هەواڵ

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری دا پارێزگاکە بەشدار بێت لە ڕیفراندۆمدا


بزاڤ پرێس ـ  ژوورى هەواڵ

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا پارێزگاکە بەشدار بێت لە ڕیفراندۆمی ھەرێمدا بۆ سەربەخۆیی.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە و تیایدا بڕیاری دا پارێزگای کەرکوک بەشداری بکات لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا بۆ سەربەخۆیی.

دانیشتنەکە لەسەر داوای ٢٢ ئەندام گفتوگۆی لەسەر کراوە و ھەریەکە لە لیستی عەرەب و تورکمان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ھالە نورەدین کە ئەندامێکی سەربەخۆی پێکھاتەی عەرەبیە "ڕایگەیاند بڕوام بە بایکۆتی دانیشتنەکە نییە بەڵکو داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەن دەکەم دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارە دوابخات بۆ گفتوگۆ کردن و ڕاوێژ لەگەڵ ئەو دوو کوتلەی کە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە."

ھەروەھا ساھیرە سەیفەدین لە لیستی برایەتی کەرکوک، لە پێکھاتەی تورکمان، ڕایگەیاند دژی ڕیفراندۆم نییە و جەختی کردەوە کە دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکە بکرێت.

ھاوکات نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک لە دانیشتنەکەدا وتی، جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی مادەی ١٤٠ دەکەوێتە سەرشانی حکومەتی ناوەندی ڕاشیگەیاند "داوا دەکەم ئەنجومەنی پارێزگا بڕیار بدات کەرکوکیش بەشداری ڕیفراندۆمی ھەرێم بکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەشێک لەوانەدا کۆبوومەتەوە کە بایکۆتی ئەم دانیشتنەیان کردووە و وتوویانە دەیانەوێت بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن بەڵام لە ڕاگەیاندن دەترسن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ھەندێک حەز دەکەن ئێستا شەڕ لە کەرکوک ڕووبدات بۆئەوەی بڵێن دۆخی ئەمنی شارەکە جێگیرنییە.



‌‌‌
8/29/2017 12:50:36 PM
Print Friendly and PDF