راپۆرت

١١ی سێپتەمبەر ..دەرەتانی چەتەکانی ئابوریی نێودەوڵەتی


بەھرۆز جەعفەر
               
"سەرلەبەیانی  ڕۆژی (١١/٩/٢٠٠١)  لە نیۆرک، فڕۆکەیەک لای باکورەوە خۆی ئەکێشێت بینای بورجی بازرگانی جیھانی دا، دوای چەند خولەکێک فڕۆکەیەکی تر لەبەشی باشوری ھەمان بورج ئەدات ،ئینجا فڕۆکەی سێھەم خۆی ئەکێشێت بە بینای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پینتاگۆن) دا،فڕۆکەی چوارەمیش بەرلەوەی ئامانجەکەی بپێکێت،تێک ئەشکێنرێت . لەئەنجامدا (٢٩٧٣) کەس گیان لەدەست ئەدەن و،(٢٤) کەسیش دیارنامێنێت، ھەزاران کەسیش بریندار ئەبێت " ئەمە کۆی ڕووداوەکەیە،کە بیرمەندی ئەمریکی " نعۆم چۆمسکی" لە ناونیشانی کتێبەکەی دا پێی دەڵێت " ١١ی سێپتەمبەر... تیرۆر دژی تیرۆر".. ئێمە لەم باسەماندا، خوێندنەوەیەک بۆ سیستەمی سەرمایەداریی و، ڕیشەو لێکەوتە ئابورییەکانی (١١ی سێپتەمبەر) ئەکەین .
ئەگەر ھێلێکی مێژوویی بۆ جیھانگیریی (عـولـمـە-Mondialisation) دیاری بکەین،ئەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، کە پیشەسازیی لەخۆرئاوا دەقی گرت، شۆڕشی گەیاندن و تەکنەلۆژیای سەریھەڵدا. ئینجا لەچوارچێوەی  پرۆژەکە ی (جۆرج مارشاڵ) دا ئەمریکا (١٣) ملیاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپای دوای دووجەنگە جیھانیەکە تەرخان کرد، مارشاڵ بوو بەناوێک  بۆ جیھانگیریی لەڕووی ئابورییەوە .دوایی تۆڕی ئینتەرنێت (World,Wide,web) (www) زامنکرا..ھەلومەرجی سیاسیش وابو کە: جەنگی سارد کۆتایی پێھات،دیواری بەرلین ڕووخا. ئیتر لێرەوە  بە بەراورد بە پێش جەنگی سارد،جیۆپۆڵەتیک و پێگەی جوگرافی ئەو گرنگیەی نەما، لەجیاتی ئەوە چەمکی (بازاڕ) ڕۆڵەکە ئەبینێت، بەو ھۆیەشەوە سەرەنجام: دامودەستگەکان ،بازاڕەکان ،زانکۆکان، ڕاگەیاندنەکان، ھەمووی بەسترا بەمانگی دەستکردو ئینتەرنێتەوە .
پرسیار  کەوتە سەر چەمکی (دەوڵەت) و (ئەرکەکەی)،لەوساوە لەبەرگی ئامرازەکانی جیھانگیریی و پۆست مۆدێرنیتیەدا،سێ جۆر چەتە مرۆڤایەتیان ھەراسان کردووە (چەتەکانی دەریا،چەتە ئەلیکترۆنییەکان،چەتە ئابورییەکان) ..بەجۆرێک ئەو گورزانەی لەدوای جەنگی ساردەوە، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بەردەوڵەتان ئەکەوێت،ترسناکترە لەو گورزانەی لە ڕێگەی دەیان مووشەکەوە بەریان بکەوێت،مەسەلەن : ھەرخودی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ساڵی (١٩٩٥) ڕووبەڕووی (٢٥٠٠٠٠) ھەزار ھێرشی ئەلیکترونی بۆتەوە..لە (٢٠١١) دا (٢٤٠٠٠) ھەزار مەلەف ی (پنتاگۆن) یان بەم ڕێگەیە دزیوە..ئاخۆ کاریگەریی ئەم ئیختراقکردنە بۆ وڵاتانی دواکەوتوو بەکاربەر چەند بێت؟!..ھەرچی چەتە ئابورییەکانیشە،لەوە ترسناکتر،کە لەدوای دووەم جەنگی جیھانییەوە، وا (٧٠) ساڵە بەسەرکردایەتی ئەمریکا ئیش لەسەر کۆنترۆڵکردنی ھەموو مرۆڤێکی گۆی زەوی ئەکەن .ھۆکاری کوشتن و لەبرسا مردنی زیاد لە (٩٠٠) ملیۆن مرۆڤن،لەگۆی زەویدا .
