راپۆرت

موڵکەکانی چیا و نما و ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ی تەموز


محەمەد سالار (پاشا)

تێبینی: بەر لەماوەیەک رەشنوسی وتارێکم لای خۆم نوسی کەتیایدا وەڵامی ئەو پرسیارەم داوەتەوە چۆن بزوتنەوەی گۆران توانی لەتاقیکردنەوەی (٢٥ی تەموزی ٢٠١٧ز) دەربچێت.
لەبەرئەوەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی تاپۆکردنی گردەکە لەسەر کورەکانی نەوشیروان مستەفا لەرۆژنامەی ئاوێنە ھەمان پەیوەندی بەم بابەتەی سەرەوە ھەبوو بۆیە ھەردوکیانم کرد بەیەک.
پاش بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکە لەلایەن رۆژنامەی ئاوێنەوە بەشێک لەھاوڵاتیان و لایەنگران و ئەندامانی خوارەوە و سەرەوەی گۆران ئەم رەخنانە دەگرن:-
• ‌تاپۆکردنی سەرچاوەی داھاتی بزوتنەوەی گۆران لەسەر کورانی نەوشیروان مستەفا مانای ھاتنە پێشەوەی کورەکانە.
• ‌مانای بەبنەماڵەیکردنی حیزبە.
• مانای لاسای کردنەوەی ئەزمونی یەکێتی و پارتیە.‌
• مانای دەرچونە لەنەھجی گشتی و فەلسەفەی بزوتنەوەکە.
بۆ بەیان کردنی تەواوی دیوەکانی ئەم پرسە بۆ (٣) بەش باسەکە دابەش دەکەین:
یەکەم: موڵک و ماڵی گۆران.
دوەم: ئەزمونی حیزبەکان لەگەل موڵک و ماڵ.
سێیەم: داھاتوی پرسەکە.
یەکەم: موڵک و ماڵ
نەوشیروان مستەفا لە (کانونی یەکەمی ٢٠٠٦) وەک جێگری سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) دەستی لەکارکێشایەوە.
مام جەلال لەبەرامبەردا بری (١٠,٠٠٠,٠٠٠$ دە ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی) و موڵکی ژمارە (٢٨/ ١٠٨ کەرتی ٢ زەرگەتە) بەروبەری (١٢٢ دۆنم و ١٥ ئۆلک و ٥١,٨٣ دسم) تۆمارکرد بەناوی (کۆمپانیای ووشە)‌ کەخاوەندارێتیەکەی دەگەرایەوە بۆ نەوشیروان مستەفا و ھەر خۆشی بەرێوەبەری رێگەپێدراوی بوو تا ٢٠١١.
دواتر بەو برە پارەیە کارگەی چیمەنتۆی گاسن و (٢٥%) سوپەر مارکێتی میترۆو کۆمپانیای ووشەی پێ دامەزراند.
لەحالەتی ژیانی نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران (نیسانی ٢٠٠٩) بۆ مردنی لە(مایسی ٢٠٠٩) ئەم موڵک و ماڵە بەشێک بوە لەموڵکی تایبەتی نەوشیروان مستەفا ھەر بۆیە بەپێی یاسا پاش مردنی مامەلەی گواستنەوەی بۆ ئەنجام دراوە بۆ میراتگرەکانی کەبریتین لە (نما (١٩٨١) و چیا و چرا (١٩٨٧)).
تا ئێرە وەک دۆخە قانونیەکە ھیچ چەشنە ئیشکالیەتێکی نیە.
دوەم: ئەزمونی حیزبەکان لەگەل موڵک و ماڵ
لەو نامەیەی نەوشیروان مستەفا لە (شوباتی ٢٠١٧) کەئاراستەی ئۆرگانە جیاوازەکانی بزوتنەوەکەی کردەوە، لەشوێنێکدا دەڵێت (ئێمە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکەمان بە سود وەرگرتن لەتەجروبەی سەرجەم حیزبەکان نوسیوەتەوە).
لەبنەمادا تەواوی کاری حیزبایەتی بزوتنەوەکە سود وەرگرتن بوو لەتەجروبەی ٥٠ ساڵەی حیزبایەتی لەکوردستانی عێراق.
ئەزمونی حیزبەکان لە پێش و راپەرین و لەپاش راپەرین ئەو حەقیقەتەیە کەپێویستە بەیان بکرێت بابەتەکانی (پۆست و دارایی) ھۆکاری سەرەکی بوون خەباتکاری شاخی کرد بەدزی شار.
حیزبی کوردی لەدوای راپەرین بوو بەسێبەرێک بۆ تەواوی پنتەکانی ژیان:
• حیزب جێگەی تەواوی دەزگاکانی میری گرتەوە.
• حیزب بریاری تەواوی دەدا لەژیانی ھاوڵاتیان (سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، دادوەری).
• حیزب ھۆکاری سەرەکی زەنگین بوون بوو.
