هەواڵ

سبەینێ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک گفتوگۆ لەسەر بەشدارى لە ڕیفراندۆم دەکات


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردن لەسەر بەشداریکردنی کەرکوک لە ڕیفراندۆم یەکێکە لەو بابەتانەی تاوتوێ دەکرێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوایانکرد لە دانیشتنی داھاتووی ئەنجومەندا گفتوگۆ بکرێت لەسەر ڕیفراندۆم.

سەبارەت بەو بابەتەش نەجمەدین کەریم ڕایگەیاند "گفتوگۆ لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم لە ئەنجومەنی پارێزگا، بە ئامانجی گێرانەوەی کەرکوک نییە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان یان دەوڵەتی کوردستان لە داھاتوودا، بەڵکو ڕێوشوێنێکە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ھاووڵاتیانی پارێزگاکە لەو بابەتانەی کە پەیوەندیان ھەیە بە داھاتووی شارەکەیانەوە".

نەجمەدین کەریم وتی "گفتوگۆکە تەنھا بۆ دەنگدانە لەسەر بەشداریکردنی کەرکوک لە ڕیفراندۆمەکەدا یاخود نا، چونکە بڕیاری چونەوە سەر ھەرێمی کوردستان بە ڕیفراندۆمێکی گشتی ئەنجام دەدرێت".

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاندبوو، پارێزگای کەرکوک بەشداری ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکات کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلولی داھاتوودا بەڕێوە بچێت.

لە ئێستادا ناکۆکی ھەیە لە نێوان لایەن و پێکھاتەکانی ناو شاری کەرکوک سەبارەت بە بابەتی ڕیفراندۆم، بەشێوەیەک کورد داوا دەکەن کەرکوکیش وەک شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەشداری بکات، لە بەرامبەریشدا عەرەب و تورکمانەکان دژی دەوەستنەوە و پێیان وایە لە پارێزگاکەدا پەراوێزخراون.



‌‌‌
8/28/2017 11:53:37 AM
Print Friendly and PDF