێ جارێ باسیان بكەین، هەموو وردەكاری و بەڵگەنامەكان ئەوەیان سەلماندووە كە ئاشكراكردنی بكوژی باوكمان كارێكی هێندە قورس نییە، بەڵام ئاسایش بۆچی ئاشكرای ناكات و مەبەستی چییە لەو كارە؟ دەیەوێت چی پلانێكی پشتەوەی ئەو كارە تیرۆریستییە بشارێتەوە؟ دوای ساڵێك و زیاتر لە نۆ مانگ تا كەی‌ چاوەڕێی ئاشكراكردنی بكوژی باوكمان بكەین؟ لەكاتێكدا دڵنیاین بەرپرسانی ئەمنی سلێمانی باش دەزانن ئەمە تاوانێكی زۆر قێزەون و مافیایی و بگرە تیرۆریستییە دەرهەق بە باوكمان كراوە، ئێمەش پەنامان بردۆتە بەر یاسا و دەزگا ئەمنییەكان بۆ ئەوەی تاوانباران و تیرۆریستانی ئەو كارە ئاشكرا بكەن، بەڵام كاتێك بەڵگەكان دەدوێن، ئیدی بۆ بەرپرسان تا ئێستا دەمیان دادەخەن و نایانەوێ كەیسەكە بۆ دادگا ئاشكرا بكەن؟ ئێوە بەرپرسی دەڤەرەكەن و خاوەنی دەسەڵات و دەزگاكانی ئەم ناوچەیەن، دەمانە‌وێت لەلایەن خودی خۆتانەوە بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكەن و هێمەتی ئەوە بكەن ئەم كەیسە چیتر لە تاریكییدا نەمێنیتەوە، دڵنیاین ئێوە دەتوانن بە یەك ڕۆژ هەموو پەردەكان لەسەر ئەو ڕووداوە لابدەن، ئومێدیشمان هەیە ئەو كارەمان بۆ بكەن و مافی زەوتكراومان بۆ بگێڕنەوە و بكوژی باوكمان بۆ دادگا ئاشكرا بكەن و بیدەنە دەستی دادگا و یاسا، تەمەننا دەكەین هەوڵی خۆتان بدەن، داواتان لێ دەكەین ئێوە تەداخولی ڕاستەوخۆ لەو كەیسەدا بكەن و بۆ ئێمە یاسا سەروەر بكەن و ڕۆڵی پاڕێزەرێكی دادپەروەر بگێڕن، ئێمە تا ئێستا چاوەڕوانی ئەوەتان لێ دەكەین، هیوامان وایە ئێوەش وەكو ئەو بەرپرسە ئەمنی و یاساییانەی دەڤەرەكە و پەیوەندیدار بەم كەیسە كە چووینەتە لایان و له ‌ڕووداوەكە ئاگادارن، بێ ئومێدمان نەكەن.... چاوەڕوانی هەوڵەكانتان دەبین بۆ ئەوەی ناچار نەبین خۆمان ڕێگەی دیكە بگرینەبەر.

گۆران كوێخا بەكر
لەبری بنەماڵەی كوێخا بەكر


‌‌‌
4/8/2018 3:49:00 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