راپۆرت

هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ربازییه‌كان و سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى



پ.ی.د.ئومێد ڕە فیق ـ مامۆستای زانکۆ و توێژەر

پێشەکی:

کۆتایھاتنی جەنگی جیھانی دووەم، لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە کۆمەڵێک ھاوپەیانی سەربازی لێکەوتەوە، لە ڕووی ئەمنییەوە چەمکی ( ئاسایشی گشتی) ھاتەکایەوە، یەکێک لە میکانیزمەکان بۆ بەدیھاتنی ئەم ئامانجە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانە، لە ڕووی سەربازیشەوە جەمسەربەندی سیاسی دروست بووە کە بۆ پاراستن و مانەوەی کوتلە سیاسیەکە کۆمەڵێک ھاوپەیمانی سەربازی دروست بوو لە لایەن جەمسەربەندی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، جەمسەری سۆڤیەتی پێشوو، لە نێو گرنگترین ئەو ھاوپەیمانیەتیانە کە ناسراوە بە (ھاوپەیمانی ناتۆ) لە ساڵی ١٩٤٩. ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم ھاوپەیمانیەتیەوە ویستی بەربەست دروست بکات لە بەردەم بڵاوبونەوەی ئایدۆلۆژیای شیوعی، و بە تایبەتی بۆ ئەوروپا. ھەروەھا ئەمریکا کاریکرد لەسەر دروستکردنی پشتێنەی باکوور کە ھەریەک لە دەوڵەتانی ( تورکیا و ئێران و پاکستان) ی لە خۆ گرتبوو. ئەمە جگە لەوەی دەیان بنکەی سەربازی بە وڵاتانی ئەوروپا و کۆریای باشوور و یابان و فلیپین و بڵاوکردەوە و، ڕۆڵی گرنگیشی ھەبوو لە دروستکردنی ھاوپەیمانی بەغداد، پاشان یەکێکی تر لە ھاوپەیمانێتییە گرنگەکان کە بە (ھاوپەیمانی مانێلا)یان سەیتۆ ناسراوە، ئەم ھاوپەیمانێتیە سەربازییانە جگە لەوەی بۆ پاراستن و قایمکردنی پێگەی وڵاتە یەکگرتوەوکانی ئەمریکا بو,ە، بەڵام ڕۆڵی گرنگی گێراوە لە پاراستن و بە ئامانج گەیشتنی ئاسایشی گشتی، بۆیە ئەمریکا لە نێوان ئەو ھاوپەیمانێتیە کۆمکارییانەدا کە ڕۆڵی سەرکردایەتی بینینەوە چی لە ڕووی پشتگیری ماددی و چ لە ڕووی مەشق و تەیارکردنی تەکنۆلۆجیای سەربازییەوە، ژمارەی سەربازەکانیشی لەو ھاوپەیمانێتیەنەدا بەراورد ناکرێت بە وڵاتانی ئەندامی ناو ھاوپەیمانیەتەکە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەمریکا چەندین ھاوپەیمانی سەربازی دوو قۆڵی  سەربازی و ستراتیجی لەگەڵ کۆمەڵێک دەوڵەت ھەیە وەکو ھاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ (ئیسرائیل و سعودیە و عێراق) لە ئێستاشدا لە ھاوپەیمانێتیەکی ستراتیجی و سەربازیدایە لەگەڵ (٦٦) دەوڵەت کە بە( ھاوپەیمانی نێودەڵەتی دژ بە داعش ) ناسراوە. سەرەڕای ئەوەی کە ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێتی پێشوو پرسیاری لەسەر نھێنی مانەوەی ھاوپەیمانی ناتۆ دروستکردوو، ھێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر ئەم پرسیارەی دووبارە کردووە لە کاتێکدا ھێڕشی تیرۆرستی سنورەکان تێدەپەڕێنی، ھاوپەیمانی ناتۆ ، بیانوی مانەوەی چی یە؟
لەسەردەمی سەرۆک بۆشدا ئەو ڕەوتەی کەبە ڕەوتی (کۆنسەرڤاتیزمە نوێیەکان) ناسراون گومانیان خستەسەر ھاوپەیمانی ناتۆو تەنانەت ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەمەش زیاتر پێیان وایە  ئەمریکا مافی ئەوەی ھەیە بە تەنھا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەوەی کە جێگەی لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکەیدا بە چاوێکی بێبایەخەوە سەیری ھاوپەیمانی ناتۆ دەکات، تەنانەت باس لەوە دەکات کە بە زۆربەی ھاوپەیمانێتیەکاندا دەچێتەوە و بە شێکیان ھەڵدەوەشێنێتەوە(١).

