هەواڵ

مەسعود بارزانى: ئەگەر نەخێر بردییەوە دەستلەکار دەکێشمەوە


بزاڤ پرێس ـژوورى هەواڵ

بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر  زۆرینەی گەلی کورد لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا دەنگ بە نەخێر بدات  دەست لەکاردەکێشمەوە و سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆم دەبم. 

بارزانی  لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ھەڵوێستت چییە ئەگەر زۆرینە بە نەخێر دەنگ بدەن، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "ئەو کاتە ملکەچی بڕیاری گەل دەبم و ئیتر ھیچ بەرپرسیارێتییەکم لەسەر نامێنێت و ئەرکی خۆمم بە جێھێناوە".

بارزانی وتووشیەتی "ئەگەر گەلی کورد لە ڕۆژی ڕیفراندۆم دەنگ بە نەخێر بدات ڕێزی دەگرم و سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆم دەبم".

سەبارەت بە دواخستنی ڕیفراندۆم، ھەر لە دیدارەکەدا بارزانی بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە، ئەگەر عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی تر گرەنتی ئەوەمان دەدەنێ لە داھاتوودا داندەنێن بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمدا و قبوڵی دەکەن ئەوا دەکرێـت تاوتوێی دواخستنی بۆ ساڵێکی تر بکەین.

ئەوەشی وتووە "ئەو گرەنتییەش دەبێـت حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە ئاگاداری و چاودێری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بیدەن".

ڕۆژی ٧ ی حوزەیران جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، لایەنە سیاسیەکانی دیکەی ھەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلول ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت و ئەنجوومەنێکی باڵاش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێکھێنرا لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.

ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی عێراق و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و زۆربەی وڵاتانی جیھانی ڕایانگەیاند کاتەکەی گونجاو نیە و داوایان لەھەرێم کرد ڕیفراندۆمەکە دوابخات.

ھاوکات ڕۆژی ٨ ی ئابی ٢٠١٧ جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بە فەرمی ڕاگەیەندرا و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئەیلولی کرد.



‌‌‌
8/30/2017 12:28:55 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