راپۆرت

ئارام قادر سیاسییە نەرم بڕەکەی تەنیشتی بەرھەم ساڵح


ئارام قادر، سیاسییە نەرم بڕەکەی تەنیشتی بەرھەم ساڵح

بزاڤ پرێس/ سالار مەحمود
 
لە بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی دا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن بوو، لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیش بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنبوو، کاتێکیش لەگەڵ عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامییان دروستکرد، دیسان بوویەوە بە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەم حیزبەو ئێستاش لەناو قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری، بەرپرسی دامەزراوەی بەڕێوەبەری دەڤەرەکانە، کە ھەمان ڕۆڵی مەکتەبی ڕێکخستن دەبینێت.


ئەوانەی دەیناسن‌و کاریان لەگەڵدا کردووە بە پیاوی ڕێکخستن‌و دیسپلین‌و پیاوی کۆبوونەوەکان ناوی دەبەن.


ئارام قادر، ساڵی ١٩٦٥ لە تەوێڵە لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لە ھەڵەبجە تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٨٦ لە زانکۆی موسڵ لە کۆلێژی زانست، بەشی بایەلۆجی وەردەگیرێت، بەھۆی ئەوەی لەو ساڵەدا ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمین ئاشکرادەبن، واز لە زانکۆ دێنێت‌و ساڵی دواتریش دەچێتە ئێران.


ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی بەدەستھێناوەو ماستەریشی لە زانستی سیاسیدا لە بەریتانیا خوێندووە.


لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، لە ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمن، لە باڵ‌و ڕێکخستنەکەی مەلا سدیق عەبدولعەزیزەوە دێتە ناو کاری سیاسییەوە.
ساڵی ١٩٨٦، ئەو کاتەی کە ئارام قادر لە زانکۆی موسڵ وەردەگیرێت، ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمن لە عێراق‌و کوردستان ئاشکرا دەبن، لەترسی ڕژێمی بەعس زانکۆ جێدەھێڵێت‌و پاش ماوەیەک خۆ حەشاردان لەھەڵەبجەو شارەزوور، دەڕوات بۆ ئێران‌و لەساڵی ١٩٨٨یش بەمەبەستی کاری ڕێکخستن و گرێدانەوەی دووبارەی ڕێکخستن لەگەڵ چەند کەسێکی تردا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستانی عێراق.


ھەرچەندە ئەو لە یەکەمینەکانی ڕێکخستنەکەی باڵی مەلا سدیق عەبدولعەزیز نابێت، "ئەو باڵ‌و ڕێکخستنەی کە تا ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان، خەتی دووی ئیخوانیان پێدەوترا"، بەڵام لە پاش ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١و بەتایبەتی تر دوای ئەوەی کە ھەریەکە لە " مەولود باوەمرادو محەمەد ڕەووف‌و مەلا ئەحمەدی شافیعی" خەتی دووی ئیخوان‌و مەلا سدیق جێدەھێڵن‌و دەچنە لای سەلاحەدین بەھادین‌و خەتی یەکی ئیخوان، "کە پاشتر لە ٦-٢- ١٩٩٤دا یەکگرتووی ئیسلامییان ڕاگەیاند"، ئیدی ڕێگا بۆ ئارام قادر چۆڵ دەبێت کە وەک کارەکتەری سەرەکی، باڵەکەی مەلا سدیق دەربکەوێت‌و کۆنترۆڵی ئەو باڵە بکات.



،،
دوای ئەوەی کە ھەریەکە لە " مەولود باوەمرادو محەمەد ڕەووف‌و مەلا ئەحمەدی شافیعی" خەتی دووی ئیخوان‌و مەلا سدیق جێدەھێڵن‌و دەچنە لای سەلاحەدین بەھادین‌و خەتی یەکی ئیخوان، ڕێگا بۆ ئارام قادر چۆڵ دەبێت کە وەک کارەکتەری سەرەکی، باڵەکەی مەلا سدیق دەربکەوێت‌و کۆنترۆڵی ئەو باڵە بکات.


