هەواڵ

قائیمقامیەتی سلێمانی ھەڵمەتێکی بۆ نەھێشتنی فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان ئەنجامدا


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، ھەڵمەتێکیان بۆ نەھێشتنی فۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان ئەنجامداوە و دەستبەسەر گۆشتی ١٢ ئاژەڵدا گیراوە و خاوەنەکانیشیان ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت وتوویەتی، بەھۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، بەشێک لە گۆشتفرۆشەکان بە دەرفەتی دەزانن بۆ گۆشت فرۆشتن لەسەر شەقام و شاڕێکان، کە یاسا ڕێگری لەوکارە کردووە و بە تاوانی بینراو (جرائم مشھودە) ناوی ھێناوە و لیژنە ھاوبەشەکان بەھاوکاری پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان ھەوڵی بنەبڕکردنی دەدەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لە ھەڵمەتێکیاندا ئێوارەی دوێنێ، دەستبەسەر ١٢ ئاژەڵی سەربڕاودا و سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی گۆشتفرۆشەکان بەکاریان ھێناوە گیراوە.

ھەر بەپێی فەرمانی قائیمقایەتی سلێمانیش گۆشتەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکانیان ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت ئەوەشی وتووە، کە ھۆکاری سەرەکی لە ڕێگریکردنی فرۆشتنی گۆشت لە شەقامەکان نەپشکنینی ئاژەڵەکە و ڕەچاونەکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردنە کە گۆشتی ئاژەڵەکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستی ھاووڵاتیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و چەند ھەڵمەتێکیشی ئەنجامدا بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە.



‌‌‌
8/24/2017 3:27:05 PM
Print Friendly and PDF