راپۆرت

سیاسەتی وزەی یەکێتیی ئەورووپا، یەکگرتوویی یاخود دابەشبوون؟


نوسینی، دەرون ڕەحیم: خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ئاسایش و سیاسەتی وزە لە ئەڵمانیا
 
پێشەکی
یەکێتی ئەوروپا بلۆکێکی پێکھاتووە لە ٢٨ وڵاتی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ لە کیشوەری ئەوروپا. سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا چواچێوەیەکی ڕێکخراوە کە لەسەر بنەمای دامەزراوەی سیاسی و ئابوری پێشکەوتو کاردەکات، بەڵام ھەریەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا سەروەری خۆیان لەدەست نەداوە، لەپاڵ چوارچێوەی گشتی سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ھەر ئەندامێک پارێزگاری سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی و دەرەوەی خۆی دەکات. لێرەوە جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان ستراتیج و سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام، یاخود لە نێوانی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا شتێکی چاوەڕوان کراوە١. 
پرۆسەی بڕیار درووست کردن لە یەکێتی ئەوروپا بوار بۆ ئەوە ناھێڵێتەوە کە سیاسەتێکی دەرەوی یەکگرتوو بەسەر ھەموو ئەندامانی یەکێتی ئەروپادا بسەپێندرێت. لەسەر ئاساتی یەکێتییەکە بڕیار وەرگرتن لە شێوەی زۆرینەو کەمینەدا نییە، بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئەندامەکان لەسەر ئاستی نیشتیمان تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیی پێوە دیارەو لە ھەندێک دۆخیشدا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی پیادە کراو لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکەونە ململانێ. 