ئارام قادرو بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی
خەتی دووی ئیخوان بەسەرکردایەتی مەلا سدیق عەبدولعەزیز، کە لەململانێیەکی توندا بوون لەگەڵ خەتی یەکی ئیخوان بەسەرکردایەتی سەلاحەدین بەھادین، ئەوان کێشەی ڕابەرایەتیکردنی ئیخوانیان ھەبوو، پاش بە بنبەست گەشتنی ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنیان لە کۆتایی ساڵانی ھەشتاکاندا، دواجار مەلا سدیق‌و باڵەکەی لە ساڵی ١٩٩٢دا حیزبێکیان بەناوی " بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی- نەھزە" ڕاگەیاند.


مەلا سدیق، ڕابەری بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی بوو، ئارام قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەو حیزبە بوو، ھەرچەندە کەسی یەکەم نەبوو، بەڵام ئەوانەی لەو حیزبەدا کاریان لەگەڵدا کردووە، دەڵێن ئارام قادر کۆنترۆڵی بزوتنەوەی ڕاپەڕینی کردووەو ئەو حیزبەکەی ئاڕاستە کردووەو مەلا سدیق تەنھا واجیھەی حیزب بووە.


لەگشت ئەو سەفەرانەی کە مەلا سدیق وەکو ڕابەری بزوتنەوەی ڕاپەڕین بۆ دەرەوەی ولات ئەنجامیداوە، ھەمیشە ئارام قادری لەگەڵدا بووەو ھیچ سەفەرێکی بۆ دەرەوە بە بێ ئەو ئەنجام نەداوە.


دەڵێن لە ساڵی ١٩٩٦، لەگەڵ سدیق عەبدولعەزیزدا دەچن بۆ سعودیە بۆ کۆمەک پەیداکردن بۆ بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، لەوێ ھێندە مەوعیدی کۆبوونەوە بۆ مەلا سدیق دەسازێنێ، کە ھاتوونەتەوە مەلا سدیق وتوویەتی ئەم کاک ئارامە پیاو سلاک دەکات ئەوەندە کاری بۆ دەدۆزێتەوە.

ئارام قادرو بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی
لە ساڵی ١٩٩٩ ھەردوو بزوتنەوەی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی کە ھەردوو برا مەلا عەلی عەبدولعەزیزو مەلا سدیق عەبدولعەزیز ڕابەرایەتییان دەکردن یەکیان گرت‌و " بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی"یان ڕاگەیاند.


ئارام قادر لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیش ھەمان ئەو ئیشەی گرتەوە دەست کەپێی ناسراوەو، بوویە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن.


تەمەنی بزوتنەوەی یەکبوون کەمتر لە ساڵێکی خایاندو پاش ساڵێک لە یەکگرتنیان‌و لە کۆنگرەی تەوێڵەدا، بورکانی ناکۆکییەکان تەقینەوەو کۆنگرە ئاگری بەردایە یەکگرتنە لەرزۆکەکەی ھەر دوو حیزبی دوو براکە.


ئارام قادر لەگەڵ کامیلی حاجی عەلی دا، سەرپەرشتیاری کۆنگرەی یەکەمی بزوتنەوەی یەکبوون بوون کە بە کۆنگرەی تەوێڵە ناسراوەو لە کۆنگرەکەشدا بە ڕێکەوتنیان لەگەڵ عەلی باپیردا توانییان باڵی مەلا عەلی عەبدولعەزیزو مەلاکان بخەن‌و زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەست بێنن.



،،
ئارام قادر لەگەڵ کامیلی حاجی عەلی دا، سەرپەرشتیاری کۆنگرەی یەکەمی بزوتنەوەی یەکبوون بوون کە بە کۆنگرەی تەوێڵە ناسراوەو لە کۆنگرەکەشدا بە ڕێکەوتنیان لەگەڵ عەلی باپیردا توانییان باڵی مەلا عەلی عەبدولعەزیزو مەلاکان بخەن‌و زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەست بێنن.


ئارام قادرو کۆمەڵی ئیسلامی
ڕۆڵی ئارام قادر لە دروستکردنی کۆمەڵی ئیسلامیدا کە پاش ساڵێک لە ھەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی یەکبوون ڕایان گەیاند، لە ڕۆڵی عەلی باپیر کەمتر نییەو زۆریشن ئەوانەی دەڵێن ڕۆڵ‌و کاریگەری ئەم لە دروستبوونی کۆمەڵی ئیسلامی دا زۆرتر بووە.


