هەواڵ

لاھور شێخ جەنگی بۆ مەسعود بارزانی: دنەی گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆ نەدەن


بزاڤ پرێس:


لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری،دەڵێت: دوای رازیبونتان بە کۆتاییھاتنی ماوەی ناشەرعی دەسەڵاتەکەتان، ئیتر ئومێدەوارم بیر لە سیناریۆی تر نەکەنەوە و دنەی گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆ نەدەن.

لاھور شێخ جەنگی لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری،پەیامێکی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی کردو دەڵێت: وەک چۆن مانەوەی بەڕێزتان لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی لێکەوتەوە، ئومێدەوارم دەست لەکارکێشانەوەکەتان ببێتە مایەی ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد و ئاسودەیی و سەقامگیری بۆ گەلەکەمان بگەڕێتەوە".

ووتیشی: دەستخۆشیت لێ دەکەم کە ئەگەر لە دوا دەرفەتیشدا بووبێت کۆتاییت بەو گاڵتەجاڕییە ھێنا و ئەو رێگەیەت ھەڵبژارد کە خەڵکی کوردستان چوار ساڵە داوای دەکەن و چاوەڕوانن. بەم ھەنگاوە ھیچ نەبێت نیشانتاندا کە بەھای خۆتان بۆ مانەوە لە پۆستێکی ماوە بەسەرچوودا کەمتر نا‌کەنەوە".

دەشڵێت: بەبیری بەڕێزتان دەھێنمەوە کە پۆستی سەرۆکی ھەرێم و پرسی ماوەی ویلایەتەکەی ئێوە، قەیرانێکی گەورەی لە ھەرێمەکەماندا خوڵقاند کە سەرباری قەیرانی دارایی، کارەساتێکی سیاسی نەخوازراویشی بەدوای خۆیادا ھێنا و نێوماڵی سیاسی کوردستانی توشی داڕمان و لێکترازان کرد و پێگەی ھەرێمەکەمانی لەبەرچاوی دنیادا ھێنایە خوارەوە. 
بۆیە دوای رازیبونتان بە کۆتاییھاتنی ماوەی ناشەرعی دەسەڵاتەکەتان، ئیتر ئومێدەوارم بیر لە سیناریۆی تر نەکەنەوە و دنەی گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆ نەدەن".

سەبارەت بەو لێدوانەی بارزانی کە باسی لە بوونی خیانەتکردبوو لە کەرکوک، لاھور شێخ جەنگی دەڵێت: "ئەگەر ئێمە بە شوێن خیانەت و خەنجەرە ژاراوییەکانی سەر جەستەی کوردەوە بین لە شەستوسێ، لە ھەکاری، لە شنۆ و مەریوان و نەغەدە، لە ھەشتاوچوار، لە شەڕی ناوخۆ، لەھەولێر، و لە رۆژئاوای کوردستان، و دوا خەنجەریش لە پێگەی یەکێتیی و کوردستانیبونی کەرکوک و... ئەوا برینەکان شایەتی دەدەن کە ‌ ئەو خەنجەر بەدەستانە، کێن و چین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو برینانە ساڕێژبن و لە جەستە و مێژووی کوردا، کاڵببنەوە. لەپێناو ئەم ئامانجە باڵایە و بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی ناوماڵی کورد بێدەنگیمان ھەڵبژاردووە. دەمانەوێت لەبری ئەوەی بەوتۆمەتە پوچانەوە سەرقاڵبکرێین، بە ھەموومان خەریکی خۆ دەربازکردن بین لەم دۆخە ناھەموارەی بۆ گەلی کوردستانتان دروستکردووە".


‌‌‌
10/31/2017 11:01:31 AM
Print Friendly and PDF