یەکەم : ھاوپەیمانییە سەربازییەکان و گۆڕان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا:
لەسەرەوە  باسمان لە ھاوپەیمانیە سەربازییەکان کرد، لێرەدا باس لەسەر ئەوەیە کە بۆچی ئیدراکی سیاسی لە ئەمریکا بە ئاراستەی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەیە چ لە بواری بازرگانی و پەیوەندی و ھاوکارییەکان ، چ لە بواری سەربازی و ھاوپەیمانییە ستراتیجیە ئەمنییەکان، ئیدارەی ئەمریکا جگە لەوەی کە لە ڕوانگەی ئابووری و وزە باس لە گرنگی  مانەوەی یان دەرچوونی ئەم بابەتە دەکات، دەیەوێت ئیدارەی گۆڕانەکان لە دوو ڕەھەندی سەرەکیەوە بکات، ئەوانیش ڕوانگەی ھەڕەشە وەکو ڕێگەیەک بۆ ئیدارەدانی گۆڕانکاری، دووەمیان پرەنسیپی ڕووبەڕووبونەوە و دروستکردنی دوژمن. بە پێی پرەنسیپی یەکەم ھەڕەشە یەکێکە لە میکانیزمەکانی ھێز کە لەکاتی ململانێ و کێشەکاندا پەنای بۆ دەبردرێت، لە شێوازە کلاسیکیەکانی ھەڕەشە بریتیەلە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەمەش لە چوارچێوەی دروستکردنی ھاوپەیمانی و تەکەتولاتی سەربازی.(٢). دروستکردنی ھاوپەیمانێتیەکانیش  لە کۆندا بە دوو ڕێگەکراوە یان لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکان بە ڕێگەی ھاوسەنگی، یان لە ڕێگەی ملکەچکردن و موسایەرەکردنی ھەرەشەکانەوە بووە. ئەمریکا لە بەدەستھێنانی ئەم ڕێگەیەدا مارکیتینگی ھەڕەشەی دەکرد و سەرکەوتوو بوو لە بەدەستھێنانی ئامانجەکەیدا. بەڵام ڕووبەڕووبونەوە یاخود تەحەدی بریتیەلە کۆمەڵێک کردار یا پەرچەکرداری ناودژ و بەردەوام لەسەر ئاستی جیاواز و لە نێوان ئەو  لایەنانەی کە ئامانجی ستراتیجی دژ بەیەکیان ھەیە و ئامانجیانە  ئاسایشی نەیارەکانیان بشکێنن و نەگەن بە ئامانجەکانیان.(٣).
ئەم دوو ستراتیجە لە قۆناغ و ئاستی جیاوازدا تاقیکراوەنەوە بە بێ ئەوەی لایەنە ئابوورییەکەی بکرێتە پێش مەرج بۆ وڵاتانی ھاوپەیمان، لەسەردەمی ترەمپدا  ئەگەر سەردەمی بانگەشەکانی وەکو قۆناغی سەرەتایی بۆ جێبەجێکردنەکەی بکەین بە پێوەر لەبارەی ھاوپەیمانی سەربازیی و ئەمنییەوە، ترەمپ بە پێچەوانەی تێڕوانینەکانی ترەوە پێی وایە دەبێت ئەمریکا واز لە سیاسەتی بەکارھێنانی بنکەی سەربازی و یاخود بڵاوکردنەوەی ھێزە سەربازییەکانی بھێنێت لە خاکی دەوڵەتانی تردا، یاخود بچێتە ھەر ھاوپەیانیەتییەکی ئەمنیەوە کە تێچونی ماددی گەورە بکەوێتە سەر ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژنامەی واشتن پۆست لە ئەپریلی ٢٠١٦ لەگەڵیدا ئەنجامیداوە  ڕۆژنامەکە پرسیاری لە ترەمپ کردووە لەبارەی ئەوەی کە ئەمریکا چ سودێک لەوە دەبینێت کە بنکەی سەربازی لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ھەبێت، ترەمپ زۆر بە ڕاشکاوی وڵامدەداتەوە و دەڵێت: (من ھیچ سودێک نابینم ). (٤).