کاتێک بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی ھەڵوەشایەوە، ھەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی پێشووی بزوتنەوەی ڕاپەڕین، جگە لە دوو زاواکەی مەلا سدیق " ئیکرام کەریم‌و عومەر باڵابەرز" ھەموویان لەگەڵ عەلی باپیرو ئارام قادردا ھاتنە ناو کۆمەڵی ئیسلامییەوەو، دەشگوترێت ئەمە لە ژێر کاریگەری ئارام قادردا بووە.


ئارام قادر لە کۆمەڵی ئیسلامیدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن بوو، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانیشدا سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بوو.


لەپاش چەند ساڵێک ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو باڵی بزوتنەوە کۆنەکان‌و باڵی نەھزەکان لەناو کۆمەڵدا وەدیار کەوتن‌و ئارام قادر وەکو ڕێبەری باڵی نەھزەکان وێنا کرا.


لە کۆنگرەی سێھەمی کۆمەڵی ئیسلامییەوە ئارام‌و ھاوڕێکانی بەتەواوی گوزارشتیان لە خۆیان کرد، کاتێک کە بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵ‌و نزیک لە ئارام بایکۆتی کۆنگرەیان کردو بەشێکیشیان خۆیان بۆ سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی نەپاڵاوتەوە.


ئارام قادر لەو کارەکتەرە ئیسلامییانەیە کە لەگەڵ جیاکردنەوەی بانگەوازو سیاسەتدایە لەناو حیزبە ئیسلامییەکانداو ئەمەش بەشێک بووە لەناکۆکییەکانی ئەو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامیدا کە ئەو بەسەلەفی مەشرەب ناویان دێنێت.


گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای کۆمەڵی ئیسلامی لە سپییەوە بۆ پرتەقاڵی، بیرۆکەی ئارام قادر بووەو پاش مشتومڕێکی زۆر ئەوجار لە دوا کۆنگرەی ئەو حیزبەدا ئەو بڕیارە پەسەند کراوەو دواتریش لەلایەن ئەوانەوە کە نەیاری ئەم گۆڕانکارییە بوون، بە ئاڵا نوێیەکەی کۆمەڵی ئیسلامییان وتووە ئاڵاکەی ئارام قادر.



،،
گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای کۆمەڵی ئیسلامی لە سپییەوە بۆ پرتەقاڵی، بیرۆکەی ئارام قادر بووەو پاش مشتومڕێکی زۆر ئەوجار لە دوا کۆنگرەی ئەو حیزبەدا ئەو بڕیارە پەسەند کراوەو دواتریش لەلایەن ئەوانەوە کە نەیاری ئەم گۆڕانکارییە بوون، بە ئاڵا نوێیەکەی کۆمەڵی ئیسلامییان وتووە ئاڵاکەی ئارام قادر.





ئارام قادر لە قەوارەکەی بەرھەم ساڵح دا
لەپاش ھاتنە دەرەوەی لە کۆمەڵی ئیسلامی‌و تا ئەو کاتەی کە ئارام قادر وەکو یەکێک لەکارەکتەرە دیارەکانی قەوارەکەی دکتۆر بەرھەم ساڵح دەرکەوت، بە چەند شێوازێک ھەوڵی دروستکردنی جوڵانەوەیەکی سیاسی دا، لەپاڵ دامەزراندنی " تۆڕی "لیدەر"دا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک کارەکتەری ئیسلامیدا ھەوڵی دروستکردنی حیزبێکی نیشتیمانی پاشخان ئیسلامییان داو پرۆژەیەکیشیان بەناوی " دیدگایەکی نوێ بۆ کاری ئیسلامی لە کوردستان" بڵاو کردەوە.


ئەو ئێستا یەکێک لەکارەکتەرە سەرەکییەکانی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەرییەو بەرپرسی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەکانی قەوارەکەیەو ئەم دامەزراوەش ھەمان ڕۆڵی مەکتەبی ڕێکخستنی حیزبەکانی تر دەبینێت.


