هەواڵ

گۆڕان و کۆمەڵ ھاوپەیمانی عەبادی بەڵێنیدوە بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم



بزاڤ پرێس
بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕایانگەیاند کە حەیدەر عەبادی بەڵێنیدوە بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دوای وردبینیکردن و خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و ئامادەیی خۆی دەربڕی ھاوکار و پشتیوان بێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تر و لەو چوارچێوەیەشدا داوای ھاوکاری لەسەرجەم ھێزە سیاسییەکان کردو بەڵێنیشیدا ناوچە جێناکۆکەکان بە ھاوبەشی بەڕێوەببرێن.

دەقی راگەیێندراوی شاندی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری:

ئێمە وەفدی ھاوبەشی (بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)، وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژویی و نیشتمانی ئەم قۆناغە ھەستیارەی گەلەکەمانی پیادا تێپەڕدەبێت و لەپێناو کۆتاییھێنان بەو کێشە سیاسی و قەیرانە داراییە قوڵەی بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتوە، سەردانی شاری بەغدامان کردوە و لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆک کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تەواوی ھێزو لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوە دەکەین.

لەکۆبونەوەکەمان لەگەڵ بەرێز د. حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسمان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و چوارچێوەی سیاسی ھەرێم کرد، لەگەڵ چەسپاندنی شەراکەتی ڕاستەقینە لە ناوەندی بڕیاڕی سیاسی و دۆزینەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆتەواوی کێشەکان لەڕێی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جدی لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری عێراق.

پرسی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و ماف و ئیمتیازی ھێزەکانی پێشمەرگە یەکێکی تربو لەو پرسە گرنگانەی کە بە بایەخەوە باسمانکرد و داوامان لە بەڕێز عەبادی کرد وەک بەشێکی گرنگ لە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی بەرامبەر بەھاوڵاتیانی کوردستان سنورێک بۆ نەھامەتیەکانی خەڵک دابنێت و پەڕەیەکی نوێ لەپەیوەندنی سیاسی ھەڵدەینەوە کە چەسپاندنی بنەماکانی ھاوڵاتیبون و دادی کۆمەڵایەتی ناونیشانی سەرەکی بێت.

ھاوکات پێویستی پەلەکردنمان لەچارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و قەزای دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕاگرتنی ھەر ھەوڵێک بۆ تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کێشە لەسەرەکان خستەڕو و تەئکیدمانکرد جگە لەپێکەوە ژیانی ئاشتیانە کە خزمەت بەتەواوی پێکھاتە جیاوازەکان و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات ھیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەستدانیە، بۆ ئەمەش نابێت ڕێگە بەدوبارەبونەوەی ستەمی ڕابردو بدرێت.

زەرورەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەمان بو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێمان ڕاگەیاند، مەرجی سەرەکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە دەنگ و ئیرادەی خەڵک تیادا ڕەنگبداتەوە لەپاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە دەستپێدەکات، لەوبارەیەشەوە داوامانکرد ھەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ کۆتاییھێنان بە پرۆسەی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کە بە ھەنگاوێکی گرنگی دەزانین بۆ دەستەبەرکردنی ئیرادەی راستەقینەی ھاوڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا.

بە سوپاسەوە بەرێز حەیدەر عەبادی بەڵێنیدا بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دوای وردبینیکردن و خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و ئامادەیی خۆی دەربڕی ھاوکار و پشتیوان بێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تر و لەو چوارچێوەیەشدا داوای ھاوکاری لەسەرجەم ھێزە سیاسییەکان کردو بەڵێنیشیدا ناوچە جێناکۆکەکان بە ھاوبەشی بەڕێوەببرێن.
٤/١/٢٠١٨ 
بەغداد


‌‌‌
1/4/2018 4:59:10 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