هەواڵ

مامۆستایەکی ناڕازی: خۆپیشاندانمان تەنھا بۆ مووچە نییە



بزاڤ پرێس: محەمەد حاجی

مامۆستایەکی ناڕازی خۆپیشاندانەکەی ئەمرۆ دەڵێت: خۆپیشاندانی ئەمجارەمان تەنھا بۆ مووچە نییە، بەڵکو گۆرینی ئەو دەم و چاوانەیە کە ٢٦ ساڵە  فەشەلی حکومرانی پەیرەو دەکەن بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.

دڵشاد بابانی، مامۆستای ناڕازی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بزاڤ پرێس، ڕایگەیاند:" ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو دەستمانکرد بە خۆپیشاندان، کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی ھاتینە بەردەوام پەروەدەی رۆژئاوا، بەڵام  ئەوەی جێگای داخبوو ھێزە ئەمنیەکان ڕێگریان لێکردین، نەیانھێشت دەزگاکانی راگەیاندن ڕوماڵی خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی کوردستان بکەن تاکو کاتژمێر (١١:٣٠).

وتیشی:" سەقفی داواکارییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان بەرزتر بۆتەوە، بۆ ئەوەی ژیانیان باشتر ببێت، چونکە ئەم حکومەتە پڕ قەیرانە، ناتوانێت ژیانی خەڵک باشتر بکات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ١/١١ ەوە تاوەکو ١٢/١١ مانگرتنی سەرتاسەری لەھەرێمی کوردستان رادەگەیەنن، داواش لە فەرمانگەو دامەزراوە حکومییەکانی دیکە دەکەین نەچنەسەرکارەکانیان و پێویستە لەو ماوەیەشدا سەرجەم وەزیران دەستلەکاربکێشنەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە رێککەوتی ١١/١/٢٠١٧، خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیی لە شارەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو دەربەندیخان و کەلار و کۆیە  بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای مانگێک لە پێدانی مۆڵەت بەحکومەتی ھەرێم بۆ پێدانی موچەکانیان لەکاتی خۆیدا.


‌‌‌
11/1/2017 5:56:51 PM
Print Friendly and PDF