بەپێی زانیارییەکان ئارام قادر ڕۆڵی گەورەی بینیوە لەھێنانی " محەمەد ڕەوف" ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی‌و یەکێک لەو کەسانەی لە کۆتا کۆنگرەی یەکگرتوودا بۆ رکابەری سەلاحەدین بەھادین بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو خۆی پاڵاوت و لەخولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە شکستی ھێنا.

،،
ھەرچەندە ئەوانەی سەرسامن پێی، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو حەزی لە پۆست‌و ئیمتیازات نییە، بەڵام نەیارەکانی ئەو، ئارام قادر بە کارەکتەرێکی سیاسی کوتلە بازو دەستگەر ناو دەبەن‌و ڕۆڵی ئەویش لە ھەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی یەکبوون‌و ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی بەنموونە دێننەوە.


سیاسییەکی نەرمبڕو پیاوی کۆبوونەوە بەردەوامەکانە
لەگەڵ ئەوەی کە کارەکتەرێکی سیاسی کاریگەرەو ڕۆڵی لە ئاڕاستەکردن‌و گۆڕانکاری ناو ئەو حیزب‌و ھێزەدا ھەیە کە کاری تێدا دەکات، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر ئەو سیاسیەکی نادیار و گومناوە.


زۆرکەس ئەمە بۆ سروشتی تایبەتی خۆی دەگێڕنەوە کە زۆرتر حەزی بەکاری ڕێکخستن‌و کۆبوونەوەیەو زۆریشن ئەوانەی پێیانوایە کە ئەو لە دەربڕین‌و گوزارشتکردنی دونیابینییەکەیدا لاوازەو ئەوەش ھۆکاری کەم دەرکەوتنیەتی لە میدیاکانەوە.


ئەو پێشتر لەناو ئەو ھێزە سیاسییە ئیسلامییانەدا کە کاری کردووە، بەردەوام سەرگەرمی کردنەوەی خولی پێگەیاندن‌و کۆڕو کۆبووەنەوەو نوسینی کتێب‌و نامیلکەی تایبەت بە ڕێکخستنی حیزب بووە.

ئەوانەی کە کاری سیاسییان لەگەڵدا کردووە باسلەوە دەکەن کە ئەو کەسێکی پشوو درێژەو ماندووبوون ناناسێت‌و بەردەوام سەرقاڵی کۆبوونەوەیە.


ئەوان دەڵێن لەگەڵ ھەرکەسێکدا کار بکات بەتەواوی ماندوی دەکات‌و لەھەر جێگەیەکیشدا کار بکات بوونی خۆی دەسەلمێنێت‌و سێبەری خۆی دیاریدەکات.


نزیکەکانی ئەو دەڵێن لێبوردنی کەمەو لە نەکردنی ئیشێکی تایبەت بەحیزبدا بەکەمی پاساو وەردەگرێت‌و لەو بارەیەشەوە دەربارەی ئەو دەڵێن:" ئارام قادر وەکو کارەبا وایە، ساردو گەرمی پێکەوە قبوڵ نییەو شۆرت دەکات".


دەگوترێت یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی ئەوەیە کە کار دروست دەکات‌و دواتر بەجێی دەھێڵێت، وەک بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی یەکبوون‌و کۆمەڵی ئیسلامی" کە ڕۆڵی سەرەکی لە دروستکردنی ھەرسێکیاندا ھەبووەو دواتریش بەجێی ھێشتوون.


ھەرچەندە ئەوانەی سەرسامن پێی، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو حەزی لە پۆست‌و ئیمتیازات نییە، بەڵام نەیارەکانی ئەو، ئارام قادر بە کارەکتەرێکی سیاسی کوتلە بازو دەستگەر ناو دەبەن و ڕۆڵی ئەویش لە ھەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی یەکبوون و ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی بەنموونە دێننەوە.


پێشیانوایە بوونی ئەو بەھەمیشەیی لە مەکتەب‌و دەزگای ڕێکخستنی حیزبدا، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەردەوام ویستوویەتی سێبەری خۆی بەسەر ئەو حیزبەدا بسەپێنێت‌و کۆنترۆڵ‌و ئاڕاستەی بکات.

سەرچاوە/دیپلۆماتیک مەگەزین


‌‌‌
2/7/2018 7:55:57 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