 
   یەکەم: چەتەکانی ئابوریی نێو-دەوڵەتی (Piracy of International Economy) 

چەتەکانی ئابوریی (قراێنە الاقتێاد) یان کۆربۆکراتیەکان- Corporatocracy) کەسانێکی شارەزاو پڕۆفیشناڵن،کە پارەو داھاتێکی بەرزیان ھەیە،کاریان ئەوەیە لەھەموو جیھاندا  ملیارەھا دۆلار بە فێڵ و غەشکردن بکێشنەوە،بەتوندی ئەم نوخبەیە گرێدراون بە بانکی دەولی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و،دەستەی ھاوکاری ئەمریکی و دەستگە نێودەوڵەتیەکانی ترەوە، ھاوشێوەی خێزانێکی دەوڵەمەند دەستیان گرتووە بەسەر ھەموو جومگەکانی سامانە سروشتییەکان لە گۆی زەوییدا،بۆ گەیشتن بەمەش : ڕاپۆرتی دارایی دروست ئەکەن،ساختەکاری لەھەڵبژاردنی وڵاتانی دیکەدا ئەکەن،ڕەشوە، ھەڕەشەکردن، مەسەلەی ئارەزووبازی و جنسی...تاد.بەکارئەھێنن..بەھاوکاری موخابەراتی بەریتانی و ئەمریکی لەھەموو کووچەیەکی ئەم جیھانە پیاوی خۆیان دروستکردووە..
کۆربۆکراتیەکان،نوخبەیەکی ڕێویی ئاسان، موخابەراتی مەرکەزیی ئەمریکی (CIA) پشتیان پێدەبەستێت ، بەشێوازی ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان بەڵام لە ژێر ناوو بەرگی تازەو،سەردەمی جیھانگیرییدا، کڕۆکی کارەکەیان ئەوەیە،وڵاتانی  خاوەن سامانی سروشتی،یان لایەنگری بلۆکی شیوعییەت،بخەنە ژێر ھاواری قەرزێکی  زۆرەوەو ئیفلیجی بکەن .سەرەتا قەرز ئەدەن بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوریی و ،بونیادنانی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەباو،ڕێگاو،فڕۆکەخانەو،دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی گەورە، ئەم قەرزە سنوردارە، بەو مەرجەی دیزاین و بەڕێوەبردنی پرۆژەکان لەلایەن نوسینگەکانی ئەم کۆمپانیایانەوە بێت . دواتر وڵاتەکە ناتوانێت قەرزەکە بداتەوە،ڕەنگیشە لەلایەن سیستەمی دارایی جیھانییەوە کە ھەر خۆیانن، نرخی نەوت لەناکاو داببەزێنن (دواتر دێینە سەرباسکردنی)..ئیدی مەرجی ئابوریی و سیاسیی سەخت بەسەریا ئەسەپێنن .بەمەش لەئاستی جیھانییدا دەوڵەمەندەکان تادێت سامانەکەیان زیاد ئەکات و،ھەژارەکانیش ھەژارییان پتر ئەبێت .