چەندین جار و لە شوێنی جیاوازدا ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە ھاوپەیمانی ناتۆ  بوەتە دەزگایەکی ناکار و کۆن، ھەروەھا وتویەتی ئەمریکا دۆخی زۆر باشتر دەبێت ئەگەر دەستبەرداری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببێت، ئەم بۆچوونانە بە تەواوی پێچەوانەی ڕای حیزبییە لە ئەمریکا و پێچەوانەی ڕای دامودەزگای ئەمریکیە کە ڕایان وایە لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکا ئەوەیە پابەند بێت بە پاراستنی ھاوپەیمانییە ستراتیجی و ئەمنیەکانی لە ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەراست.(٥). 
ئەم تێڕوانینە دەرگا بە روی مەترسی گەورەدا دەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە نەیارەکانیان  لە پەراوێزی ھاوپەیمانییە سەربازییەکاندا وازیان لەخەونی داگیرکردن و قوتدانی سەربازی ھێناوە، لە حاڵەتی نەمانی ئەم مەترسییە ئەگەرەکان زیاتر بەرەو نائارامی سەربازی مەترسی ھەڵگیرسانەوەی شەڕ دەچن، لە باشترین حاڵەتدا ئەم بۆچونانەی ترەمپ کار لەسەر دوو ڕەھەندی سەربازی و ئەمنی دەکەن:
یەکەم : دەوڵەتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا زیاتر بیر لە خۆ پڕ چەککردن و بەسەربازیکردن و گۆڕانی ھاوپەیمانی سەربازی دەکەنەوە، دوور نیە نەیارە پێشینەکان ببن بە دۆستی نوێ، لەم حاڵەتانە گروپی پیشەسازی ئەمریکی ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و سەرمایەکی گەورە ڕوو لە ئەمریکا دەکات.
دووەم: ڕاکێشانی سەرنجی ناوخۆی ئەمریکایە لە ڕووە سیاسی و ئابوورییەکەیەوە بۆ ترەمپ، چونکە لای ئەمریکیەکان ئەوە ساغ بوەتەوە کە ئەمریکا بەشێکی گەورە لە سامانی وڵاتەکە و سەرمایەی ھاوڵاتیان لە سیاسەتی دەرەوەدا خەرج دەکات.
بۆیە ترەمپ کار لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە شەریکەکانی ئەمریکا ئەرکە ئابووری و داراییەکانی بوونی سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکانیاندا بگرنە ئەستۆی خۆیان، لێرەدا ترەمپ سوپای ئەمریکا وەکو کۆمپانیایەکی پاراستنی تایبەت سەیر دەکات کە لەبەرامبەر ئەوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی پێشکەش دەکات، ئەرکە مادییەکانی بکاتە سەر ئەو لایەنە.ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە لە بواری بیروباوەڕی ئاسایش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ترەمپ جارێکی تر ئەوە دووپات دەکاتەوە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەبەرگریکردن لە ھاوبەشەکانی، دەبێت ئەو ھاوبەشانەمان لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ئەرکە مادییەکانی  کەشتی حەوتەم بگرنە ئەستۆ بۆ پاراستنیان لە چین. ھەروەھا دەبێت ئەوروپا ئەرکی دارایی چەتری چەکی ناوەکی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ کە فاکتەری سەرەکیە بۆ پارێزگاری لەو ھەڕەشە و مەترسییە ستراتیجیانەی کە ڕووسیا ھەیەتی لەسەر ئەوروپا. ھەروەھا لەسەر دەوڵەتانی کەنداویشە ئەرکە داراییەکانی  کەشتی پێنجەم بگرنە ئەستۆ لەبەرامبەر پاراستن و پارێزگاریکردنیان لە ئێران .(٦).ئەم گۆرانە لە بیروباوەری ئاسایش لە سیاسەت و ستراتیجیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئاسایشی و ئاشتی نێودەوڵەتی دروست دەکات و ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ دۆخێکی تازەی نێودەوڵەتی .