ناکۆکی دوو بلۆک
سەبارەت بە سیاسەتی وزەی ئەوروپا کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەک ئامڕازێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ کراوە، و پاراستنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا لە ئەولەویەتی سیاسەتی ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بووە. چونکە یەکێتی ئەرووپا وەک دوەەمین گەورەترین ئابوری جیھان پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەیەکی بەردەوامی بێ کێشەی ھەرزانی وزە ھەیە، بە نرخێکی گونجاو بۆ ئەوەی بەبەردەوامی بزوێنەری داینەمۆی پیشەسازی و جوڵەی ئابوری بێت. بێ ئەوەی ھیچ کام لە دابینکەرانی وزەی ئەوروپا لەڕێگەی وزەوە فشار بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا درووست بکەن. 
لەپێناوی بەھێز کردنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا، یەکێتییەکە دوو ستراتیجی سەرەکەی گرتە بەر، کە ئەوانیش یەکەم جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابین کردنی کردنی وزەیە، بۆ ئەوەی تەنھا پشت بە یەک سەرچاوەو و یەک وڵات نەبەستن. دووەم ستراتیجی درووست کردنی یەکێتییەکی وزە، کە وڵاتانی ئەندام پێکەوە خەمی دابین کردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ٢٨ ئەندامی یەکێتییەکە بخۆن. بڕیاری دابین کردنی وزەو فەراھەم کردنی ژێرخانی گواستنەوەی وزە بکرێتە باباتی سیاسەتێکی ناوەندی لە بڕۆکسلەوە بڕیاری لێبدرێت. سیاسەتێکی وزەی ھاوبەش و جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە دوو سەرەکیترین ستراتیجی ئەوروپییەکان بووە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. 
بەڵام بە شیکردنەوەی سیاسەتی نیشتیمانی ھەریەک لە وڵاتانی ئەندام، وا دەردەکەوێت، کە یەکێتی ئەوروپا لە بواری سیاسەتی وزەدا ھێندەی بواری ھەماھەنگی بازرگانی و ئابوری سەرکەوتوو نەبووە. یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە وزە و ئاسایشی وزە دابەشبوونێکی ئاشکرای پێوە دیارە. تایبەتی بە ئاسایش و سیاسەتی وزە یەکێتی ئەوروپا دابەش بووە بۆ دوو بلۆکی جیاواز، ، بلۆکی یەکەم لەو وڵاتانی ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی یەکێتی ئەوروپا پێک ھاتووە، کە بەئەندامە نوێییەکانی یەکێتی ئەوروپا ناسراون، پێش کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد خاوەنی سیستیمی کۆمۆنیستی بوون. لەبەرامبەر ئەماندا بلۆکی دووەم، لە وڵاتانی دامەزرنێنەری یەکێتییەکەن، خاوەنی بەھێزترین ئابورەییەکانی ناو ئەوروپان. 
بلۆکی یەکەم کە وڵاتانی وەک پۆڵەندا، چیک، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا، و بولگاریان تا ڕادەی نغرۆ بوون لە گازی سرووشتی ڕوسیا پشتیان بە وزەی ھاوردەکراو لە ڕوسای بەستووە، ھەندێکیان ١٠٠% ئەو وزەیەی بەکاری دەھێنن لە ڕوسیاوەھاوردەی دەکەن. ئەم بلۆکە زۆر بەبەھێزی پشتیوانی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە دەکەن و سرون لەسەر ئەوەی کە دەبێت جێگرەوە بۆ سەرچاوەی وزەی ڕوسی بدۆزرێتەوە، ھەروەھا فشار دەکەن لە پێناوی سیاسەتی ھاوبەشی وزەی یەکێتی ئەوروپا. وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕوسەکان بە سەرچاوەی ھەڕەشەیەکی ستراتیجی دەزانن لەسەر ئاسایشی خۆیان، پێیان وایە کە لەماوەی ڕابردودا ڕوسەکان وزەیان وەک چەکێک بەکارھێناوە بۆ فشار خستنە سەر ئەو وڵاتانە و دەست خستنە ناو کاروباری ناوخۆییانەوە٢. 
بە پێچەوانەوە، بلۆکی دووەم کە وڵاتانی ڕٶژئاوای ئەوروپان وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیا، خاوەن ھێز و ئابوری گەورەن. لە بنەڕەتدا ئەم وڵاتانە سەرچاوەی جۆراو زۆری دابینکردنی وزەیان ھەیە جگە لە ڕوسیا، وزە لە نەرویج، جەزائیر، کەنداو و ئەمەریکاوە ھاوردە دەکەن، ھەروەھا لە جۆرایەتی سەرچاوەکانی وزەشدا خۆیان لە ڕێگەی ئەتۆم و وەزی با و سۆلارەوە پێداویستی خۆیان پڕدەکەنەوە. بۆیە بەڕێژەیەکی کەمتر ئەو ھەستییاریەیان بەرامبەر ڕوسەکان ھەیە و کەمتر بە ھەڕەشەی دەزانن. بە پێداگریەکی کەمترەوە بەرەوپیری ستراتیجەکانی بەھێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا دەچن. تەواو پێچەوانەی بلۆکی یەکەم، وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا پاراستنی پەیوەندی توند لەگەڵ ڕوسیادا بە پێویست دەزانن بۆ ئەوەی کە بازاڕێ وزەی ئەوروپا توشی بچڕان و زیانی ئابوری گەورە نەبێت، لە کاتێکدا کە ھیچ کام لە سەرچاوە جێگرەوەکانی ڕوسیا لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا و ڕٶژھەڵاتی ناوەڕاست توانای ئەوەیان نییە ببنە ئەڵتەرناتیڤی وزەی ڕوسیا٣. 