جۆن بیرکنز (John Perkins)  لە کتێبی تیرۆرکردنی ئابوریی- دانپیانانی چەتەیەک (Confessions of an Economic Hit Man) ،وەک چەتەیەک لەناو ئەم نوخبە ترسناکانەدا،نمونەی" ئیکوادۆر"  باس ئەکات، کە پاڵیان پێوە ناوە بۆ ئیفلاسبون ،لە تەنھا (٣) گرێبەستدا وایانلێکردووە ، ڕێژەی ھەژاریی  (٥٠%)  بۆ  (٧٠%)  ی دانیشتوان بەرزبێتەوە، ڕێژەی بێکاری لە (١٥%)  بگاتە  (٧٠%).. قەرزی گشتی لە (٢٤٠) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (١٦) ملیار بەرزبێتەوە . دەرەتانێکی وا کە ئیکوادۆر (٥٠%) بودجەی ساڵانەی تەرخان بکات بۆ دانەوەی قەرزی دەرەکی . تەنھا چارەسەریش کە بانکە نێو-دەوڵەتیەکان خستیانە بەردەم ئیکوادۆر، فرۆشتنی دارستانەکانی ئەمازۆن بو بە کۆمپانیاکانی پیترۆڵی ئەمریکا، کە نەوتێکی بێشوماری تیادایە،ئەو تیمە بانکیە ئەندازیاری تاکتیک بازی وایان لەتەکە،کە نەک ھەر ژێرخانی وڵاتەکەیان چاک ناکەن ،بگرە ئەو ھەموو تاڤگەو دیمەنە دڵفڕینەی ئەمازۆن و ناوچەکەیان وێرانکرد، سەدان ھەزار مرۆڤیان برسیکرد،ھەزارەھا ئاژەڵ و گیانەوەر و ماسی یان لەناوبرد،بۆ ھەر (١٠٠$) ێک لەنرخی نەوتی خاویش (٧٥$) ی بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئەبێت .
لەسێبەری ئەمانەدا،لە پشت ھەر ووشەیەکی جوان و فێڵێکی  زمانەوانیەوە ، گەمەی دۆلار و ئابوریی بونی ھەیە. بۆنمونە: لەساڵی (١٩٨٠) بەدواوە جیھان گەیشتبووە لوتکەی بێتاقەتی و بەدەست گرفتی ئابورییەوە ناڵەی ئەھات،ئەمریکا بەرنامەی خۆراکی ئاشتی (Food for Peace) ڕاگەیاند، لەگەڵیدا ویلایەتە یەکگرتوەکان نرخی ئامێر و بەرھەمی کشتوکاڵی خۆی گرانکرد ..ئینجا دەستەواژەی ڕەونەقداری وەک: "پەیامی ئێمە،فەرمانڕەواییەکی باش و ئازادکردنی بازرگانی و،گەڕانەوەی مافە بەکاربراوەکانە"..!..ببینن: ھەموو دەستەڵاتەکانی ئەم جیھانە لەسەر گەمەی زمان شەرعیەت وەرئەگرن ،باسی باشکردنی ژیانی خەڵکی ھەژار ئەکەن، دواجاریش تا دێت  ژیانی ھەژاران خراپتر ئەبێت !.
داتا ونمونەکانی ناو ئەم نوسینە،بێئەندازە ئەوەمان پێ نیشان ئەدەن "ئەمریکا،دەست لەھەر وڵاتێک وەربدات،ئابورییەکەی وێران ئەکات "لەپێش شەڕی کەنداو تا ئەمریکا دەستی وەرنەدابو، نرخی (١) دیناری عێراقی بەرانبەر (٣$) ی  ئەمریکی بو،کە ئامریکا دەستی وەردایە شەڕەکە،نرخی دۆلار نزیکەی  (١٠) ھێندەی نرخی دینار بەرزبۆیەوە .لەو پلانەی (CIA) ئەمریکی  بۆ ڕووخانی (موحەمەد موسەدەق) ی ئێران دای ڕشت لە (١٩٥٣)،لەو کودەتایەی  دژی  سیلڤادۆر لیندی کرا،تا ڕووداوەکانی تشیلی و ھێنانی دیکتاتۆر بۆ کۆماری مۆز،ئەمریکا لە ڕێگەی نوخبەیەکی مافیاو چەتەی ئابورییەوە کار بۆ ھاوسەنگی و بەرزکردنەوەی بەھای دۆلاری خۆی  ئەکات، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا،لەنمونەی کتێبەکەی (جون بیرکنز) دیسان کتێبی (لعبە الامم) ی (مایڵز گۆبڵاند) ھەیە،بەھەمان شێوە ناوبراو ئەفسەری دەستگای موخابەراتی ئەمریکابوە و،ئاگاداری ھەموو ڕووداوەکانی نێوچەکە بووە،دانپیانانەکانی نوسیوە،لە پشتگیریی کردنی ئەمریکا بۆ کودەتا لە: ئێران،عێراق،ئەردەن، سوریا ...تاد . و دروستکردنی بەڵاو موسیبەت بۆیان . 
