راپۆرت

بۆچی شەھید ئارام ناکۆک بوو لەگەڵ گروپی زیندانی کۆمەڵەدا؟




بزاڤ پرێس/سالار مەحمود

ئارام، سەرکردە تەنیاکەی کۆمەڵە  
 
پاش نیوەڕۆی ٣١/١/١٩٧٨یەکێک لەئافرەتەکانی ئەو ماڵەی کە شەھید ئارام لەگوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ لەماڵیان میوان دەبێت، ئارام ئاگادار دەکاتەوەو پێیدەڵێت ژمارەیەکی زۆری چەکدار لەخواروی گوندەکەوەن، لەبەر ئەوەی کە جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە ئافرەتەکە نازانێت پێشمەرگەن یاخود جاش، پاش ئەوەی ئارام بە دوربینەکەی سەیریان دەکات بۆیدەردەکەوێت کە ئەو چەکدارانە جاشن.




بۆ رزگاربوون لەدەستی جاشەکان ئارام بەرەو سەرووی گوندەکە ماڵەکە جێدەھێلێت‌و لەدواوە یەکێک لەجاشەکان تەقەی لێدەکات‌و شەھیدی دەکات، جاشەکان نازانن کە ئارامی ڕێبەری کۆمەڵەی رەنجدەرانیان شەھید کردووە.

بەپێی ناوەرۆکی نامەیەکی فوئاد مەعسووم کە ١١/٢/ ١٩٧٨ بۆ دکتۆر کەمال فوادی ناردووەو لەپەراوێزدا باسی شەھید ئارامی بۆ کردووە، فوئاد مەعسووم نووسیوویەتی لەبەر ئەوەی شەھید ئارام ھەویەی مزەوەری پێبووە جاشەکان‌و حکومەتیش نەیانزانیوە کە ئەوە شەھید ئارامە.

،،
بە پێی گێرانەوەکانی مەلابەختیار،" شەھیدئارام، بوونی نەوشیروان مستەفای لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەدا، پێ گرنگ بوو، کاک ئارام ڕەفیقی کاک نەوشیروان بوو، بەڵام ئەیوت قەت قبووڵ ناکەم کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێری کۆمەڵە.


شاسوار جەلال ناسراو بە (ئارام)، ساڵی ١٩٤٧ لەگەڕەکی (حاجی حان) ی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە ‌شارۆچکەی ماوەت‌و چوارتا تەواوکردووەو، قۆناغی ئامادەیی لەسلێمانی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٦٤ لەبەشی میکانیک، کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەھۆی کەمی توانای بینای چاوەکانی، وەرگرتنەکەی رەتکراوەتەوەو بەناچاری چووەتە کۆلێژی بازرگانی‌و لەساڵی ١٩٦٩ - ١٩٧٠ تەواویکردووە.

ئەو ئەندامی چالاکی یەکێتی قوتابیان بووە، لەساڵی ١٩٧٤ وەک نوێنەری سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەشداری کۆنگرەی لاوانی جیھانی لەمۆسکۆ کردووە.

لەکۆنگرەی سەرتاسەری قوتابیانی عێراقدا لەساڵی ١٩٦٩، بەئاشکراو تەواوەتی رۆڵی کاریگەرو پێداگریی لەسەر خواست‌و ئاواتی قوتابیان دەرکەوت کە لەناو ھۆڵی کۆنگرەدا روو بەڕووی پیاوانی رژێم لە (یەکێتی نیشتمانی قوتابیانی عێراق) وەستایەوەو لەگەڵ ھاوڕێکانیدا لە (نوێنەرایەتی قوتابیانی کوردستان) کشانەوەو ھۆڵی کۆنگرەیان بەجێھێشت.

