هەواڵ

برزۆ مەجید: کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو جۆرەی پارتی دەیەوێت تەواوکردنی کودەتاکەیەتی


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ھەر حزبێک بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی بەشداربێت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو جۆرەی پارتی دەیەوێت ئەوا بەشدارە لە تەواوکردنی کودەتاکەی پارتی.

برزۆ مەجید لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە بابەتێکدا بە ناونیشانی "بەڵێ پەرلەمان بە تەنھا موڵکی لایەنێک نیە" نووسیویەتی "ھەر حیزبێک بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و، بە بێ یەکڕیزی نیشتمانی و بە دەستکاریکردنی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن و گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەم جۆرەی پارتی دەیەوێت، بەشدار بێت لە کارا کردنەوەی پەرلەمان، ئەوا بەشداربوونە لە تەواوکردنی کودەتاکەی پارتی."

ئەوەشی وتووە، ھەر ھێزو لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێت راستگۆ بێت لەگەڵ ئەندامان و بەرنامە سیاسیەکەی، ئەوا دەبێت پێش، یاخود ھاوکات لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ڕاستەقینەکە بدات، کە سەرۆکایەتی ھەرێمە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لابردنی پاشەکەوتی موچە و چاککردنەوەی بژێوی خەڵک، کاری جدی و راستگۆیانەی لەسەر بکرێت و، لە پارتە دەسەڵاتدارەکان قبوڵ نەکرێت لەوە زیاتر یاری بە قوت و چارەنووسی ھاوڵاتیان بکرێت.

ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، لە بازگەی پردێ ڕێگە نەدرا یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان بچێتە ھەولێر بۆ سەر کارەکەی و شەوی پێشتریش لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمەوە چوار وەزیرەکەی گۆڕان لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

لەو کاتەوە پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە و سەرەڕای چەند ھەوڵێکی لایەنەکانیش تا ئێستا کارا نەکراوەتەوە.



‌‌‌
8/25/2017 11:54:04 AM
Print Friendly and PDF