هەواڵ

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی ریفراندۆمی سڕکرد


بزاڤ پرێس:

حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا دوێنێ سێ شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، رایگەیاند: ئەو بارودۆخە گرژ و مەترسیدارەی ڕووبەڕووی عیراق و کوردستان بۆتەوە، ھەمووان ناچار دەکات لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی مێژووییدا بین و ڕێگا نەدەین بارودۆخەکە زیاتر بەرەو شەڕ و پێکدادان بچێت لەنێوان ھێزە عیراقییەکان و پێشمەرگەدا.
دەقی راگەیەندراوەکە…
 
ئەو بارودۆخە گرژ و مەترسیدارەی ڕوبەڕوی عیراق و کوردستان بۆتەوە، ھەموان ناچار دەکات لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی مێژوییدا بین و ڕێگا نەدەین بارودۆخەکە زیاتر بەرەو شەڕ و پێکدادان بچێت لەنێوان ھێزە عیراقییەکان و پێشمەرگەدا.
 
پەلامار و بەریەککەوتنی ھێزەکانی عیراق و پێشمەرگە لە ١٦/١٠/٢٠١٧ـەوە تا ئەمڕۆ، زیانی بە ھەردولا گەیاندوە، لەوانەشە ببێتە ھۆی خوێنڕشتنێکی بەردەوام و لە ئاکامیشدا تێکدانی ڕایەڵە ‌و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکھاتەکانی عیراق.
 
بێگومان شەڕ لە نێوان ھەردولادا نابێتە ھۆی سەرکەوتنی ھیچ لایەک، بەڵکو لە ھەمو بوارەکانی ژیاندا وڵات بەرەو ھەڵدێری گشتی دەبات، بۆیە لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر گەلی کوردستان و عیراق، پێشنیار بۆ حکومەت و ڕای گشتیی عیراق و جیھان دەکەین:
 
١- ڕاگرتنی دەستبەجێی تەقەکردن و ھەمو جۆرە کردارێکی سەربازی لە ھەرێمی کوردستان.
 
٢- سڕکردنی ئاکامی ڕیفراندۆم کە لە کوردستانی عیراق ئەنجام درا.
 
٣- دەستپێکردنی دیالۆگی کراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێم  و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوری عیراق.
 
حکومەتی ھەرێمی کوردستان


‌‌‌
10/25/2017 10:13:08 AM
Print Friendly and PDF