دووەم : ڕەنگدانەوی سیاسەتی سەربازی و ئەمنی ئەمریکا لەسەر ئاسایشی جیھانی
لای ترەمپ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا وڵاتێکە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر کەمترین ھەڕەشەی ئاسایشی لەسەرە ، لەگەڵ ئەمەشدا زۆرترین سەرمایە و سەرچاوەی دارایی خۆیی لەبواری ھاوپەیمانی سەربازی و بەدیھێنانی ئاسایش لەسیستەمی نێودەوڵەتی تەرخانکردوە، لەھەمووشیان گرنگترە ئەو بابەتەیە کە بەھەڕەشەکانی ترەمپەوە ھەیە لەبارەی ( ناتۆ)وە ، چونکە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە ئەکەکانی ناتۆ لە ڕووی ستراتیژییەوە وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانانەیە کەلە ژینگەی ئاسایشی جیھانیدا ڕوودەدات. (٧).
یەکێک لەو ھەڕەشانە کەمکردنەوەی ئەرکەداراییەکانی ئەمریکایە بۆ ناتۆ، ئەم بڕیارە بە واتایی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ناتۆو پەراوێزخستنی دێت. لای ترەمپ ھاوپەیمانی ناتۆ چەترێکی بەخۆراییە بۆ پاراستنی ئەوروپا، چونکە زۆرترین ئەرکەکانی لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت.
ئەگەر سەیری راپۆرتی  بودجەی  بەرگری ساڵی ٢٠١٦ی ناتۆ بکەیت، دەبینیت بڕەکەی دەگاتە ٩١٨  ملیار دۆلار، لەم برە بەشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٦٦٤ ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە ٧٣% ی  بودجەی بەرگری.( ٨) .
بۆیە بە نیسبەت ترەمپەوە، ئەوروپا و ئاسیا وەکو سەرنشینێکی بە خۆرایی وان (راکب مجانی) ، لە کاتێکدا ئەوان لەسایەی ئەو چەچرە ئەمنیەدا زۆرترین بودجەی وڵاتەکانیان بۆکەرتەکانی تری وەکو تەندروستی و خوێندن وپەروەردەو ژینکە تەرخان دەکەن.ئەم بۆچونانەی ترەمپ مەترسیەکی گەورەی لە ئەوروپا دروست کردوە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان ھەبو لەگەڵ ئەوەی لە واقیعدا ھەن دوو شتی جیاوازن، زیاتر لەسەد رۆژ بەسەر فەرمانڕەوایی ترەمپدا تێپەڕی، ھەتاوەکو ئێستاش جیھان چاوەڕوانی سیاسەتی رۆشن و ( فرەلایەن)ی ترەمپە بەرامبەر بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پرسە کاریگەرە نێودەوڵەتییەکان، کە لە گرنگترینیان بریتین لە جەنگی سوریا و وەکو کلیلی چارەسەری و یەکاڵاکردنەوەی زۆر کێشەی سیاسی و ئەمنی یەکلاکەرە بە ڕووی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیادا، ھەروەھا ململانێی لەگەڵ چین و ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام ئەوەی ڕوون نیە نەبوونی ئاستێکی سیاسی بابەتی ھەمەلایەنە، بە پێچەوانەوە ڕەفتاری سیاسی ترەمپ شتێکی تەواو جیاوازە لە گوتارە سیاسییەکانی لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان، بۆنموونە لەکاتی پێشوازییە گەرموگورەکەی لە سەرۆکی چین و، لەکاتێکدا لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا ھێڕشی زۆر توندی کردۆتە سەر چین و بەشێک بووە لە بونیادی گوتارەکانی ترەمپ لەسەر سیاسەتی چین بەرامبەر بە ئەمریکا. 
ھەرچەندە لە وێنە گشتیەکەدا کە سەیری ڕوداوە سیاسییەکان دەکەیت لە دوای ترەمپ وێستگەی دبلۆماسی ئەمریکی پرە لە سەردان و ، لە ناو سەردانەکاندا ھەڵبژاردەیەکی گرنگ لە ھێزی کاریگەر دەبینی بە تایبەتی لە وانەی کە تایبەتە بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گرنگترینیان ( سعودیە ، تورکیا ، ئیسرائیلە) لە ناو ئەم دەوڵەتانەدا لە نێوان دۆستە کاریگەرەکاندا ( سعودیە و ئیسرائیل) وەکو ھاوپەیمانی دڵسۆزی ناوچەکە و خاوەن قورسایی ئاینی و مەزھەبی دەمێننەوە، بۆ ئەمریکا خاڵی ھاوبەشی گرنگن لە گرنگتریینیان ھەردووکیان نەیاری سەرەکی نفوزی ئێرانن. تورکیاش بۆ ئەمریکا گرنگە و وەکو ڕکابەری سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە سیاساتی دەرەوەی ترەمپ بۆ ئەم ناوچەیە ،ھەوڵدانە بۆ بیناکردنەوەی ھاوپەیمانی تازە ،لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی لە ناوچەکە ، ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ئەم ھاوپەیمانێتیە ( سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو، مێر و ئەردەن و  ئیسرائیلە) ئەوە دەوڵەتانەش  خۆی بە پارێزەرییان دەزانێت و جێگەی ململانێی نفوزی دەوڵەتانی ،  بۆیە لەم سەردانەی ترەمپ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەراست کردی دۆستە گرنگەکانی بەسەر کردەوەو ، لە ناو دۆستەکانیدا لە سعودییە بۆندێکی گەورەی سەربازی ئیمزاکردەوەو پەیمانی ھاوکاری بە سعودییەکان داوە .  ئەم بۆندە لە بواری بەرگرییەدا  برەکەی ١١٠ ملیار دۆلارە کە پێنج تەوەر لە خۆ دەگرێت (ئاسایشی سنورەکان و قەڵاچۆکردنی تیرۆر، ئاساشی دەریا و وشکانییەکان، نوێکردنەوەی ھێزی ئاسمانی، بەرگری ئاسمانی و موشەکی، نوێکردنەوەی ئاسایشی سیبرانی و  پەیوەندییەکان)، ئێمە سەرەڕای ئیمزاکردنی بۆندی بەرگری لەگەڵ ئەم کۆمپانییانەی ئەمریکا کە کار لە بواری پیشەسازی سەربازی دەکەن، لەوانە:کۆمپانیای ( لۆکھید مارتن) ، ھەروەھا کۆمپانیای ( رایسیون) و  ، کۆمپانیای (جەنەراڵ داینامیکس).(٩).
ھەروەھا لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ وڵاتانی (G٧) و سەرۆکی ناتۆ جارێکی تر جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایشی جیھانی کردەوەو ، ئاسایشی ئەمریکای بەستەوە بە ئاسایشی جیھانەوە. ئەمە نیشانەی  جۆرێک لە گێرانەوەی متمانەیە بە ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیەکانی گەورەبوونی ڕۆڵی ڕووسیا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست. بە تایبەت دوای ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کوردستانی ڕۆژئاواو  موشەک بارانکردنی سوریا دوای ئەوەی کە گازی خەردەلی بەرامبەر بە ھاوڵاتیان بەکارھێنا.