شەھید ئارام، رۆژنامەنووسێکی چالاک بووەو لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا چەندین بابەتی گرنگی لەڕۆژنامەی ھاوکاریی بڵاوکردووەتەوەو لەگەڵ لاپەڕەی " سیاسەتی دەرەوە"ی رۆژنامەی ھاوکاریی‌و دواتریش رۆژنامەی برایەتی لەکۆتایی ساڵی ١٩٧٣ و سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەگۆڕانکارییەکانی سیاسەتی جیھانی ئاشنابووە، لەو رووشەوە سەبارەت بەزۆربەی رووداو و بەسەرھاتەکانی ئەو رۆژگارە، وتارو شیکردنەوەی ھەبووەو رای خۆی دەربڕیووە. 
لەو سەردەمە دژوارەی کە سەرکردایەتی کۆمەڵە کەوتە بەر شاڵاوی رژێم‌و ھەندێکیان شەھیدکران‌و ھەندێکیش زیندانی کران، ئارام لەو بارودۆخە ناسکەدا کە کۆمەڵە زەبری کوشندەی بەرکەوت‌و بێ سەرکردە مایەوە، ئەو توانی شیرازەی رێکخستنەکان لەترازان بپارێزێت.



،،
بەوتەی ئارام بارزانی نەک ھەرلەگەڵ رەوتی شۆڕشی گەلاندا نەڕۆشتووە، بەڵکو شۆڕشی کوردی چەند ھەنگاوێک بەرەو دواوە ھێناوەو گەورەترین جەزرەبەی بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد گەیاندووە، کە سوڵتەی دیکتاتۆریانەی خۆی بەسەردا سەپاندو بزوتنەوەکەی خستە مستی دوو دوژمنی سەرسەختی کورد کە ئەوانیش ئێران‌و ئەمەریکا بوون.


ئارام‌و ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلوول
لەوتارێکیدا کە لەناوەراستی مانگی مارسی ساڵی ١٩٧٦دا نووسیویەتی‌و پاش دوو ساڵ بەسەر شەھیدبوونیدا بەناوی کۆمیتەی ھەرێمەکانەوە بڵاوکراوەتەوە. 
ئارام پێیوایە ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان ئێران‌و عێراق ھۆکاری سەرەکی رووخان‌و نسکۆی شۆرشی ئەیلوول نەبووە، لەوتارێکیدا کە پاش ساڵێک لەنسکۆ نووسیویەتی، دەڵێت:" ئەو ڕێکەوتنە تاکە ھۆکار یان ھۆکاری بنچینەیی ئاشبەتاڵ نەبوو، بەڵکو گەلێک ھۆکاری بنچینەیی‌و گرنگ پێش ئەو ڕێکەوتنە کەڵەکە بوو بوون‌و بزوتنەوەکە قاوغێکی بەتاڵ‌و زەبەلاحی مابووەو بۆ رووخانی تەنھا پاڵێکی وەکو رێکەوتنەکەی ئێران‌و عێراقی پێوویستبوو، چونکە ئەگەر وانەبێت چۆن بزووتنەوەیەکی زل، وا زوو بەئاسانی‌و دەست‌و برد و بێ قەیدو مەرج ئاشبەتاڵی لێدەکرێت".

بەوتەی ئارام بارزانی نەک ھەرلەگەڵ رەوتی شۆڕشی گەلاندا نەڕۆشتووە، بەڵکو شۆڕشی کوردی چەند ھەنگاوێک بەرەو دواوە ھێناوەو گەورەترین جەزرەبەی بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد گەیاندووە، کە سوڵتەی دیکتاتۆریانەی خۆی بەسەردا سەپاندو بزوتنەوەکەی خستە مستی دوو دوژمنی سەرسەختی کورد کە ئەوانیش ئێران‌و ئەمەریکا بوون.


ئارام لەو وتارەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بارزانی دەبوایە شۆڕشەکەی نەخستایەتە دەستی ئێران، ئەو پرسیوویەتی‌و نووسیوویەتی:" بارزانی بۆچی بەئاسانی خنکاندن‌و شەھید کردنی قازی محەمەدی بیرچووەوە، خۆ ھیچ نەبێت دەبوو فەرمانی خنکاندنەکەی خۆی بیر نەچووایەتەوە کە ئێران بۆی دەرکرد".