لێکدانەوەکان بۆ وزە جیاوازە
ھەریەک لەو دوو بلۆکەی ناو یەکێتی ئەوروپا لێکدانەوەی خۆیان ھەیە بۆ جۆراوجۆرکردنی وزە، ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی وزە تێدەگەن، واتە لای ئەوان دەبێت یەکێتی ئەوروپا لە پشتی ئەو پڕٶژانە بێت کە وزە لە سەرچاوەی نا ڕوسییەوە دەگەیەننە ئەوروپا، بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو دەست لە وزەی ڕۆسیی ھەڵبگرێت. بەڵام لێکدانەوەی وڵاتانی دامەزرێنەری یەکێتییەکە جیاوازترە بۆ ستراتیجی جۆراوجۆر کردنی وزە، ئەوان پێیان وایە کە لە پاڵ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە، دەبێت سیاسەتی ئەوروپا کاربکات لەسەر دۆزینەوەی جۆری نوێی وزە، بەرھەمھێنانی وزەی خاوێن، و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە دادبینکردنی وزە. ھەروەھا سەبارەت بە ستراتیجی یەکێتی ھاوبەشی وزە ئەم دوو بلۆکە لێکدانەوەی جیاوازیان ھەیە. بلۆکی یەکەم پێی وایە کە دەبێت وڵاتانی ئەندام پێکەوە بڕیار بدەن کە وزە پێش کڕینی لە کوێوە ھاوردە دەکرێت بە چ ڕێگایەک واتە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی ناوەندی کۆنتڕۆڵی بازرگانی وزە بکات. بەڵام بلۆکی دووەم، بەتایبەتی ئەڵمانیا دژی ئەم بۆچونەن و دەیانەوێت کە ھەماھەنگی نێوان ئەندامەکان لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا بێت، و ھەر ئەندامێک ئازاد بێت لە کوێ و چۆن وزە ھاوردە دەکات، یەکێتی وزە کاری دووبارە دابەش کردنەوەی ئەو وزەیە بێت کە ھاوردە کراوە لە کاتی بوونی ھەر کورتھێنانێک لە یەکێک لو وڵاتە ئەندامەکاندا٤. 
سەرچاوەی ئەم دابەش بوونە دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندی سیاسی ھەریەک لەو وڵاتانەی پشتیوانی ئەو دوو ئاڕاستە جیاوازە دەکەن. ئەوروپای ڕٶژھەڵات ترس لە ڕابردووی کۆمۆنیستی و داھاتوو ڕۆڵی ڕوسیا لە وڵاتەکانیاندا وای لێکردون کە ڕوسیا و وزەی ڕوسی بەو مەترسییە گەورەیە بزانن. ھەروەھا ئەوروپای ڕۆژئاواش، کە تاڕادەیەک سیاسەتێکی واقیعیانە تریان لە بواری وزەدا گرتۆتە بەر، ڕوسیا وەک ھاوبەشێکی وزە دەبینن کە سەرڕای کێشە و گرفتەکان لەگەڵ مۆسکۆ، ھێشتا توانای ئەوە نییە دەست بەرداری وزەی ڕوسیا ببن. چونکە سەرچاوەکانی دیکە توانای دابینکردنی ئەو بڕە زەبەلاحەی وزەیان نیە کە ڕوسیا بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای دەنێرێت، ھەروەھا ژێرخان و ڕێگاکانی گاوستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا ئامادە نین و بە ئاسانیش ئامادە ناکرێن٥. 
شتێک کە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەرووپا لە ڕۆژھەڵاتییەکان تێی ناگەن بریتییە لە جیاوازی توانای ئەوان بەرپەرچدانەوەی مەترسی ڕوسیا، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا دەتوانن بەوپەڕی ھێزەوە بەرامبەر ھێزو کاریگەری ڕوسەکان بوەستن، نەک وزە بەڵکو ئامڕازەکانی دیکە مۆسکۆ بە ئاسانی نابنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە. لە بەرامبەردا دۆخەکە بۆ وڵاتێکی وەک ھەنگاریا یاخو ڕٶمانیا زۆر جیاوازە، کە ھێندە بەھێز نین بتوانن بەھەمان شێوە بەرپەرچی مەترسی ڕوسیا بدەنەوە، مۆسکۆ زۆر بە ئاسانی پشت بەستنی ئەوان بە وزەی ڕوسیا بەکاردەھێنێت. 

