وەرزش

کۆتینھۆ لە بەرشەلۆنە لە کوێدا یاریی دەکات؟



ھەوراز کاوە

کۆتینھۆ لە ھەمووان جیاوازترە، بە تایبەتی یەکێکە لەو یاریزانانەی گلدانەوەی تۆپی زۆرە، یاخود بەھرەدارە بەوەی گۆڕینەوەی بەردەوام دەکات، چ بە پاسی کورت، یاخود ھاویشتنی تۆپی درێژ بە شێوەی تەوقیتکراو، کۆتینھۆ توانادارە کە بە شێوەی تاکی لە ھەموو جێگاکانی یاریگا ڕاھێنەر دەتوانێت یاریی پێبکات، بێجگە لەوەی بەوە ناسراوە بە درێژایی ماوەی یاریکردنی گوشار لەسەر ڕکابەرەکانی دروست دەکات. دیارە دوای ھاتنی ناوبراو بۆ یانەی بەرشەلۆنە زۆرێک پرسیاری ئەوە دەکەن، ئایە ڤالڤێردی ڕاھێنەر جارێکی دیکە وێنەی پلانەکانی چۆن دادەڕێژێتەوە، یان شوینی یاریزانە تازەکە لە کوێدا دادەنێت و کێی بۆ دەکاتە قوربانی؟....
 جا منیش بە باشم زانی بەپێی ئەوەی دەزانم وەڵامی ئەو چەند پرسیارە سادەیە بدەمەوە، کە ئێوە دەتانەوێت بیزانن.

 کۆتینھۆ جێگای ئینێستا دەگرێتەوە بۆ ماوەی چەند وەرزێکی درێژ، چونکە ئەو لە چوار شوێنی یاریگا یاریی دەکات، ھەروەھا جوڵەکانی ئەو ستارە بەجۆرێکە ھەم لە ناوەوەی سەنتەر و ھەمیش لە ھەردوو ڕاڕەوی لاباڵەکان بەھۆی تێژڕەوی و گۆڕینەوەکانی دەتوانێت جێگای خۆی بکاتەوە. ڤالڤێردی ئەم وەرزە بە پلانی (٤-٣-٣) بە پشتبەستن بە ئەلکاسێر یاریی دەکرد، کە دەتوانم بڵێم زۆر سەرکەوتنی دەستەبەر نەکرد، بۆیە دەگەڕایەوە بۆ شێوە یاریی کلاسیکی(٢-٤-٤) و سوارێزیشی دەخستە ڕاستی یاریگا، میسیش ھێرشبەری خەیاڵی بوو، بەڵام دوای ھاتنی کۆتینھۆ وێنەی تەکتیکی یانەکە گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، بە تایبەتی ڕاھێنەر زیاد لە جارێک دەتوانێت پشت بە پلانەکانی ببەستێت، ئەگەری یاریکردنی ئەستێرە تازەکە شوێنی ئەندرێس ئنێستایە، کە بەھۆی ھەڵکشانی تەمەنەوە پێگەکەی خراپ بووە. لەوکاتەدا عوسمان دیمبلی دەچێتە پاڵ میسی و سوارێز لە چەپی یاریگا.   

لەکاتی یاریکردنی ئینێستا پێم وایە ڕاھێنەر دیمبلی یەدەگ دەکات و کۆتینھۆ دەخاتە چەپی یاریگا، تا شوێنی نیمار پڕ بکاتەوە، ئەگەر پلانی (٢-٤-٤) بینرا ئەوە بێگومان کۆتینھۆ دەچێتە ناوەڕاستی یاریگا لای چەپ، ھەردوو یاریزان دیمبلی و سوارێز دەچنە پێشەوە و میسی لە پشتیانەوە ڕادەوەستێت، ھەروەھا ھەردوو یاریزان ڕاکیتچ و بۆسکێتس دەبنە دووانەی میحوەری لە نیوە یاریگا، لە ئەگەری شێوە یاریی (٤-٢-٣-١)دا ڕاھێنەر گۆڕانکارییەکانی بەمشێوازە دەبێت، سەرەتا ڕاھێنەر قوربانی بە پاولینھۆ نادات بەڵکو لەپاڵ بۆسکێتس دەیھێلێتەوە، ھەروەھا کۆتینھۆ دەخاتە لای چەپ و دیمیلی دێنێتە ڕاست و میسی دەخاتە پشتی ئەو دووانە و سوارێزیش بۆ سەری نووک، لە ئەگەری دووەمدا کۆتینھۆ دەخاتە قوڵایی یاریگا و میسی بۆ جێگای سوارێز، ھەروەھا ئێنێستا بۆ ڕاست و دیمبلی بۆ چەپی ھێرش، لەوکاتەیشدا سوارێز یەدەگ دەکرێت.
لە کۆتایدا ڕاھێنەری بلوگرانە ھەر چۆنێک بێت، دەبێتە خاوەنی پێنج یاریزانی نموونەی: (میسی، سوارێز، ئینێستا، دیمبلی، کۆتینھۆ) کە دواجار دەبێت یەکێکیان یەدەگنشین بکات، جگە لەمانە ئەگەری کرانەوەی زیاتر بەڕووی ڕاھێنەری ناوبراودا دەکرێتەوە، تا بە چەندین پلانی جیاواز یاریی بکات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە یانەکەدا وەکو پەڵە و نەنگی تەماشا دەکرێت، ونکردنی تۆپ و تەوازنی ھێڵی بەرگرییە، بەڵام لەکاتی دانیشانی ڕاکیتیچ و بوونی کۆتینھۆ لەوێدا، ئێنیستا دەچێتەوە شوێنی سروشتی یاریکردنی خۆی، کە ئەوەش وادەکات بەھۆی ھێزی پێشەوە گوشار و کەموکوڕییەکانی بەرگری دیار نەمێنێت.


‌‌‌
1/9/2018 2:51:57 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