وەرزش

مینا دەناسن، یان دەزانن بۆچی بەرشە کڕیویەتی؟


بزاڤـ :
شرۆڤەکاری وەرزشی : ھەوراز کاوە


پێم وایە یانەی بەرشەلۆنە لە ھێنانی بەرگریکار مینای کۆڵۆمبی ھەڵەیە نەکردووە، کاتێک تەماشای گرێبەستەکەی ئەم یاریزانە (٢٣) ساڵە دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت ھێنانی ئەم ستارە لاتینییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو لە یانەی پالمێراسی بەڕازیلییەوە خۆی لە خۆیدا پەردە پۆشکردنی جێگاکەی ماسکرانۆ و خوێنی تازەیە بۆ بەرگی بلوگرانە. یارا مینا تاکە ئەستێرەی کیشوەری لاتینە کە زۆر بەوردی بەشداری لە تۆپە بە کۆمەڵەکانی بەرگری دەکات، ھەروەھا باڵای (١،٩٥) سم کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە لێدانی گۆڵکردن بەسەر بەھرەی زۆر ھەیە. مینا نایابە کە لایەنی بیر و ھۆشی بەرزە لە یاریگادا، بێجگە لەوە توانایەکی تەکنیکی گەورەی ھەیە، کە ھەمیشە بەوە ناسراوە ڕێگا بە ڕەکەبەرەکانی نادات بێنە سەر گۆڵچی تیپەکەی، یان بەخێری بەرپەرچیاندەداتەوە، ئەمەیانی لە وڵاتی بەرازیل بە سەرکەوتووی تێیپەڕاند. مینا لەگەڵ ئەوەی تەمەنی ھێشتا بچوکە و کامڵ نییە بە تەنیا بەرگری لە یانەی بەرشەلۆنە بکات، بەڵام کاتێک تەماشای یارییەکانی دەکەیتەوە، ھەست ناکەی ئەمە ئەو کەسەیە بەو کەمی تەمەنەوە ئەوەندە لێھاتووبێت بەرامبەر بە ھێرشبەران، یاخود بەلاتەوە سەیرە ئەم ستارە چەندە لێوەشاوانە ئەو تۆپەی دەخرێتە سەر گۆڵی تیپەکەی بە ئاستی دەیخاتەوە دەرەوەی ناوچەی سزا. ھەندێک بەرگریکار ناو بانگی باش و یانەی گەورەیان ھەیە، کە تێدا یاریی دەکەن، بەڵام زۆربەی جار بەھۆی ھەڵچوون و پەستانی یارییەکان تووشی چەندین گرفتی ھونەری دەبن، بەڵام لە ھەمووی خراپتر تەرککردن و دەرکردنیانە لە یارییەکاندا، نموونەی : (ڕامۆس و پیپی)...ھتد، کەچی بە پێچەوانەوە یارا مینا لە ماوەی 

چوار ساڵی پێشووی یاریکردنیدا تەنیا یەک کارتی سووری وەرگرتووە، کە بە بۆچوونی من:
"ئەوەش بۆ دڵ فراوانی و لێبوردەی ئەو یاریزانە لەکاتی یارییەکاندا دەگەڕێتەوە، یاخود سەلیقەی یاریکردنی لەگەڵ ھێرشبەرەکان بەجۆرێکە تەنیا دەیەوێت لەو گۆشەیەدا تۆپەکە دەستبخات، نەک ھەوڵی ئەوەبدات ژمارەی زیان و پەستانەکان لەسەر تیپەکی زیاد بکات".
بەوەش دەتوانم بڵێم:

"ئێستا یانەی بلوگرانە بۆتە خاوەنی ستارێک، کە لەگەڵ ساتیلی یاریکردنی تیپەکەدا گونجاوە، چونکە ئەوان کەسێکیان دەوێت لە ھەموو یارییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی لە بەرگریدا ھەبێت، بەبێ ئەوەی فۆکسی زۆر بخرێتە سەر".

مینا سەرەتا وەکو گۆڵپارێز دەستی بە یاریکردنکرد، کە زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی گۆڵچی بوونە، بەڵام ئەو نەریتی خێزانەکەی شکاندو ھێڵی بەرگری ھەڵبژارد، کەبووە یاریزانی دڵی بەرگری و چەند مەترێک لە گۆڵەکە ھاتەدەرەوە، بۆیە ئەو ئێستا دوای گەیشتنی بۆ ئیسپانیا، بووە دەیەم یاریزانی کۆڵۆمبی یاریی لە خولی ئیسپانی بکات نموونەی:( باکا،خوانیتۆ،مۆریل، تۆرێس،جیفرسۆن،جیسۆن موریۆ) لەگەڵ سیانەی یانەی جیرۆنا (مۆییکا،مۆرینۆ،ئەسبینۆزا).

‌‌‌
2/8/2018 11:40:14 PM
Print Friendly and PDF