کاریگەرییە خراپەکان
ئەم دابەش بوونەی ئەوروپییەکان کاریگەری خراپی لەسەر سیاسەتی وزەی ئەوروپا ھەبووە، ھەروەھا پشتیوانی سیاسی و دارایی و دەرفەتەکانی وەبەرھێنانی بۆ پڕٶژەکانی جۆراوجۆرکردنی وزەی ئەوروپا لاواز کردوە. ھەر بۆیە تا ئیستا ھیچ کام لەو بۆرییانەی کە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی کردون بۆ گواستنەوەی وزە لە سەرچاوەی نا ڕوسییەوە سەرکەوتنی بەرچاوەی بەدەست نەھێناوە. بۆ نمونە کاتێک وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژھەڵات لۆبییان دەکرد بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەی شکستخواردووی نابۆکۆ، بلۆکی بەرامبەر لەگەڵ ڕوسەکان خەریکی پتەکردنی پەیوەندیە دوولاینەکانیان بوون لە دەرەوەی یەکێتی ئەروپا. ھەر وەک ئەوەی کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕیگری کرد لە دابینکردنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ نابۆکۆ تاوەکو یەکێتی ئەوروپا پڕٶژەی نۆرد ستریمی پەسەند کرد، کە پڕۆژەیەکی بۆری گازی سرووشتییە لە نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیادا بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی لە ڕوسیاوە بە ژێر دەریای بەلتیکدا بۆ ئەڵمانیا. ھەروەھا فەرەنسییەکان، کە گازی سرووشتی لە جەزائیرەوە ھاوردە دەکەن، پشتیوانی پڕۆژەکانی جۆراو جۆر کردنی ئەرووپا نەبوون، بە بیانووی ئەوەی کە بەشێک لەو پڕۆژانە بە خاکی تورکیادا تێپەڕ دەبن ئەمەش دبێتە ھۆی بەھێز کردنی تورکیا و نزیک کردنەوەی لە یەکێتی ئەوروپا٦. ئیتالیەکانیش لە کاتێکدا کە یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی بەجێ گەیاندنی نابۆکۆ کۆمپانیای ENI ئیتاڵی بووە بە سەرەکیترین ھاوبەشی پڕۆژەی ساوس ستریم، کە پڕۆژەیەکی ڕکابەری نابۆکۆ بوو لە لایەن ڕوسەکانەوە پێشنیار کرابوو بۆ لێدان لە نابۆکۆ٧. 
دابەش بوونی ئەوروپییەکان لە بواری وزەدا زەمینەیەکی گونجاوی بۆ ڕوسەکان گونجاندووە کە بەئازادی لە بازاڕی وزەی ئەوروپادا جوڵە بکات، ئاسانتر وزە وەک ئامڕازێکی سیاسەتی دەرەوەی لە دژی یەکێتی ئەوروپا بەکاربھێنێت. بەردەوامیش مۆسکۆ کار لەسەر گەورەکردنی ئەو درزە دەکات لە نێوان وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا. ڕوسیا مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیەکە جیاوازە لە بواری وزەدا. لەگەڵ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و نەمسا مامەڵەیەکی نەرم دەکات و بەردەوام بڕی زیاتری گازی سرووشتیان دەخاتە بەردەم و چانسی بەشدارییان پێ دەدات لە پڕۆژەکانی گواستنەوە و وەبەرھێنانی وزە. لە بەرامبەریشدا مامەڵەیەکی توند و ڕەق لەبەرامبەر وڵاتانی وەک ئیستۆنیا و لاتیڤییا و لیتوانیا دەکات، وەک دەستکاری کردنی نرخی وزە و پچڕاندن و گرتنەوەی وزە، یاخود دەست خستنە ناو کۆمپانیاکانی وزەی نیشتیمانی لە ڕێگەی کڕینی پشکی ئەو کۆمپانیایانە. 

دەرئەنجام
دابەش بوونی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا لە سەردەمی ئەو گۆڕانکارییە خێرا و یەک لە دوای یەکەکانی جیھان و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕۆڵی ڕوسیا و تەحەدییە بەردەوەامەکانی سەر ئاسایشیی جیھانی. کە وا پێویست دەکات ئەروپییەکان دوبارە سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی خۆیان ڕێکبخەنەوە و پاسادان بۆ بەرژەوەندی و ھاوپەیمانێتییەکانیان بکەنەوە. ئەم چەرخە نوێیەی ئاسایش بۆ ئەوروپییەکان بریتیی دەبێت لە چەرخی پشت بە خۆ بەستن. ئەو ئاسایشەی کە جاران ئەمەریکییەکان دابینکەری سەرەکی بوون، لەمەوپاش کاری ئەوروپیەەکان خۆیان دەبێت. 

سەرچاوەکان
١- Dominique Finon. The European Foreign Gas Policy of Transit Corridor: Autopsy of the stillborn NABUCCO project, OPEC Energy Review, ٢٠١١. Volume ٣٥, No ١, P ٤٩
٢- Darwn Rahim, THE NABUCCO NATURAL GAS PIPELINE; A MISSED OPPORTUNITY TO DELIVER KURDISH NATURAL GAS, Erfurt University, Erfurt ٢٠١٦, P ١٢. 
٣- KatinkaBarysch. Should the NABUCO Project be Shelved?, Transatlantic Academy, May ٢٠١٠, P٧
٤- Tim Borsema, Energy Security and Natural Gas Markets, Lesson from Europe and the United States, London ٢٠١٥, Routledge, ٢٠١٥, P ١٧-١٨ 

٥- Irena Dinitrova, EU-Russia Energy Diplomacy- PIP Consortium Quarterly Journal, Partnership for Peace Consortium (PIPC), Garmisch-Partenkirchen- Germany. ٢٠١٠

٦- LeonelaLenes, RaduDudau. European Union`s Energy Diplomacy in the Wider Black Sea. Eurolines Journal. Supplement ٣. ٢٠١١. P ٩١. 

٧- Christian Duch&Jeppe Just, Political Struggle of the NABUCCO Pipeline,Roskilde University, Global Studies, Denmark ٢٠١٢, P ٦٦


‌‌‌
10/26/2017 4:03:49 PM
Print Friendly and PDF