هەواڵ

عەلی حەمە ساڵح بۆ ئازاد جوندیانی: جەنابت و ھاوشێوەکانت لەوەتەی ھەن بە پارەی دزراوی ئەم میللەتە بارن بەسەرمانەوە


بزاڤ پرێس:

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ،وەڵامی ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەڵێت: ئێستا ٢٥٪ موچەکەم وەردەگرم بە یاسا، کە ٢ ملیۆن دینارەو چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیشمان لەسەرە، ڕونە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی وەک خەڵک و بۆ خەڵکی ئاسایی دەژین.

دەقی تەواوی وەڵامەکەی عەلی حەمە ساڵح:
ئازاد جوندیانی و زۆر شت
ئەم کاکەیە، نمونەی خراپی ژیانی حیزبی و میدیاو سەنگەر گواستنەوەو پشتکردن لە باوەڕو نەزانین و..... ھتدی حیزبایەتی مشەخۆری کۆمەڵگای کوردیە.
بچوکترین ئاگای لەبارەی کاری پەرلەمانیەوە نیە، بەڵام قسەی لەسەر دەکات! 
دەڵێت: پەرلەمانتار نوێنەری خەڵک نیە. 
لە کوێی دونیادا پەرلەمانێک ھەیە خاڵی لە فراکسۆنە حیزبییەکان! 
خەڵک دەنگی بەلیست و لەنێو لیستەکانیشدا بە کاندیدەکان داوە. 
فەرموو تۆش خۆت تاقیبکەرەوە بزانە بە ساختەکاریشەوە چەند دەنگ دەھێنیت! 
ئێمە نوێنەری راستقینەی خەڵکین، بەرپرسین لە حیزبەکانیشماندا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی دەنگ و ئازاری خەڵک بین.
تۆیەک، ھەموو تەمەنت لە بەحزبی کردنی کۆمەلگاو راگەیاندن و رۆشنبیری و دژایەتی دەنگ و نوزەی ئازاددا بەسەر بردوە، ئێستا چۆنە باس لە خەڵک ئەکەیت؟
ئەم خولەی پەرلەمان لای ئێوە مانان سەرچاوەی شکستە، چونکە لە خۆت ناچێت؟ بە پارەو پاسەوان پشتمان لە دەنگدەرو حیزب و میژوی خۆمان نەکرد. وەک ئێوە چۆکمان دانەدا، وەک شاخ بەرامبەر تاڵانکردنی داھاتی وڵات و دروستکردنی سەرۆکی ھەتا ھەتایی وەستاین. 
ئەم کاکەیە، نازانێت سیاسەتی نەوتی چۆن شکستی خواردووە، نازانێت پێداویستی ناوخۆ چیە، سیاسەتی نەقدی چیە، داھاتی گشتی چۆن دەدزرێت و پێداویستی گشتی چەندە، دەڵێت: پێشکەوتنی ئابوریمان ھەیەو ئامادەین بۆ سەربەخۆیی؟ نازانێت ئەم سیاسەتە شکستخواردووەی جەنابیان ساڵانێکە کاری بۆ دەکەن و کۆمەڵگای وێرانکردووەو بەرەو وێرانتربوونی دەبات، نەک سەربەخۆی. 
ئەم ڕێگای تۆو ھاوئاوازەکانت ڕێگای وێرانکردنی کوردستانە، نەک سەربەخۆکردنی.
دڵنیابن، بەم بێ ئامادەکاریە ڕیفراندۆم بکرێت، نەک سەربەخۆی نایەت، بەھۆی دروستبوونی گرفت و شەڕ ،؟نەوتی کەرکوک دەکەوێتە مەترسی و چارەکە موچەش نامێنێت، گرانی گەورە ڕودەدات...
باسی موچەی من دەکات!
ئێستا ٢٥٪ موچەکەم وەردەگرم بە یاسا، کە ٢ ملیۆن دینارەو چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیشمان لەسەرە، ڕونە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی وەک خەڵک و بۆ خەڵکی ئاسایی دەژین.
جەنابت و ھاوشێوەکانت لەوەتەی ھەن بە پارەی دزراوی ئەم میللەتە؛ بارن بەسەرمانەوە. 
بفەرموو وردەکاری سەفقەی بەپارتی بوونت، موچەو نەسریەو پارەی بەردەستت، ژمارەی پاسەوانەکانت بۆ خەڵک باس بکەو پێشیان بڵێ: ئەمانە خەرجی سەدان ملیۆن دیناری سالانەی منەو بە پارەی خەڵکی برسی کراوە.
نمونەیەکی سادەی ئازاد جوندیانی:
چۆن دەتوانیت باسی خەڵک بکەیت؟... 
ھەزاران منداڵە شەھید، دەرچووی زانکۆ منداڵە ھەژار بێکارن، بەڵام منداڵەکەی جەنابت لەوکاتەی قوتابی زانکۆبوو، کرا بە فەرمانبەر لە نوسینگەی پەرلەمانی سلێمانی (خولی پێشوو). لە کوێ بووە قوتابی زانکۆ بکرێتە فەرمانبەر! ھەزاران منداڵە شەھیدیش بێکارە بۆ قوتابیەکەی تۆ دادەمەزێت و بۆ ئەوان نیە! . 
بەڵێ جەنابت و ھاوبیرانت پەرلەمان و پەرلەمانتارێکت دەویست؛ سەرقاڵی یاسا شکێنی و کۆیلایەتی و گەندەڵی و دروستکردنی دیکتاتۆر بن، گەندەڵی بۆ تۆ و منداڵت و بەرپرسەکانت بکەن.

جێگەی ئاماژەپێکردنە، ئازاد جوندیانی رایگەیاندبوو عەلی حەمە ساڵح ھەمیشە باسی دزی دەکات، بەڵام خۆی ھەموو کات موچەی باشی خۆی وەردەگرێت گەر ڕاست دەکات با رەفزی موچەکەی بکات و موچەکەی بھێنێتە ئاستی موچەی کەناسێک".


‌‌‌
9/9/2017 8:09:51 PM
Print Friendly and PDF