هەواڵ

مەسعود بارزانی: لە ٢٥ ی ئەیلوولدا مێژووێکی نوێ تۆماردەکەین


بزاڤ پرێس:

مەسعود بارزانی، پەیامێکی لە یادی ٥٦ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول بڵاوکردەوە رایگەیاند:" ئەمڕۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانیدا دروست کرد، ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنھا دوو ھەفتەمان ماوە تاوەکو گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە ھەموو جیھان رابگەیەنێت

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

ئەمڕۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانیدا دروست کرد. ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنھا دوو ھەفتەمان ماوە تا گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە ھەموو جیھان ڕابگەیەنێت و موژدە بداتە شۆڕشی ئەیلوول و ھەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەلەکەمان و بەرھەمی ئەو ھەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بچنێتەوە. گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" ھەڵگیرساندووە و لە ٢٥ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.

شۆڕشی ئەیلوول و ھەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەلەکەمان تەنھا بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بوونە، نابێ خوێنی بەناھەقڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت. دەبێ جیھان گوێی لە دەنگی ئازادیخوازانەی کوردستان بێت، دەبێ ھاواری ١٨٢ ھەزار ئەنفالکراوی کوردستان لە ناوەندەکانی بڕیاری جیھاندا ببیسترێت، دەبێ گوێ لە ناڵەی ٥ ھەزار شەھید و دەیان ھەزار برینداری ھەڵەبجە بگرن، دەبێ جیھان گوێی لە ھاواری ٨ ھەزار بارزانیی ئەنفالکراو و ١٢ ھەزار گەنجی بێسەروشوێنی کوردی فەیلی بێت، دەنگی شەھیدان و کەسوکاریان، دەبێتە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" و لە ٢٥ـی ئەیلوولدا لە دەرگای ویژدانی ھەموو جیھان دەدات.

لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سڵاو بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەکەمان دەنێرین، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان

مسعود بارزانی
١٠ـی ٩ـی ٢٠١٧


‌‌‌
9/10/2017 8:10:32 PM
Print Friendly and PDF