 

ئارام پێیوابووە کە نابێت کۆمەڵە لەناو یەکێتیدا بتوێتەوە
شەھید ئارام پێیوابووە کە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ چینی بۆرجوازی کوردستاندا بکرێت‌و حسابی تایبەتیان بۆ بکرێت‌و بڕوایشیوابووە کە نابێت بەرپرسیارێتیان بدرێتێ لەشۆڕشی نوێدا، چونکە بەبڕوای ئەو، ئەوان خۆیان دەخزێننە ناو سەرکردایەتی شۆڕشە نوێیەکەوەو شۆڕش تووشی لە ڕێلادان دەکەن‌و بەرەو ھەڵدێریشی دەبەن.


ئارام بڕوای وابووەو بەردەوامیش ئەوەی دووپات دەکردەوە کە پێوویستە لەناو نیمچە بەرەی یەکێتیدا، دەبێت " کۆمەڵەی ڕەنجدەران" سەربەخۆیی ئایدۆلۆژیی‌و رێکخستن‌و بیرورای پارێزراوبێت‌و نابێت ئایدۆلۆژیای کۆمەڵە لە بۆتەی یەکێتیدا بپوکێتەوە، یان لاواز ببێت.


بەوتەی مەلا بەختیار، شەھیدئارام، ئەگەرچی کارێکی ئێجگار زۆری بۆ دامەزراندن‌و گەشەپێدانی "ی ن ک" کردووەو لە مامجەلایشی، وەکوو ڕێبەرێکی گەورەی بزووتنەوەی نیشتمانی ڕوانیوە، دیسان ھەرگیز ئامادە نەبووە، دەست لە سەربەخۆیی کۆمەڵە ھەڵبگرێت، واتە تواندنەوەی کۆمەڵە لە بۆتەی یەکێتیی نیشتمانیدا، ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا، پاشی ١٠ ساڵ لە شەھیدبوونی ئارام‌و لە کۆنگرەی یەکی یەکییەتیدا، ئەنجامی دەدات.

 

شەھید ئارام‌و بیری عێراقچێتی لەناو کۆمەڵەدا
بەوتەی برام جەلال نووسەری کتێبی "چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە" لەپاش نسکۆی شۆڕی ئەیلوول‌و گرتنی زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، کۆمیتەی ھەرێمەکانی دامەزراند، وەکو برایم جەلال باسی کردووە، شەھید ئارام پێشتر وازی لەکۆمەڵەی رەنجدەران ھێناوە، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە بەر لەگیرانی ئەندامانی کۆمەڵە ھەوڵەکەیان بۆچەسپاندنی بیری عێراقچێتی سەری نەگرتووە، بەڵام گرتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی بەھەل زانیوە بۆ درووستکردنی کۆمیتەی ھەرێمەکان‌و کۆکردنەوەی ئەندامە کۆنەکانی کۆمەڵە، ئەوانەی پێشتر وازیان لەکۆمەڵە ھێنابو و خاوەنی بیری عێراقچێتی بوون. 
برایم جەلال کە ئەو دەمە خۆی کەسێکی دیاری ئاراستەی کوردستانیبوونی کۆمەڵە بووە، باسلەوە دەکات کە ململانێی نێوان عێراقچییەکان‌و ئاراستەی کوردستانیبوونی کۆمەڵە دوو ساڵی خایاندووەو لەمایسی ساڵی ١٩٧٢دا لایەنگرانی بیری عێراقیبوون، لە کۆمەڵە چوونەتە دەرەوەو پاش ئاشبەتاڵ سەریان ھەڵداوەتەوە.


ھەر سەبارەت بە وازھێنانی شەھید ئارام لەکۆمەڵە، خاوەنی کتێبی "چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە" دەڵێت:" لە مانگی ٥ی ساڵی ١٩٧٣لەڕێگەی ڕێکخستنەوە ئاگادار کراین کە ھەندێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو چەند ھاوڕێیەکی ئاستی سەرووی کۆمەڵە وازیان لەکار ھێناوە، لەوانە کاک نەوشیروان بەھۆی سەفەرییەوە بۆ وڵاتی نەمساو شاسوار جەلال "شەھید ئارام" لەبەر ئەوەی کە ڕەوتی کۆمەڵە لەگەڵ بۆچوونی ئەودا نەگونجاوە.