ھەر یەک لەو بەرپرسانەی لەھەرێمی کوردستان ھەن جا (حیزبی بن یان حکومی) ئێستا خاوەنی کۆمپانیا و بزنس و پرۆژەی ئابوری مەزنن. ئەم گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییە لەژیانی بەرپرسان دۆخێکی خولقاند کەخۆشی ئەوان لەسەر حیسابی ناخۆشی ئێمە بوو، پێکەنینی ئەوان لەسەر حیسابی گریانی ئێمە بوو.
نەوشیروان مستەفا لەدامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران حیزبێکی دروست کرد تەواو جیاواز، ئێرە شوێنی ئەوە نیە بەیانی ھەموو دیوەکان بکەم لەبەرئەوە تەنھا باسی دیوە ئابورییەکەی دەکەم.
بزوتنەوەی گۆران لەسەرەتای دامەزراندنی (نیسانی ٢٠٠٩) تا ئێستا خاوەنی ھیچ نەبوە لەروی ئابورییەوە ئەوەی خاوەنی گردەکەو کارگە و باقی شتەکان بوە نەوشیروان مستەفا بوە ھەر بۆیە پاش مردنیشی میرات گرەکانی بونە خاوەنی.
نەوشیروان مستەفا دەیتوانی لەماوەی ئەو (٧ ساڵە)دا ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە و بیکات بەموڵکی بزوتنەوەکەی وەلێ کەئەوەی نەکرد لەبەر داھاتوی نەوەکانی نەبوو لەبەر ئەوە بوو دەیزانی ھەر کات حیزب خاوەنی موڵک و دارایی بوو فاسید دەبێت.
ئەزمونی حیزبی دوای راپەرین باشترین بەڵگە بوو، ئەو دەیویست حیزبێک دروست بکات کەخاوەنی ھیچ چەشنە داراییەکی تایبەتی نەبێت بۆ ئەوەی ھیچ مل شکاندێک یان پۆست خوازێکی تیا دروست نەبێت، ئەو دەیوست حیزب کاری سیاسەت بکات و کۆمپانیاش کاری بازرگانی.
سەلمێنەری ئەم دیدە ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەرندنی بزوتنەوەکە بوو لە (تەموزی ٢٠١٧) کەتوانرا دۆخەکە بەبەراورد بەیەکێتی و پارتی بەسەرکەوتوی تێپەرێنێت.
پرسیار دەکەم:
• بۆچی یەکێتی دوای نەخۆش کەوتنی تالەبانی لە (کانونی یەکەمی ٢٠١٢) بەم چەشنەی لێ ھات؟
• کێشەی باڵەکانی یەکێتی چەندی پەیوەندی بەداراییەوە ھەیە؟
• چەند بەرپرسی یەکێتی بزنسی ھاوبەشی ھەیە لەگەل بەرپرسی پارتی؟
• چەند بزنس ھۆکار بوە بۆ گۆرینی بریاری سیاسی؟
ھەروەھا بەنسەبت گۆرانیشەوە پرسیار دەکەم:
• ئەگەر گۆران خاوەنی ئەم موڵک و ماڵە بێت کێ تەسرەوفی پێوە دەکات؟
• ئایا ویستی پۆست خوازی زیاتر نابێت؟
• ئایا مل شکاندن و بەرژەوەندی ئابوری تێکەڵ لەگەل دەسەڵات دروست نابێت؟
ئەمە و دەیانی دی وەڵامەکەی بۆ ئێوە.
سێیەم: داھاتوی پرسەکە 
داھاتوی پرسەکە پەیوەستە بە (چیا و نما)، ئەگەر ئەوان:
• ئەو موڵک و ماڵە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکار بھێنن.
• ببنە ھۆکار بۆ یەکلا کردنەوەی پرسە سیاسییەکان لەناو گۆران.
• بێنە پێشەوە لەناو بزوتنەوەکە.
ئەوا بەدڵنیایی نەوشیروان مستەفا دەکوژن، چونکە تا ئەم ساتە وەختە نەوشیروان مستەفا زیندوە لەبەرئەوەی دیدەکەی زیندوە بەئەنجامدانی ھەر یەکێک لەو (٣) خاڵەی سەرەوە نما وچیا نەوشیروان مستەفا دەکوژن چۆن کوشتنێک خەباتی (٥٠) ساڵی ئەو جوامێرە دەکەنەوە بەزبڵدان.
من نازانم چەند ئەو دوو زاتە (نما و چیا) خوێندەوارن و چەند لایەنی کۆمەڵایەتی کوردستان بەگشتی و خەڵکی سلێمانی بەتایبەتی شارەزان.
وەلێ من بەخوێندنەوەی خۆم بۆ تێروانینی ئەم شارە لەوە دڵنیام کەلەئەگەری ئەنجامدامی کارێکی لەو چەشنە نەک گردێک شوێنێکیان بۆ نامێنتەوە لەم شارە.
چونکە بزوتنەوەکە بەکۆڵی ھەژار دروست بوو بەکۆڵی ھەژاریش ھەڵدەگیرێت نەک زەنگین!


‌‌‌
9/10/2017 8:44:25 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