هەواڵ

لیستی ھاوبەشی مامۆستایان ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە


بزاڤـ: ژووری ھەواڵ

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەكی بۆ بزاڤ نێندراوە لیستی ھاوبەشی مامۆستایان کەلە مامۆستایانی (  گۆران- یەکگرتوو- – کۆمەڵ- سەربەخۆکان) پێکھاتووە ڕایانگەیاندووە: خۆمان و ھەموو لایەک بەسەرکەوتوو ئەزانین بەوەی کە بەرھەمی ناڕەزایەتیەکان بەفیڕۆ نەچوو ..، توانرا ناڕەزایەتیەکان سنوری ترس و تۆقاندن تێک بشکێنێت و لەسنورێکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت.

دەقی راگەیەنراوەکە:

ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی ، لە لیستی ھاوبەش لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..
سوپـــــــــــاس و پێزانین:
مامۆستایان ، سەرجەم چین وتوێژەکان ، ھاوڵاتیانی بەھەڵوێست..، دوابەداوای ڕاگەیەندراوی ٢٤/٣ ی مامۆستایانی ھاوبەش بە پشتگیری و بەشداریکردنی بەرچاو لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و بە دەنگەوە ھاتنی پەیامەکەمان دژی ناعەدالەتی و تاڵانی کەحکومەتی ھەرێم دەرھەق بە موچەخۆران کردویەتی و بەردەوامە..، خۆمان و ھەموو لایەک بەسەرکەوتوو ئەزانین بەوەی کە بەرھەمی ناڕەزایەتیەکان بەفیڕۆ نەچوو ..، توانرا  ناڕەزایەتیەکان سنوری ترس و تۆقاندن تێک بشکێنێت و لەسنورێکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت ،ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەبوو کە ناڕەزایی و خەم و ئازارەکانمان لەھەرشوێنێکی ھەرێم بێت دەرئەنجامی کارە ئابروبەرەکانی دەسەڵات و سیاسەتی حکومەتێکی شکستخواردوە..، پێداچونەوەو لابردنی بەشێکی پاشەکەوتی زۆرملێ دەرئەنجامی ھەڵوێستی ئازایانەی شەقام  و  ترسی دەسەڵات بوو لەتوڕەیی مامۆستایان و سەرجەم توێژەکان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان .، وێڕای بەردەوامی و کۆڵنەدانمان لەخەباتی مەدەنی تا تەواوی پاشەکەوتی سەپێنراو ھەڵدەگیرێت ، ئەوا بەردەوام دەبین لەفشارەکانمان بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی ساڵانی ڕابردوو، جەخت کردن لەوەی کە ناوەستین و بەردەوام ئەبین بۆ بەدەستھێنانی تەواوی مافەکانمان ...بۆیە بەپێویستی ئەزانین سوپاس و پێزانیمان ھەبێت بۆ :ـ
١- سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و ھاوڵاتیان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان لە ھەولێر و دھۆک ، سلێمانی و کۆیە و گەرمیان ، ڕاپەڕین و ھەڵەبجە و ھەرشوێنێکی تر کە ئەم غەدرەیان قبوڵنەکرد.
٢ـ سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگاکان ، پزیشکان و تەندروستکاران ، بۆ سەرجەم فەرمانگەکان و چالاکوان و خوێندکاران و ھاوڵاتیان کەڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبوو  لەسەرخستنی ناڕەزایەتیەکان.
٣ـ دەستخۆشیمان بۆ مامۆستایانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی تری کوردستان کەشانبەشانی ئێمە ھەڵوێستیان ھەبوو
٤ـ سوپاسی ھێزەکانی چالاکی مەدەنی و سەرجەم ئەو ھێزە ئەمنیانە ئەکەین کەھەڵویستیان بەرامبەر خۆپیشاندەران ھەڵوێستێکی نیشتیمانیانە بوو ، پێچەوانەی ھەندێ ھێز و بەڵتەجی کە نائەخلاقیانە ڕەفتاریان کرد.
٥ـ سوپاسمان بۆ ئەو کەسایەتی و پێشمەرگەی دێرین و پەرلەمانتارانەی پشتیوانمان بوون لە ساتەوەختی ناڕەزایەتیەکان
٦ـ پێزانیمان بۆدادوەران و پارێزەران و ھەرھێزێکی سیاسی و دەستە و گروپێک کە لەگەڵ خەمەکان و داواکانی ئێمەدا بوون..
٧ـ دەستخۆشیمان بۆ ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن کەپیشەییانە ڕوداوەکانیان ئەگواستەوە دوور لەچەواشەکاری پێچەوانەی بەشێک لەڕاگەیاندنەکان کاریان لێدان بوو  لە دەنگی ناڕەزایەتیەکان.
٨ـ سوپاسی زۆرمان بۆ ژنان و خانمان و کچان کە پێشەنگ بوون  لە  خۆپیشاندانەکان، تاڕادەی وەک شۆڕشی ژنان ناویان لێنرا کەدەرئەنجامی ئازایەتی ئەو شێرەژنانە بوو کەناھەقیان قبوڵنەدەکرد
لەکۆتاییدا بەھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە پشومان درێژە و بەردەوام ئەبین لەخەباتی مەدەنی ..، ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی ناعەدالەتی لەکوێ بێ ئێمەش لەوێ ئەبین ، پێداگری تەواو ئەکەین لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان ، دژی ھەموو سزادانێکی مامۆستایان ئەوەستینەوە کەلەبەرامبەر ھەڵوێستی ئازایانەیاندا بدرێن.. پێمان وایە ھەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان بەشێکی گرنگی خەباتی مەدەنیە ،بۆیە داواکارین لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران لەھەڵبژاردنەکانی داھاتودا  تۆڵەی ئەم دۆخە ناھەموارە لەوھێزە سیاسیانە بکەنەوە کەھۆکاری شکستەکانن.. بەڵێن ئەدەین پشتیوان بەخوا  ماندونەبین لەگەیاندن و بەدیکۆمێنت کرنی سەرجەم گرتە ڤیدۆیی و وێنە و پێشێلکارییەکان کە دەرھەق بە خۆپیشاندەران کرا لەلایەن دەسەڵات و ھێزەکانی حیزب ، سەرجەمیان دەگەیەنینە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێوەندە جیھانیەکان تا ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە ئاشکرابکەین..
سەرکەوتوبێت ئیرادەی بەرزی مامۆستاو فەرمانبەران ...شکست بۆ دەسەڵاتێک کە بێباک و خوڵقێنەری قەیرانەکانە..

لیستی ھاوبەشی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
* مامۆستایانی سەردەم(گۆڕان)
*مامۆستایانی یەکگرتوو
*مامۆستایانی پێشەنگ (کۆمەڵ)
*مامۆستایانی سەربەخۆ 


‌‌‌
4/5/2018 10:18:44 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