هەواڵ

"لەھەرێمی کوردستان ھیچ مرۆڤێک لەماف وشکۆی خۆی دڵنیانییە"


بزاڤـ:

تۆڕی ڕێکخراوەکانی ھەڵەبجە ودەستەی چاودێری پارێزگای ھەڵەبجە لەبارەی ڕێگرکردن لەپەرلەمانتارێک بۆ چونە ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوەو ڕایدەگەیەنن، لەم سنورە جوگرافییەی ناوی لێنراوە ھەرێمی کوردستان ھیچ مرۆڤێک لەماف وشکۆی خۆی دڵنیانییە


لەبەیاننامەکەیاندا کە کۆپیەکی بۆ بزاڤـ نرێردراوە ھاتوە،"بەداخەوەین کە لەم سنورە جوگرافییەی ناوی لێنراوە ھەرێمی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەکانی قوڵتر و فراوانتر ئەبن و لەھەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە بەردەوام مافی مرۆڤ لەپاشەکشەیەکی بەرچاودایە و پێشێلکارییەکان لەپەرەسەندندان, بەجۆرێک کە ھیچ مرۆڤێک لە ماف و شکۆی خۆی دڵنیانییە بە پەرلەمانتارانیشەوە"

ھەرلەو بەیاننامەیەداھاتووە،" ھیچ خیانەتێک سزای نییە بە فرۆشتنی خوێن و خاک و تاڵانی سامانی ئێستا و ئایندەی میللەتیشەوە ، دوایین پێشێلکارییش لە پەنای ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی ھەرێمەوە، ڕێگرتنە لە پەرلەمانتار "سالار مەحمود " لە کاتێگدا ئەندامبووە لە وەفدی پەرلەمانی کوردستان بۆ گەیاندنی پەیام و ھاوکاری ھەریم  بۆ کانتۆنی عەفرین".

ئەوان پێیان وایە، ئەو ڕێگرتنە بە بێ ھیچ پاساو و ھۆکارێکی یاسایی بووە و لەلایەن گروپێکی بێ باک و سەرەڕۆوە بووە و کارەکەشیان بۆ چووەتە سەر .

سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی،  یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکەی پەرلەمانی ھەرێم بۆ ڕۆژئاوا کەھاوکاری و پێداویستی پزیشکیان پێبووە، ڕۆژی ١٠-٢-٢٠١٨  لە دەروازەی سێمێلکا  ڕێگایان پێنەدا بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان.


تۆڕی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە و دەستەی چاودێری پارێزگای ھەڵەبجە بێئەوێدبوونی خۆیان لەدەستەڵاتی دادوەری نەشاردەوە وڕایدەگەیەنن،"بەتوندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو کارەنایاسایی و پێشێلکاریەی مافی مرۆڤ ئەکەین و بێ ئومێد بوونی خۆمان لە دەسەڵاتی دادوەری و ناوەندە بەرپرسەکانی  ئەم ھەرێمە دووپاتدەکەینەوە ، بەجۆرێک ئێستا ھیچ دەزگا و دەسەڵاتێک شک نابەین کە داوای بەدواداچوونی ئەم کەیسە و سزادانی سەرپێچی کارانی ئاراستە بکەین".

ئەوان ھۆکاری ئەم دۆخە ئاشکرادەکەن و دەڵێن،"ئەو راستیەش دووپات دەکەینەوە کە بێدەنگی خەڵک ھۆکاری ئەم ھەموو بێحورمەتییەیە کە بەھاونیشتیمانیان و دەنگە ئازا و ئازادەکان ئەکرێت".

لەکۆتای بەیاننامەکەدا داوا لەھاوڵاتیان دەکەن بێدەنگ نەبن ودەڵێن،"لێرەوە تەنھا داوا لە ھاوڵاتیان ئەکەین ئیدی بێ دەنگ نەبن و  بە ھەرجۆرێکی مەدەنی پێیان ئەکرێ ئەمانە بە سزای ڕەوای خۆیان بگەیەنن و ھەڵبژاردنەکانیش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە".


‌‌‌
2/12/2018 8:17:20 AM
Print Friendly and PDF