،،
 شەھید ئارام لەھیچ کام لەو کۆبوونەوانەدا نەکردوە  کە مام جەلال دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەو ھەماھەنگی نێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستی‌و کۆمەڵەو خەتی گشتی سازی داوە

 

ئارام بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتی نەکردووە
ھەرچەندە شەھید ئارام ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە لەسەر حسابی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بەڵام تا ساتی شەھید بوونی بەشداری یەک کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیش نەکردووەو ئیلتیزامیشی بەبریاری کاری ھاوبەشی نیمچە بەرەی یەکێتییەوە نەکردووە، بەتایبەت دانی بە سەرکردەکانی باڵی بزووتنەوەی ناو نیمچە بەرەی یەکێتی " عەلی عەسکەری‌و دکتۆر خالیدو رەسووڵ مامەندو تایەری عەلی والی‌و سەعدی گچکە"دا نەناوە.


تالیب مۆریاسی کە ئەو سەردەمانە لەکۆمیتەی ھەڵمەت کاری کردوەو بەوتەی خۆی ئەندامی سەرکردایەتی ناوخۆی کۆمەڵەش بووە باسلەوە دەکات کە پاش ئەوەی مام جەلال نامەیەک بۆ شەھید ئارام دەنێرێت‌و داوای لێدەکات کە کۆمەڵە ھاوکاری باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیستی ناو یەکێتی بەکەن، رۆژێک لە گوندی "قامیش" عەلی عەسکەری شەھید ئارام پێشکەشی خەڵکی گوند دەکات تا قسەیان بۆ بکات، بەڵام شەھید ئارام بەو پێشکەشکردنە توڕە دەبێت‌و دەڕوات‌و کۆبوونەوەکە بەجێدەێڵێت.


ھەر بەوتەی تالیب مۆریاسی، شەھید ئارام لەھیچ کام لەو کۆبوونەوانەشدا بەشداریناکات کە مام جەلال دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەو ھەماھەنگی نێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستی‌و کۆمەڵەو خەتی گشتی سازی داوە.

ھەرچەندە زۆرترین باس لەناکۆکی توندی نێوانیان دەکرێت، بەڵام بەوتەی ئاوات قارەمانی، عەلی عەسکەری بەردەوام نامەی بۆ شەھید ئارام ناردووە کە زوو بێتە دەرەوە، جەختکردنەوەو داواکردنی عەلی عەسکەری بۆ ئەوەی کە شەھید ئارام بچێتە دەرەوە، رەنگە زۆرتر پەیوەندی بەناکۆکییەکانی نێوان عەلی عەسکەرییەوە ھەبووبێت لەگەڵ سالار عەزیزدا، ئەو کاتەی کە ھەردووکیان پێکەوە بوون لەدۆڵی جافایەتی.

 

ئارام، رازینەبووە نەوشیروان مستەفا سکرتێری کۆمەڵە بێت
دەگوترێت کە شەھید ئارام بیرو بۆچوونی لەگەڵ مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفادا نەگونجاوە، بەڵام ئاوات قارەمانی ھاوڕێ نزیکەکەی شارو شاخی شەھید ئارام باسلەوە دەکات کە ئارام بە ھاتنەوەی مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا زۆر دڵخۆشبووەو پێیوابووە کە بەھاتنەوەی ئەوان لەکێشەکانی ناو باڵەکانی یەکێتی رزگاریان دەبێت.


لانی کەم پێدەچێت شەھید ئارام، نەوشیروان مستەفای لەبەرانبەر نوێنەرو سەرکردەکانی باڵی بزووتنەوەی سۆسیالستیدا پێباشتر بووبێت‌و خۆشحاڵیشبووبێت بەگەڕانەوەی بۆ کوردستان‌و رەفتارکردنی لەبەرانبەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی سۆسیالستیدا، چونکە شەھید ئارام لەگەڵ ئەواندا نەگونجاوەو بیروبۆچوونیان تەواو دووربووە لەیەکتر.


