هەواڵ

کەناڵی ناوخۆی NRT لەپارێزگاکانی هەرێم داخرا


بزاڤ پرێس -ژووری هەواڵ

ئەو بڕیارەی پارتی پەخشى ناوخۆیى کەناڵی ئێن ئاڕ تى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و لە پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە ڕاگیراوە.

بەگوێرەى ئەو نووسراوەى کە بڵاوکراوەتەوە، بەپێى فەرمانى ژمارە ٦١٩ و لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٤ بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و هەروەها بەپێى ڕێنمایى ژمارە ١ى ساڵى ٢٠١٤ى ڕێکخستنى فریکوێنسى سپەیسى هەرێمى کوردستان و ماددەى پێنجەم / خاڵی دووەم/ سەرپێچى ژمارە (أ) لە ماددەى سێیەم بڕگەى دووەم / خاڵەکانى ١،٢،٣،٤،٥،٦ هاتووە، بڕیار درا بە ڕاگرتنى پەخشى کەناڵی (NRT) لەسەر تۆڕى (DVBT/T2) بۆ ماوەى یەک هەفتە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٢ى ئابی ٢٠١٧ و ٦ ڕۆژ لەوە پێش بە بڕیارى مەسعود بارزانى، ئاسایشى پارتى لە هەولێر ڕێگریى کرد لە کردنەوەى ستودیۆیەکى ئێن ئاڕ تى لە شارى هەولێر.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بە بڕیاری بارزانی و حیزبەکەی رێگری دەکرێت لە ئێن ئاڕ تی، ساڵی ٢٠١٥ و دوای پەکخستنی پەرلەمان هێزێکی ئاسایشی پارتی هەڵیانکوتایە سەر نوسینگەی ئێن ئاڕتی لە هەولێر و کارمەند و پەیامنێرەکانی ئێن ئاڕتیان دەستگیرکرد و ئاودیوی دێگەڵەیان کردنەوە، دوای ئەو ڕووداوە بۆ ماوەی چەند مانگ نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک داخران.

ساڵی ٢٠١٦ تەنیا بە بیانووی ئەوەی قسەکانی دوو میوانی بەرنامەیەکی راستەوخۆی ئێن ئاڕ تیان بەدڵ نەبوو، روماڵکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵیان لە سەرجەم میحوەرەکانەوە لە ئێن ئاڕ تی قەدەغە کرد، جگە لەوەش بە بڕیاڕێک داوا لە هەموو بەرپرسان و ئەندامان پارتی کرا ئێن ئاڕ تی بایکۆت بکەن و قسە بۆ کەناڵەکە نەکەن.

لە پێشێلکارییەکی دیکەدا لە ماوەی رابردوودا، پارتی ڕوماڵکردنی هەموو کۆبوونەوە فەرمییەکانی هەرێم چ کۆبوونەوەکانی حکومەت و چ کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی لە ئێن ئاڕ تی قەدەغە کردووە.

ئەم پێشێلکاریانە بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تی پێچەوانەی یاسای کاری رۆژنامەوانی هەرێمە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کراوە و خودی بارزانیش لەو کاتەدا وەک سەرۆکی هەرێم یاساکەی ئیمزا کردووە.


‌‌‌
8/28/2017 4:58:07 PM
Print Friendly and PDF