هەواڵ

نما و چیا نەوشیروان مستەفا رونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوە


بزاڤ پرێس ـ ژووری ھەواڵ

سەبارەت بە ڕۆژنامەی ئاوێنە لەبارەی خاوەندارێتی کۆمپانیای وشە و چەند بابەتێکی دیکە، نما و چیا نەوشیروان مستەفا رونکردنەوەیەک بڵاو دەکەنەوە ئەمەش دەقەکەیەتی:


رونکردنەوەیەک لە لایەن نما و چیا نەوشیروان مستەفاوە


  ٢٩/٨/٢٠١٧ ھەواڵێکی ناڕاست لەڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوبۆتەوە،‌ گوایە لە ‌مانگی ڕابردودا مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئێمە تاپۆکراوە و ھەندێ کەسیش بەبێ زانینی باکگراوندی یاسایی و ئیداری بابەتەکە بە نائاگاییەوە تەرویجیان بۆ ئەم ھەواڵە ناڕاستە کردوە.
 ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین :
 یەکەم: گردی زەرگەتە لەڕوی خاوەندارێتیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەسەر کۆمپانیای وشە تاپۆکراوە، کە بەناوی خوالیخۆشبوو نەوشیروان مستەفاوە بوە، واتە پێش (٣) ساڵ لە دروست بونی لیستی گۆڕان. کەواتە ئەو قسەیەی کە دەوترێت گوایە مەکۆی سەرەکی لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە خراوەتە سەر کۆمپانیای وشە رێک پێچەوانەی واقع و راستیەکانە.
 دووەم: لەروی یاساییەوە کۆمپانیا کەسایەتی مەعنەو‌ی ھەیە،‌ بۆیە کاتێک دامەزرێنەرەکەی کۆچی دوایی دەکات، پێویستە خاوەندارێتیەکەی بگوازرێتەوە بۆ وارسە شەرعی و یاساییەکانی، تا بتوانێت بەردەوام بێت لەکارەکانیدا.
 سێھەم: گردی زەرگەتە کە موڵکی کۆمپانیای وشەیە، ھەروەک چۆن لە ھەشت ساڵی رابردودا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازاندا بوەو بۆ خزمەتی گشتی بەکار‌ھاتوە، لەداھاتوشدا بەدڵنیاییەوە بەھەمان شێوە بەردەوام دەبێت.
چوارەم: وروژاندنی ئەم بابەتانە چ لە کاتی چلەی خوالێخۆشبوو و چ لە ئێستادا کە گۆڕان سەرقاڵی ململانێیەکی سیاسی سەختە لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسی و سیستەمی پەرلەمانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، بە پلانێکی داڕیژراوی ئەزانین بۆ چەواشەکاری و بەلارێدابردنی خەبات و ئاراستەی کاری گۆڕانخوازان.
پێنجەم: ئێمە وەک کوڕانی نەوشیروان مستەفا، نەک بەتەنھا گردی زەرگەتە، بەڵکو گیان و ژیانی خۆشمان دەکەینە قوربانی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو رێبازەی باوکمان بۆی بەجێ ھێشتوین.

نما نەوشیروان مستەفا چیا نەوشیروان مستەفا

جێگەی ئاماژە پێگردنە، ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاویکردەوە بەنوسراوی ژمارە ٤٨/٦٣ پشکەکانی کۆمپانیای وشە کە ٣٠٠ ملیۆن پشکن گوازراوەتەوە بۆ سەر نما‌و چیا ".


‌‌‌
8/30/2017 1:03:30 PM
Print Friendly and PDF