دووەم: فەنزەویلا نمونەیەکی زیندوو 

فەنزەویلا: وڵاتێکی ئیشتراکی دیموکراتی، ساڵی (٢٠٠٢) چوارەم گەورەترین دەوڵەت بو،بۆ ھەناردەکردنی نەوت لەئاستی جیھاندا،لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی ئەمریکا بۆ ھاوردەکردنی نەوت پشتی پێدەبەست پلەی سێھەم بو .کۆمپانیای "پیترۆڵی فەنزەویلی" یان دانا، کە (٤٠٠٠٠) چل ھەزار کەس کاری تیائەکرد، فرۆشی نەوت ساڵانە (٥٠) ملیار دۆلاربو،بە لە (٨٠%) پشکی لە دەستکەوتی ھەناردەکردنی نەوتدا ھەبو،لەماوەی دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە فەنزەویلا لە ھەژارترین وڵاتی جیھانەوە خۆی گەیاندە ڕیزی دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمریکای لاتینی .وەختێک ساڵی (١٩٧٣) ئۆپیک ڕایگەیاند،نرخی چووەتە ئاستێکی پێشبینی نەکراو، بودجەی فەنزەویلا (٢) ھێندەی خۆی زیادی کرد..ئێ ..ڕێوییەکانی (CIA) فرسەتیان لێ ھێنا،بەناوی ئەوەی پرۆژەی پیشەسازیی گەورە بۆ فەنزەویلا دروست ئەکەن، ژێرخانەکەی بینا ئەکەن، بازاڕی کراوەو پڕ بەرھەمیان کەوتە دەست ..لە پڕ نرخی نەوت دابەزی !. فەنزەویلا نەیتوانی قەرزەکان بداتەوە، ئینجا خێرا لەگەڵیدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) مەرجی شۆکھێنەری سەپاند بەسەر کاراکاس (پایتەختی فەنزەویلا)..کاردانەوەی ھۆگۆ-شاڤێزی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمە زۆر توند بو، فەوزەوییەکانیش (٢٠٠) کەسیان لێ کوشتن..پیترۆڵ بوو بەو سەرابەی لە بیاباندا چاوەڕێی خۆشبەختیان لێ ئەکرد..سوودیان لێ نەبینی.تائەوەی لە نێوان (١٩٧٨-٢٠٠٣) دا  بەرھەمی گشتی نێوخۆیی و نەتەوەیی (GDP) و (GNP) بەرێژەی (٤٠%) دابەزی . 

سێھەم: بازاڕی ئازاد 
 ئەمریکا،بەپێی ویستی کۆمپانیاکانی خۆی ،جیھانی بۆ (٣) ناوچەی ئابوریی جۆریی دابەشکرد:  (فەنزەویلاو مەکسیک و کەنداوی عەرەبی بۆ نەوت ، ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی بۆ ھەرزانی دەستی کارو کۆکردنەوەی بەرھەم، چین بۆ بەکاربردن-استھلاک) .ئینجا لەگەڵیدا وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان (G٨)  و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی دەولی و ڕێکخراوی بازرگانی جیھانی دنە دا، بۆ ئەوەی بەرەیەکی  ھاوبەش دروست بکەن تا لەڕێگەیەوە فەرمانڕەوایەتی جیھانی بکەن،لەناو ئەمەشدا، ژمارەیەک لە پیاوە ڕاقییەکانی کار و نوخبەسەکی سیاسیی و قائیدەکانی ڕەئی یشیان لە وڵاتانی دواکەوتوو بەشداری پێکرد. ئەویش بەمەرجێک بەرگریی لە لیبراڵیزم بەمانا ئەمریکیەکەی بکەن. باوەڕی تەواویان بە (بازاڕی ئازاد !) ھەبێت .ئەوەی سیستەمی ئەمریکی ئەیەوێت لە ھەقیقەتدا بازرگانی ئازاد نییە،بەڵکو قۆرخکردنی ئایندەیە لەبەرژەوەندی ڕێکخراوە ئەمریکاییەکاندا،لەوەی ئازاد بن لەچوونە ناو بازاڕ و شتومەکەکان بەکاربھێنن و،تەکنەلۆژیا قۆرخ بکەن و...تاد .