 دەرئەنجام
ھەرچەندە جۆرێک لە ڕاڕایی سیاسی و ئەمنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەیە بەرامبەر بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ھاوبەشە سیاسییەکان و  ھاوپەیمانیە سەربازییەکان، ھەروەھا دروست بوونی جۆرێک لە رەوتی بەرچاو کە پشتکیری لە پرەنسپەکەی ترەمپ دەکەن بەوەی کە نابێت ئەمریکا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵی  پۆلیس بگێرێت ، بەڵام ئەم بیروبۆچوونە کە ئەمریکا بەرەو دابڕانی دەبات لەسەر ئاستی دامو دەزگایی و حیزبی پشتگیری لێناکرێت، ھەروەھا نەخشاندنی وێنەی دونیا بەوەی کە ئاسایشی جیھان ئاسایشی ئەمریکا نیە، تاڕادەیی نا واقیعی بوون ڕەتکراوەیە و ترەمپیش لە ئێستادا پاشەکشەی واقیعی لێکردووە.

سەرچاوەکان:
١ـ مروان قبلان، اگروحات ادارە ترمب ونڤام مابعد الحرب العالمیە الپانیە، مجلە سیاسات عربیە،العدد٢٤ ٢٠١٧، ێ ١٠٤.
٢ـ د.حازم الجنابی، ادارە التغیر الاستراتیجیە الامریکیە الشاملە، دار الحامد، ٢٠١٤،ێ ٣٠١.
٣ـ ھەمان سەرچاوە ، ل ٣١٠.
٤ـ مروان قبلان، ھەمان سەرچاوە،  ل١٠٨.
٥ـ ھەمان سەرچاوە، ل ١٠٨.
٦ـ إکرام یوسف، حلف ناتو، علی موقع http://www.masralarabia.com/%D٨%B٥%D٨%AD%D٨%A٧%D٩%٨١%D٨%A٩- 
٧ـ  د. محمد حسون، الاستراتیجیە التوسعیە لحلف الناتو وڕپرھا علی الڕمن القومی العربی، مجلە جامعە دمشق للعلوم الاقتێادیە والقانونیە، المجلد ٢٦، العدد الپانی ٢٠١٠، ێ٩٤٣.
٨ـ مروان قبلان، ھەمان سەرچاوە، ل ١٠٩.
٩ـ   ترامب یعلن ێفقات بین السعودیە وڕمریکا تتجاوز ٤٠٠ ملیار دولار.. تعرّف علی ڕبرزھا، العربیە، (٢٢ مایو/ڕیار ٢٠١٧)، من موقع https://arabic.cnn.com/business/٢٠١٧/٠٥/٢١/saudi-us-agreements-signed-trump-visit


‌‌‌
9/14/2017 10:16:15 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