هەواڵ

عێراق دەیەوێت متمانە لە پەرلەمانتارە کوردەکان وەربگرێتەوە


بزاڤ پرێس:

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراقی داوا دەکەن بەھۆی دەنگدان بە ریفراندۆم متمانە لەژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد وەربگیرێتەوە. 

ئاڕێز عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیایی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عیراق لە ھەوڵی کۆکردنەوەی ئیمزادان بۆ ئەوەی متمانە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری کورد بستێنەوە کە بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە".

وتیشی: ئەم ھەنگاوە کارێکی نادەستووری و نایاساییە، چونکە دەستوور مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن  و بەشداری ھەڵبژاردن و دەربڕینی بیروبۆچوونی بە ھاووڵاتیان داوە.

دەشڵێت: ئەو لایەنانە دەیانەوێت لەڕێگەی سزادانی پەرلەمانتارانەوە سزای خەڵکی کوردستان بدەن و ئەگەر ئەم کارە بکەن ئەوە قۆناغێکی مەترسیدار چاوەڕێی عیراق دەکات".

ووتیشی: ئەگەر ئەو ھەنگاوەیان سەر بگرێت شتی تریشی بەدوا دێت و پێ دەنێتە قۆناغی مەترسیدارەوە چونکە دەیانەوێت ناوەندێتی و دەسەڵاتی ناوەند بە زۆرینەی پەرلەمان بگێڕنەوە نەک لە ڕێی دەستوور و یاسا".


‌‌‌
10/31/2017 12:29:10 PM
Print Friendly and PDF