لە کۆتایی جەنگی سارد (١٩٨٩) دا (USA) ،لەڕێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە،بەجیھانی ڕاگەیاند،کە چەک ئەفرۆشن،ئاستی فرۆشی چەک یان لە (١٢) ملیاری ساڵی (١٩٨٩) ەوە گەیاند بە (٤٠) ملیار لە (١٩٩١) ..بەشدارییان لەھەڵگیرساندنی دەیان جەنگی کاولکەردا کرد،چەندین گروپی تیرۆریستی یان بەکارھێنا،تا فرۆشی چەک بەرزبێتەوەو،پارە بکێشنەوە . ئەمریکا بە پلەی یەک دێت لە فرشتنی چەک دا،بازاڕی چەکی لەجیھاندا قۆرخکردووە بەڕێژەی (٧٥%) .قەبارەی فرۆشتنی چەک لە نێوان (٢٠١٠-٢٠١٤) دا (٢٣%) زیادی کردووە،کە تیایدا بەھۆی بەھاری عەرەبی و ھاتنی داعشەوە (٣٢%) ئەم چەکانە بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووە .بە ئاشکرا بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان نەشاردۆتەوە،کە خۆیان سەدام یان دروستکرد (دوایی سەدام گوتی: نیوەی ئیسرائیل ئەسوتێنم..پێیانگوت: ئەمە ئیشی تۆ نییە.) ئەلقاعیدەیان دروستکرد،دانیان بەوەشدا نا کە خۆیان داعش یان دروستکردووە .

 چوارەم:  ١١ی سێپتەمبەر سەرەتای کەوتنی دەمامکی سەرمایەدارییە 
بەپێی ئامارەکان لەساتەوەختەکانی ساڵی (٢٠٠١) دا، ڕۆژانە (٢٤٠٠٠) ھەزار کەس بەھۆی برسێتی ئەمرن .!. یانزەی سێپتمەمبەر بەرھەمی ململانێیەکی تەقلیدیی و سادە نەبو،پرسیارێک بو لەسەر ھێزی ئابوریی ئەمریکا،ڕیشەکەی ئەچێتەوە سەر شەڕ لەپێناو ناسنامەو شارستانیەتدا .لە نەوەدەکان "فۆکۆیاما" ڕاستی نەکرد لەوەی کە گوتی" کەوتنی سۆشیالیزم و،سەرکەوتنی سیستەمی سەرمایەداریی کۆتایی مێژووە".لای خۆیەوە جاڕی ئەوەیدا خۆرئاوا قوفڵی مێژووی دا و ،کتێبی "نھایە تاریخ" ی نووسی، بەبڕوای من پێش ھەرشتێک (١١ی سێپتەمبەر) وەڵامێک بوو بۆ فۆکۆیاما،بۆیە دواییش وتارێکی نوسی  بەناونیشانی " جا بۆ ڕای خۆم نەگۆڕم"..لەچاوپێکەوتنێکدا ئەیوت: مرۆڤ لەتەمەنی (٣٠) ساڵیدا ئەو قسانە ھەرئەکات .
 ئەو ڕۆژانەی ئەمریکا،ڕەشی پۆشی بو،تاوەرەکان ڕووخابون،پیرەمێردێکی ئەفغانی،لەوناوە ھیچ ڕاچڵەکانێک بەخۆیەوە نابینێت،یەکێک لە نوخبە ئابوریزانەکان لێی ئەپرسێت: خەبەرت ھەیە چی لە ئەمریکا ڕوویداوە ؟.ئەی لە تەلەفزیۆن نەتبینی ؟..نەخێر: ئێمە لە تەلەفزیۆنەوە شتەکان نابینین،ئەوە ئەبینین کە ئەمریکا بەتۆپ و دەبابەوە لە ناو زەوییەکانماندا دێت و ئەچێت .باخەکە ھەنارەکەی خۆمم بیرئەکەوێتەوە کە ئەمریکا لە ئەفغانستان وێرانی کرد ..!.
