هەواڵ

یەکگرتوو: لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە لەسەر جێهێشتنى شارەکە لەلایەن هاوڵاتییانەوە کۆدەبنەوە


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە لەسەر جێھشتنی شارەکە لەلایەن بەشێک لە ھاوڵاتیانەوە کۆدەبنەوە و ڕایانگەیاند، دەیانەوێت ئەرکی سەرشانی خۆیان لەو بارەیەوە بە جێبگەیەنن.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسی حەسەن عەبدوڵا بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو و نوێنەری ئەو حزبە لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، وا بڕیارە گفتوگۆ لەسەر ئەو بارودۆخە بکەین کە وایکردووە بەشێک لە ھاوڵاتیان شارەکە بە جێبھێڵن و ھەوڵدەدەین ئەوە ڕوونکەینەوە کە ئایا ھەڵەبجە  لە ڕووی خزمەتگوزاری و کارگێڕییەوە پێویستی بە چییە لە ئێستادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش لایەنە سیاسییەکان سەردانی دیوانی پارێزگایان کردووە گفتوگۆ و  ڕاگۆڕینەوەیان ئەنجامداوە سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ھەڵەبجە.

بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو ڕاشیگەیاند، "بە نیاز نین لە دوای کۆبوونەوەکە ھیچ زانیارییەک لە دەرئەنجامەکەی بۆ ڕاگەیاندنەکان ڕوونکەینەوە بۆ ئەوەی موزایەدەی سیاسی پێوە نەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە دوای سێ ساڵ لە ھەڵبژاردنەکان ھێشتا ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە پێکنەھێنراوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٤٥ جار لایەنە سیاسییەکانی ئەم شارە کۆبوونەتەوە بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.



‌‌‌
8/28/2017 11:50:16 AM
Print Friendly and PDF