هەواڵ

یوسف محمد: پێویستە ڕیفراندۆم لە پەرلەماندا یاسای بۆ دەربکرێت


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەبێ گفتوگۆکردن لە ھۆڵی پەرلەماندا ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نییە و دەبێت لە پەرلەماندا یاسای بۆ دەربکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک ئەمڕۆ یوسف محەمەد لەگەڵ نوێنەری چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە سەربەخۆیی و تەبایی نێوان لایەنەکان کردووە و سەرۆکی پەرلەمانی ڕایگەیاندووە، دروستکردنی دەوڵەت پرسێکی نیشتمانییە، پێویستە ھەموو لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و تەبایی نێوان لایەنەکان زیاتر بکات، نەک ببێتە ھۆی جیاوازیی و دووبەرەکی.

ئەوەشی وتووە "ڕیفراندۆم پرسێکی گرنگ و چارەنووسسازە، بەبێ گفتوگۆکردن لەناو ھۆڵی پەرلەماندا، ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نییە. دەبێت دۆخی پەرلەمانی کوردستان بەزووترین کات ئاسایی بکرێتەوە و پرسی ڕیفراندۆم لەناو پەرلەماندا، نوێنەرانی خەڵک گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و یاسایی تایبەتی بۆ دەربکەن."

ھاوکات ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخراوەکان یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کردووە داوای تەبایی لایەنەکان و بە نیشتمانیکردنی پرسی ڕیفراندۆم و ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان و ئاوڕدانەوە لە ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان کردووە.

ڕۆژی ٧ ی حوزەیران جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، لایەنە سیاسیەکانی دیکەی ھەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلول ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت و ئەنجوومەنێکی باڵاش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێکھێنرا لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.

ھاوکات ڕۆژی ٨ ی ئابی ٢٠١٧ جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بە فەرمی ڕاگەیەندرا و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئەیلولی کرد.



‌‌‌
8/24/2017 3:50:11 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