ئەگەرچی چەند ھەفتەیەک بەرلەوەی ئەلقاعیدە پەلاماری نیۆرک بدات،نیەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان وابو، خێرا سنورێک بۆ شافێز دابنات،تا دەستەکەیان ئاشکرا نەکات،کە (١١ی سێپتەمبەر) ڕوویدا،لەیەک کاتدا،ئەمریکا خۆی لەبەردەم (٣) جەنگدا بینیەوە: (حوکمی وەحشگەرای تاڵیبان و حیکایەتی باخە ھەنارەکەی پیرەمێردەکە، سەدام حوسەینی دیکتاتۆر و گومڕا،شافێز ێکی داخ نەکراو بە چزەی ئابوریی) ..
شافێز بە دیموکراتیەت و دەنگی خۆی ھاتبووە سەر دەستەڵات،لەبەرئەوەی بەگژ تەڵە ئابورییەکانی ئەمریکادا چوویەوە،لەگەڵ (بووشی کوڕ) دا پەنجەیان لەیەکتر بادا،خێرا لەڕێگەی کۆمپانیای ئەمنی تایبەت و ،پێدانی ڕەشوە بە ئەفسەرەکانی سوپای فەنزەویلا،خەڵکیان دژی شافێز ھاندا،کە قەیرانی دارایی  قووڵ ڕوویکردۆتەوە وڵاتەکەو،ھەزاران کرێکار ڕژانە شەقام و،شافێزیان لابرد.ھەمان ئەو سابونە بوو کە (سی ئای ئەی) لە ساڵی (١٩٥٣) خستیە ژێر پێی موحەمەد موسەدەقی ئێران، کارەکە ھیچ جیاوازیی نییە، دەریئەخات لە (٦٠) ساڵی ڕابردوودا ھیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا ڕووی نەداوە بۆ دەرەوەی خۆی .
 
             پێنجەم: جەنگی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە عێراق-٢٠٠٣
ئەمریکا ، (٧٨) ملیار دۆلاری بۆ جەنگی عێراق سەرفکرد،نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕاپۆرتێکی دا ئەڵێت: "بە کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیە،ئەمانتوانی زامنی ئاوی شیرین بۆ ھەموو تاکێکی گۆی زەوی بکەین،تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاری باشیان پێشکەش بکەین "..لەکاتێکدا لەکۆتایی (٢٠٠٣) دا قەرزەکانی سەر ئەمریکا خۆی (٧) تریلیۆن دۆلار بو،ھەموو ھاوڵاتیەکی ئەمریکی (٢٤$) قەرزاربو،لەبەرئەوەی (٩٠%) بانکەکانی جیھان مامەڵە بە دۆلار ئەکەن،ئەبێت سیستەمی دارایی و چاپی ئەمریکی بەردەوام ئەم ھاوسەنگیە بپارێزێت،ئەگەر دراوێکی تر ھات و،جێگەی بە دۆلار لێژکرد،یان تەنانەت  ئەو دەوڵەتانەی قەرزیان لای ئەمریکایە (یابان و چین بەنمونە) داوای قەرزەکەیان بە دراوی تر کردەوە،ئەوا بارودۆخی جیھانی بەشێوەیەکی کارەساتبار کۆتایی دێت (سێبەری ئەم بلۆکبەندییە لەڕووی سیاسیەوە وەک ڕووناکی ڕۆژ دیارە) .