بە پێی گێرانەوەکانی مەلابەختیار،" شەھیدئارام، بوونی نەوشیروان مستەفای لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەدا، پێ گرنگ بوو، کاک ئارام ڕەفیقی کاک نەوشیروان بوو، بەڵام ئەیوت قەت قبووڵ ناکەم کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێری کۆمەڵە. کاک ئارام دڵنیا بوو کە خۆی شایستەیی تەواوی ئەو کارەی ھەیەو متمانەی تەواوی ئۆرگانەکانی ڕێکخستن‌و ھێزی پێشمەرگەی وەرگرتووە، من، خۆم پێم باش بوو، کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێری کۆمەڵە. ئەو مەسەلەیەشم لەگەڵ کاک ئارام باس کردبوو. کاک ئارام ئەوەی قبووڵ نەبوو، دیارە کاک ئارام لە من بەئەزموونتر بوو".

 

شەھید ئارام‌و بەیاننامەو ڕاپۆرتی شوبات
دوای شەھیدبوونی شەھاب‌و جەعفەرو ئەنوەر زۆراب، ئیدی کۆمەڵە دەکەوێتە دەستی شەھید ئارام‌و ھاوڕێکانی‌و ھەریەکە لەئارام‌و سالار عەزیزو مەلا بەختیار لە یەکێتیدا دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی.


ھەیمەنەی ئارام‌و ھاوڕێکانی لەپاش بڵاوکردنەوەی بەیانی شوباتەوە دەستی پێکردو ئەوان بەبڵاوکردنەوەی ئەو بەیانە خۆیان وەکو رابەرانی راستەقینەی کۆمەڵەی رەنجدەران ناساندو لەوێوە کۆمیتەی ھەرێمەکان دروستبوو.


ھەرچەندە ھەر لەسەرەتای درووستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە، ململانێی کوردستانیبوون‌و عێراقیبوونی کۆمەڵە لەناو ئەو ڕێکخراوەدا دەرکەوتبوو، بەڵام بەیانی ٨ی شووباتی ١٩٧٦ی شەھید ئارام‌و ھاوڕێکانی کە بەناوی کۆمیتەی ھەرێمەکانەوە بڵاویان کردەوە، بوویە بناغەی کارکردنی ھێڵە عێراقچییەکەی ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەران‌و بوویشە پەیڕەوی کۆمیتەی ھەرێمەکان‌و ئەوان کاریان لەسەر بەیانی ھەشتی شووبات دەکردو تەنانەت ئەو بەیانە بوویشە بنەغەی درووستبوونی "ئاڵای شۆرش"کە لەساڵی ١٩٨٦دا کە ھەردوو ھاوڕێی شەھید ئارام، " مەلا بەختیارو سالار عەزیز" رایانگەیاندو دەیانوویست وەکو ڕێکخستنێکی جیاواز لەناو یەکێتیدا کار بکەن.

برایم جەلال کە ئەوکاتە لەخەتی شەھید شەھاب‌و باڵە کوردستانییەکەی کۆمەڵەبووە، باسلەوە دەکات کە بەشی یەکەمی بەیانی ھەشتی شووبات باسی لاوازی‌و ورە رووخانی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی تێدابووەو ئەوان پێیانوابووە کە ترسنۆکانەو لەو کاتە ناسکەدا کوردستانیان جێھێشتووەو رایانکردووە بۆ ئێران، بەوتەی برایم جەلال شەھید ئارام‌و ھاوڕێکانی شەھید شەھاب‌و گیراوەکانی دیکەی کۆمەڵەیان بەوە تۆمەتبارکردووەو پێیانوابووە کە بەرانبەر ڕێبازی کۆمەڵە بێباربوون‌و بەرەو بیروباوەڕو ئایدیای بۆرجوازی رۆشتوون.


ھەر بەوتەی برایم جەلال، بەیانی ھەشتی شووبات بەئاشکرا لێدانبووە لە کۆمەڵەو ڕێبازی کوردستانی کۆمەڵەو ئەو کاتەشی شاسوارو نەجمەدین" شەھید ئارام‌و سالار عەزیز" بەیانەکەیان نووسیوە ھیچکامیان کۆمەڵە نەبوون‌و پێشتر وازیان لەکۆمەڵە ھێناوە.


