وەرزش

ئەگەر باسی دورخستنەوەی زیدان کرا!


 چێنەر عەبدول قادر / شیکەرەوەی تۆپی پێ


 چێنەر عەبدول قادر

مۆرینیۆ ٣٠٠ ملیۆن پاوەندی لە مانچستەر یونایتد خەرجکردوە ھێشتا گلەیی ھەیە، سیتی نزیکەی ١٥٠ ملیۆن یۆرۆی تەنھا لەکڕینی سێ بەرگریکاردا لەم وەرزە خەرجکرد، پاریس سان جێرمان گرانترین بۆندەکانی مێژووی تۆپی پێی کردوە تەنھا بۆ ئەوەی چامپیۆاس لیگ ببات، زۆرترین رەخنە لە ئارسن ڤینگەر دەگیرێت کە پارە زۆر خەرجناکات بۆیە ئەنجامی نیە، سەیری ئەی سی میلان بکەن دوای خەرجکردنی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ لەکوێدایە، بە کورتی و کوردی ئەمە بارودۆخی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانە، بەڵام لەم سەردەمەدا ریاڵ مەدرید و زیدان بە پێچەوانەی ھەموو ئەوروپاوەوپارەیان خەرجنەکرد و نازناوی گەورەشیان بردوە، بردەوامبن لەگەڵما.
دوای رۆیشتنی فێرگسۆن مانچستەر یونایتد ٦٠٠ ملیۆن پاوەندی لە کڕینی ٢٢ یاریزاندا خەرجکردوەو ٣ راھێنەریشی گۆڕیوە نەیتوانیوە خولی ناوخۆ یان چامپیۆنس لیگ ببات، مانگی ١ ی ٢٠١٦ زیدان بوە راھێنەری ریاڵ مەدرید و توانی دوای کەمتر لە ٥ مانگ چامپیۆنسنس لیگ ببات! دواتر لە گواستنەوەی ھاوینەدا تەنھا یاریزانی ناودار کە کڕی مۆراتا بوو، بەڵام توانی خولی ئیسپپانی و چامپیۆنس لیگیش بۆ دووەم جار لەسەر یەک بباتەوە، کەس پێشتر ئەمەی نەکردبوو.
بەبێ ئەنجامدانی گرێبەستی گەورەو ئەوەی زیدان ئەم دوو ساڵە کردی لەم سەردەمەی تۆپی پێ َ دا زۆر زەحمەتە، لەوانەیە تۆ پێت وابێت زیدان ھیچ فەلسەفەیەکی تازەی نەھێناوەتە تۆپی پێ وە، یان بڵێن بەخت یاوەری بوە، بەس ئەوەی دەمێنێتەوە نازناوەکەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە زیدان لە ٢٠١٧ دا ٥ نازناوی بۆ ریاڵ مەدرید بردوە.
پێش چێڵسی و مان سیتی و پاریس و یانەکانی تر ریاڵ مەدرید تاکە یانەبوو کە زۆترین پارەی خەرجدەکرد، بەڵام ھێندەی ئێستا نازناوی نەدەبرد! لە سەردەمی زیداندا ریاڵ مەدرید بوەتە یانەیەک کە باشترین بارودۆخی دارایی ھەیە.
رەنگە زیدان و ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا زیادەڕۆییان کردبێت کە یاریزانیان نەھێناو یاریزانیشیان فرۆشت، بەڵام شتێکی ئاساییە ئەگەر نازناو نەبەن و دەبێت ھەل بە زیدان بدرێت کە بازاڕێکی بەھێز لە ھاویندا بکات تاکو کێشەکانی تیپەکەی چارەسەر بکات، لە کۆتاییدا کاری ھەموو راھێنەرێک ئەکرێت رەخنەی لێبگیرێت، بەڵام ئەگەر ھەر کەسێک باسی دورخستنەوەی زیدانی کرد، لێی بپرسە باشترین راھێنەرەکانی ئێستای تۆپی پێ کێن؟ ئینجا بزانە چەندیان خەرجرکردوە! پاشان ئەنجامەکانیان بەرامبەر زیدان بەراوردبکە و ھیچ تر مەڵێ!




‌‌‌
1/5/2018 3:12:32 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