لەمانە کۆمیدی تر،ئەو سیاسیە عێراقیانەن کە دوای ڕووخانی سەدام دێن،لە (١٨ی ئەپریڵی ٢٠٠٣) نیۆرک تایمز ئەنوسێت " ویلایەتە یەکگرتوەکان ،بەچەند گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی عێراق بونیاد ئەنێنەوە ". لەو گوتارەدا جەخت ئەکاتەوە " ئیدارەی بووش کۆمەڵێک  کۆمپانیای لەسان فرانسیسکۆ ناردووە، لە پلانێکی بەرفراواندا گرێبەستی گەورە بکەن بۆ بیناکردنەوەی عێراق !.".. ئینجا نوسەر لە خوارووی وتارەکەشدا نوسیویەتی " عێراقییەکان،کارئەکەن لەگەڵ بانکی دەولی ! و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ! دا،کە ئەم دامەزراوانە لە ئەمریکادا نفوسێکی بەرفراوانیان ھەیە."  ( نفوسی بەرفراوان !) ..باڵوێزخانەی ئەمریکا لەعێراق،لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە ئەکات،کە چەند بەرپرسێکی عێراقی سامانەکەیان  (٧٠٠) ملیار دۆلارە،کە (٥) لەوانە کوردن ،(١٠) سەرکردەی دیکەش پێکەوە سامانەکانیان لە (١٠٠) ملیار دۆلار نزیک ئەبێتەوە،!. لە (٢٠٠٥) دا (١) فڕۆکەی ئەمریکی (١) کاتژمێر لەسەر ئاسمانی عێراقی سوڕاوەتەوە (١٠٠) ھەزار دۆلار کرێکەی بووە، کۆمپانیای ئەمریکی لە بەغدا بودجەی وەرگرتووە بۆ ئەوەی (١) یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبون لە ماعەسکەر خالید و دەوروبەری دروست بکات، (١) یەکەی دروست نەکردووەو،پارەکەشی وەرگرتووە !.عێراق بۆ ئەمریکا تەنھا نەوت نییە،بەڵکو ئاویشە،پێگە جوگرافیەکەیەتی،وڵاتێکە،سیاسیەکانی ئینتیمای نیشتمانییان نییە و، نغرۆ بووە ڕەشوەو پیسخۆریی و گەندەڵی و ... تاد .

               شەشەم : چۆن لەم ئیمپراتۆریەتە گەردونییە بڕوانین ؟. 
یەکەم: لە دوای ئەم نوسینەوە،دیدوبۆچونی ھەموو کەسێک سەبارەت بە ھەواڵەکان و میدیاو ڕیکلامەکان بگۆڕێت،بە ووردی نێوان دێڕەکانیش بخوێننەوە،دەنا بەخۆشت نازانی کە فریودراوی .تۆڕەکانی میدیا ھەموو گرێدراون بە کۆمپانیاو بازرگانە ئەمریکیەکانەوە، بە جۆرێک کۆربۆرکراتیەت ھەموو مرۆڤێکی لە سەر زەویدا کۆت و بەند کردووە،دەستی گەیشتوەتە ئەقڵ و شێوازی بیرکردنەوەشیان ..ھەر لە ئەمریکا: تۆڕی (NBC) کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیکتریک General Electric  خاوەندارێتی ئەکات، تۆڕی (ABC) ھی کۆمپانیای دیزنی Disney یە، (CBS) کۆمپانیای فیاکوم Viacom خاوەنیەتی . (CNN) یش بەشێکە لە کوتلەی ئەی ئۆ ئێڵ AOL Time Warner  ...وەھەروەھا ئەوانی تریش . ھیچ دەستگەیەکی ڕاگەیاندن نەماوە،مافیاو عەساباتی ئابوریی لە پشت نەبێت .واببینە تەنانەت لە کوێرە دێیەکیشدا پیاوی ئینگلیزو ئەمریکا یان پیاوی پیاوەکانیان ھەیە .