بەیانی ھەشتی شووبات لەگەڵ ئەوەی کە وێستگەی تەقینەوەی ھەردوو باڵەکەی ناو کۆمەڵەی رەنجدەرانبووە، سەرەتای دەستپێکردنی ھەیمەنەی شەھید ئارام‌و ھاوڕێکانیشیبوو بەسەر کۆمەڵەدا، برایم جەلال لە کتێبی " چەپێک لەمێژووی کۆمەڵە"دا باسلەوە دەکات کە ئەوان وەکو ھێڵی کوردستانی ناو کۆمەڵە داوایان لەشەھید ئارام کردووە کە ئەو بەیانە رابگرێت‌و بڵاوی نەکاتەوە، ئەوسا پێکەوە گفتوگۆ لەسەر پێکەوە کارکردن دەکەین، بەڵام بەمەرجی بڵاونەکردنەوەی بەیاننامەکەی شووبات.


نووسەری کتێبی "چەپکێک لەمێژووی کۆمەڵە" دەشڵێت من‌و شەھید ئارام لەماڵی دلێری سەید مەجید لە ١٤-٢-١٩٧٦پێکەوە کۆبووینەوەو ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی کە بەیانەکە دەستکاری بکرێت‌و بەیانێکیتر دەربکەن، بەتایبەت ئەوخاڵانەی کە پەیوەندییان بەسەرکردایەتی کۆمەڵەو ڕێبازی کوردستانییەتی کۆمەڵەوە ھەبوو. 
جیاواز لەھەموو ئەو سەرچاوەو گێڕانەوانەی کە باس لە پیادەکردنی بیری عێراقیبوونی کۆمەڵە دەکەن لەلایەن شەھید ئارام‌و ھاوڕێکانییەوە، ئاوات قارەمانی کە خۆی بەنزیکترین کەسی شەھید ئارام لەقەڵەم دەدات لەخەباتی نھێنی شارو پاشان لەشاخیش زۆربەی کات پێکەوە بوون، باسلەوە دەکات کە ئارام ئاراستەی کوردستانی ھەبوووەو لەھاوینی ساڵی ١٩٧٧یش لەقەرەداغ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ فازیلی مەلا مەحمودو سامی شۆڕشدا لەسەر پرسی کوردستانی بوون‌و عێراقیبوونی کۆمەڵە موناقەشەیان کردووەو گوایە ئەوان داوایان لەشەھید ئارام کردووە کە پێوویستە کۆمەڵە واز لەکوردستانی بوون بێنێت‌و ببێت بەڕێکخراوێکی عێراقی.


رەنگە ئاوات قارەمانی تەنھا کەس بێت کە پێیوابێت شەھید ئارام بیری کوردستانی بوونی بۆ کۆمەڵە پەیڕەو کردبێت، بۆیە قسەکانی ھێند کاریگەرنین‌و پێدەچێت ئەودەمەش زۆر ئاگاداری ململانێ فیکری‌و ئایدۆلۆژییەکانی ناو باڵ‌و ئاراستەکانی کۆمەڵە نەبووبێت.


رەنگە وتارێکی شەھید ئارام لەژمارە١ی " ئاڵای شۆڕش"دا کە لەمانگی ئەیلوولی ١٩٧٥دا درچووە، باشترین بەڵگە بێت بۆ ئەوەی کە ئاوات قارەمانی لەم ڕووەوە نەک ھەر نەیپێکاوە بەڵکو سەرباری نزیکییەکەشی لێیەوە، ئاگاداری فیکرو ئایدۆلۆژیای شەھید ئارام نەبووە.


ئارام لەژمارە ١ی ئاڵای شۆرشدا نووسیوویەتی:" شۆڕشەکەمان بریتیی نییە لە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی تەسکی گەلی کورد، بەڵکو شۆڕشی دیموکراتی گەلی عێراقەو لەکوردستانەوە بەھۆی تەقینەوەی ناکۆکییەکانەوەو ھەروەھا لەسایەی باش ھەڵکەوتنی کوردستانەوە دەستیپێکردووە".


سەرچاوە/دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین

‌‌‌
2/7/2018 7:47:44 PM
Print Friendly and PDF