هەواڵ

بەھرۆز گەڵاڵی: نابێت سنوری یەکێتی وای لێبێت ھەموو لایەنێک تەراتێنی تێدابکات


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

بەھرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتی لە تورکیا دوای گەڕانەوەی لەو وڵاتە ڕایگەیاند، نابێت سنوری یەکێتی لە ڕووی ئەمنییەوە وای لێبێت کە ھەموو لایەنێک تەراتێنی تێدا بکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەھرۆز گەڵاڵی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەیشتەوە ھەرێم و لە کۆنفرانسێکدا وتی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاگاداریان کردووەتەوە کە بەھۆی ڕووداوێکەوە لە سنوری یەکێتی لە ھەرێم دەبێت نووسینگەکەی دابخات و بگەڕێتەوە ھەرێم.

ھەروەھا وتیشی، تورکیا نیگەرانە لە سیاسەتی دامودەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و ئەوەش وایکردووە کە نووسینگەکەی دابخەن.

ناوبراو وتیشی "پێویستە لە ڕووی ئەمنییەوە سنوری یەکێتی وای لێ نەیەت کە ھەموو لایەک تەراتێنی تێدا بکات و حساب بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان نەکات، چونکە زیان بەو سنورە دەگەیەنن."

ڕاشیگەیاند "تورکیا بە ئاشکرا دژایەتی ڕیفراندۆم دەکات و دڵنیاشە لەوەی ڕیفراندۆم ٢٥ی ئەیلول ناکرێت، بەڵام خەڵکێک ھەیە لە ھەرێم کە نایەوێت تێبگات ھەروەک بڵێی ھیچ وڵاتێک نییە دژایەتی بکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، ھەتا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا کۆنەبێتەوە، ناتوانێت ھەندێک وردەکاری ھەن ئاشکرایان بکات.

ھاوکات شەوی رابردوو مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ھەولێر لەگەڵ شاندی یەکێتیدا کۆبووەوە، بەڵام تا ئێستا میدیای یەکێتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاونەکردووەتەوە.



‌‌‌
8/24/2017 1:33:54 PM
Print Friendly and PDF