دووەم: کوردوستان بەگشتی و،ھەرێمی کوردوستان بەتایبەتی،لە سامانی سروشتی دا دەوڵەمەندن ،ڕێژەیەکی زۆر لەگەندەڵی تیایە،کۆمپانیایەکی زۆری ئەمریکی و بیانی تێدایە،گرێبەستەکانیشی نادیارن، بڕی (١٦) ملیاریش قەرزارە، ئێستا سەرقاڵە بەوەی (١٦) ملیار دۆلاری دیکە لە بانکی دەولی قەرز بکات !.رێژەی بێکاری بۆ ھەرێمی کوردوستان کە تەنھا (٤) ملیۆنە،لە (١٢%) ی ساڵی (٢٠١٢) ەوە بووە بە (٤٠%) لە ساڵی (٢٠١٥) دا،وەبەرھێنان لە (٢٠١٥) دا بە ڕێژەی (٩٠%) وەستاوە.. کەواتە ھەموو نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە ئیفلیجیە کوشندەی تیادایەو،کلکی خۆی لە تەپکەی ڕێوییەکانی سی ئای ئەی و چەتە ئابورییەکان ئەسوێت، وە (با) ی (بیسمیلا) شی لە کارە ترسناکەکە کردووە .ئەبێت خێرا ڕای گشتی ئەم باسە بوروژینن و،بەرپرسانی باڵای سیاسیی و ئابوریی لەم کارەساتە ئاگاداربکرێنەوە .
سێھەم: ئەمریکا وڵاتێکی قەرزارە،قەرزەکانی ژمارەی خەیاڵی و گەردونین،کە (١٦) تریلیۆن و (٧٠٠) ملیار دۆلارە .لەسەردەمی سەرۆکایەتی "جیراڵد فۆرد"  (١٩٧٥) ەوە ھەر سەرۆکێک دێت،ئەویتر بە بەرپرسیار ئەزانێت و پرسەکەش بەچارەسەر نەکراوەیی ماوەتەوە،چەند بانکی گەورەی وەک (لیمان برازەر و میریاڵ لینج) ھەڵوەشانەوە،ئەمریکا ئەوەندەی شەونخونی کرد بە دیار بیرە نەوتەکانی شەرقەوە،ھێندە خەمی بودجەی وڵاتەکەی نەخوارد .لە (٢٠١٣) دا بۆ یەکەمجار (٧٠٠٠٠٠) ھەزار فەرمانبەر لەکۆشکی سپی داوای موچەیان ئەکرد،پارە نەبو تا بیاندرێتێ .ئەبێت بە بەردەوامی مووچەی (٢,٥) دوو ملیۆن و نیو سەرباز بدات،ئەمانە بێجگە لەوەی ئابوریی چین بە ڕێژەی (٦,٢%) گەشەی کردووە،ھی یابان (٢,٥%) گەشەی کردووە ..ڕەنگە یەکێک لە ڕێگاکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان دووبارەکردنەوەی سیناریۆکانی پێشوتری بێت بەڵام بە ئەنجامی جیا،تا خۆی لەم قوڕ و چڵپاوە دەربھێنێت .
چوارەم: لەماوەی (٤) مانگدا لە (٢٠١٥) زیاتر لە (١) ملیۆن کەس لە باکوری ئەفریکاو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە کۆچیان کردووە، کە ڕەنگە بەدرێژخایەن ھاوتا لەگەڵ گرفتی قەرزەکانی ئەمریکادا، پرسیاری زۆر ئەکەوێتە سەر کەسێتی ئیمپراتۆریەتی گەردونی (ئەمریکا) و ،لەتۆڵەی ئەم دۆخەی بۆ مرۆڤایەتی ھێناوە،گورزی دیکەی بەربکەوێت .

بەھرۆز جەعفەر – 
بیبلۆگرافی :
-John Perkinse (٢٠٠٤): Confessions of an Economic Hit Man, San Francisco CA.USA.
David M.Andrews (٢٠٠٥): The Atlantic Alliance under stress, Cambridge university press. New York.  For information look her: www.cambridge.org


- د.رفعت السعید (٢٠٠٩): قرێان الاقتێادی (القچایا و ڕراء)،الڕھرام .
- مایلز کوبلند (١٩٧٠) : لعبە الڕمم ،ترجمە (ابراھیم جزیتی)،بیروت،مایو ١٩٧٠  .
- جواد کاڤم البکری (٢٠١٤): الاسواق المتغیرە...لعبە الکبار فی خفچ الاسعار النفگ .
www.kitabat.com/.../الاسواق-المتغیرە-لعبە-الکبار-ف...


‌‌‌
9/12/2017 12:18:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