هەواڵ

سعودییە.. ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی گەیشتوونەتە مەککە بۆ دەستپێکردنی مەراسیمی حەج


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە حاجیان لە ھەموو ناوچەکانەوە ڕوویان لە مونا کردووە و لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو حاجیانە لە دوو ملیۆن زیاترە.

بە پێی ڕێنماییەکانی شەریعەتی ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی حەج ئەمڕۆ حاجیان لە ناوچەی مونا کۆدەبنەوە و دوای ئیحرامبەستن تا دوای ئاوابوونی خۆر لەو ناوچەیە دەمێننەوە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆژی عەرەفە کە سبەینێ یە.
سبەینێ پێنج شەممە ٩ی زیلحەجە ڕۆژی عەرەفەیە و سەرجەم حاجیان ڕوو لە کێوی عەرەفە دەکەن. دوای مانەوە تا خۆرئاوا بوون دەگەڕێنەوە بۆ موزدەلیفە و ڕۆژانی ١٠ و ١١ و ١٢ و ١٣ی زیلحەجە کە ڕۆژانی جەژنی قوربانە لەوێ دەمێننەوە و ئەرکەکانی تری حەج بەجێدەھێنن. 
 گۆڕەپانی مونا کە حاجیانی تیادا کۆدەکرێتەوە ڕووبەرەکەی پێکھاتووە لە زیاتر لە ١٦ کیلۆمەتر دوجا و دەکەوێتە نێوان شاری مەکە و ناوچەی موزدەلیفە و ٧ کیلۆمەتر دوورە لە  کەعبەوە "مزگەوتی حەرام".

حەجکردن یەکێکە لە پێوستییەکانی تەواوبوونی ئیمان لە شەریعەتی ئیسلامیدا و یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئاینەکە و پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی خاوەن ژیری و دەسەڵاتی مادی و جەستەین بەجێی بھێنن.



‌‌‌
8/30/2017 12:37:57 PM
Print Friendly and PDF