هەواڵ

لەسەر ڕێنماییەکانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکان ئەندامانى کۆمسیۆن ناکۆکن


بزاڤ پرێس -ژووری هەواڵ

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم لەسەر دیاریکردن و ڕاگەیاندنی ڕێنمایی و بڕیارەکانی کۆمسیۆنەکە بۆ ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکانی هەرێم جارێکی دیکە بووبە دوو بەشەوە.

بەشێکی ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران لەگەڵ ئەوەدان کە ڕینمایی و بڕیارەکان بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم جیاواز بێت و دواتر ڕێنمایى نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دیاری بکەن، بەڵام بەشەکەی دیکە لەگەڵ ئەوەدان هەردووکیان بەیەکەوە ڕابگەیەنرێت.

هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم دەڵێت، بە کۆی دەنگ ڕێکەوتوون کە ٥ ى مانگی ئەیول بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم دەست پێبکات و هیچ لایەنێکی نوێش ناتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات.

وتیشی، مامەڵەکردنیان لەگەڵ جووڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) بەپێی ڕێنمایی و بڕیارەکانی کۆمسیۆن دەبێت و نابێت لەو ڕینماییانەى کە دیاری دەکرێت لابدەن.

ئەو بەشەی ئەنجومەن کە دەڵێت دەبێت هەردوو ڕێنماییەکان و ڕێکارەکان بەیەکەوە ڕابگەیەنرێن دەڵێن، کاتیان لە بەردەستدا نییە دوو جار ڕێکار و ڕێنمایی دەربکەن کاروباری دامەزراندنی کارمەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنى پرۆسەکان دوو جار تۆماربکەن.

شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، پێیان باشە ڕێنمایی و بڕیارەکان و کات و شێوازی بانگەشەی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکان بەیەکەوە ڕابگەیەنن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن.

بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، تائێستا ڕیفراندۆم پاڵپشتی یاسایی نییە، لەبەر ئەوە دەبێت ڕێنمایی تایبەتی بۆ دابنرێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم لە نوێنەری پێنج لایەنە سیاسیەکە پێکهاتووە و لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ڕیفراندۆم و وەڵامدانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دوای چەندین کۆبوونەوە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا لە ٢٥ى ئەیلول ڕیفراندۆم بکرێت و لە ١ى تشرینى دووەمیشدا هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم پێکەوە بکرێن.


‌‌‌
8/25/2017 8:57:05 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