هەواڵ

کۆمەڵ و گۆران و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە


بزاڤ پرێس:

کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە" دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵوەشێتەوە ‌و دەسەڵاتەکانی بەپێی یاسا بدرێتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.


دەقی راگەیەندراوەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی

بۆ روبەڕوبونەوەی قەیران و شکست و کارەساتەکانی سیاسی و سەربازی لە کوردستان، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانمان، راستکردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی، دانانی رێگەچارەیەک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی دوز و کەرکوک و خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری داوا دەکەین:

١-قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان و یەکڕیزی گەلی کوردستان پارێزراوبێت، میللەتەکەمان رزگارکەین لە مەترسییەکانی دوبەرەکی و شەڕی ناوخۆ.

٢-لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی لە رێگای پارلەمانەوە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی مەلەفی گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری رێکخراوە بیانییە تایبەتمەندەکان، تەواوکردنی رەشنوسی دەستور بە جۆرێک سیستەمی پارلەمانی تێدا جێگیر بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ راپرسی، دانانی بەرنامەو پلان بۆ چاکردنی بژێوی خەڵک.

٣-حکومەتی عێراق مامەڵەی لەناوچە جێ ناکۆکەکان بەپێی دەستور بێ و کار بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە بکات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر جێگای خۆیان.

٤-دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵوەشێتەوە ‌و دەسەڵاتەکانی بەپێی یاسا بدرێتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

٥-پەرلەمانی کوردستان سەرچاوەی بڕیار و یاسادانان بێ و ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەروی پەرلەمانەوە نەبێ.

 

ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری        کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان         بزوتنەوەی گۆڕان

٢٠١٧/١٠/٢٣


‌‌‌
10/24/2017 11:16:33 AM
Print Friendly and PDF