هەواڵ

خوێندنی باڵا: ڕێفۆرم لە خوێندنی تەکنیکی دەکرێ


بزاڤ پرێس:
 
د.یوسف گۆران: خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی یەکێکە لە کارە پێشینە گەورەکانی حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا
 
 
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە کارە پێشینە ھەرە گەورەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە خوێندنی تەکنیکی تەنھا تایبەت نیە بە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆتە بابەتێکی جیھانی و، وڵاتان بۆ پیشخستنی باری ئابورییان بایەخی زۆر بەخوێندنی تەکنیکی و پیشەیی دەدەن.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (١٧/٧/٢٠١٧)  لەمیانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەیەکی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی ھەرێمی کوردستان ھات، لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونی د. ئامانج سەعیر ڕاوێژکاری وەزیری خوێنددنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.داود ئەتروشی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازە و پڕۆژەکان لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکینکی ھەولێر بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەی ڕێفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان کرا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر دوای ئەوەی بەناوی ھەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیکە بەخێرھێنانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، وەفدی ھاوڕێی ئامانجی کۆبونەوەکەی خستەڕو وتی: وەک ھەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیەکانی (ھەولێر، سلێمانی ودھۆک) لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەیەک بۆ ڕیفۆرمکردن لە خوێندنی تەکنیکی لە ھەرێمی کوردستان ئامادەدەکەین.

پاشان، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکرد، لەسەرەتایی وتەکەیدا باسی لە گرنگی خوێندنی تەکنیکی کرد و لەوبارەیەوە وتی: "ھەموتان ئەزانن خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە ئەولەویاتە ھەرە گەورەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە خوێندنی تەکنیکی تەنھا تایبەت نیە بەھەرێمی کوردستان، بەڵکو مەسەلەیەکی جیھانیە و، وڵاتان بۆ پێشخستنی باری ئابورییان بایەخی زۆر بەخوێندنی تەکنیکی دەدەن"، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕونیکردەوە، کە وڵاتە تازە پێشگەیشتوەکاندا ئاڕاستەیەکی گشتی ھەیە بۆ ئەوەی کەرتی خوێندنی باڵا بەرەو ئاراستەیەک بەرن کە کادر بۆ ئەو پیشانە ئامادە بکەن کە لە چەند ساڵی داھاتودا سەرھەڵدەدەن، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: یەکێک لە کێشەکانی ئێستای خوێندنی باڵا لە کوردستان ئەوەیە، کە زۆربەی ئەوانەی ڕو لە خوێندنی باڵا دەکەن داوای دامەزراندن دەکەن و، ساڵانەش نزیکەی (٤٠) ھەزار خوێندکار لە کوردستان زانکۆ تەواو دەکەن، بەڵام دەرفەتی دامەزراندنیش لە کەرتی گشتی بەراورد بەژمارەی دەرچوان زۆر کەمە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھۆکاری ئەوەشی ئاشکراکرد و وتی: لە ڕابڕدودا ئاڕاستەی کارکردنی زانکۆکان لە کوردستان زیاتر بەرەو دروستکردنی فەرمانبەر بوە بۆ حکومەت، بەڵام ئێستا ئەو چەمک و تێگەیشتنە لە جیھان و لەلای حکومەتی ھەرێمیش گۆڕاوە، ھەروەک سەرھەڵدانی قەیرانی دارایش کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕینی ئەو دیدە ھەبوە، بۆیە ئێستا ئێمە نامانەوێ زانکۆ تەنھا بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتی گشتی پێ بگەێنێ، بەڵکو دەمانەوێ زانکۆ سکێڵ و کارامەیی بۆ خوێندکارانی زانکۆ دروست بکەن، تا دوای تەواوکردنی زانکۆ ئەو دەرچوانە بتوانن دەرفەتی کار بۆ خەڵکی دیکە بڕخسێنن.

ھەر لە درێژەی وتەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان ئێستا دەتوانن سەرکردایەتی ئەو دیدگایە بکەن و، کادیری ناوەندی بۆ بازاری کاری کوردستان دروست بکەن و خوێندکاری کارامە بۆ بازاری کار پێ بگەێنن، وتیشی ھەرچەندە تا ئێستا فەلسەفەی دروستکردنی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان جێگەی خۆی نەگرتوە، بەڵام دوای پێنچ ساڵ لە دروستکردنی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کاتی ئەوە ھاتوە ھەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ ئەو زانکۆیانە بکەن و، ھەوڵ بدەین خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکەین و کار بۆ جیبەجێکردنی پەیامە ڕاستەقینەی دروستبونی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بکەین، بەشێوەیەک بتوانن کادری ناوەندی بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی کارکردنی کوردستان دروست بکەن.

 ھەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران وتی: دوای ئەم کۆبونەوەیە و ھەڵسەنگاندنی پێشنیاز و ڕاسپاردەکان دەبێ لە ساڵی داھاوەو دەست بەکارەکانمان بکەین و، زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بەتەواوەتی خۆیان تەرخان بکەن بۆ پێگەیاندنی کادیری ناوەندی، چونکە بازاری کاری کوردستان پێویستی زۆری بەو جۆرە کادرانەیە، ڕاشیگەیاند: گرنگی ئەم زانکۆیانە لەوەدایە کە پەیامێکی جیاوازیان لە زانکۆ ئەکادیمیەکان ھەبێ و، نابێ بەھەمان پێوەری ئەو زانکۆیانە کاربکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، لەلایەن د.ئالان فەریدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و، د. عەدنان محسن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک و، د.کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەجیا باسیان لە وردەکاری کێشە کارگێڕی و زانستی و داراییەکانی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کرد، ھەروەک چەندین پێشنیاز و ڕێگەچارەیان خستەڕو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و، پێشخستنی زانکۆکانیان بەشێوەیەک بتوانن کادیری ناوەندی و کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکان ئامادە بکەن و، لەھەمان کاتدا بتوانن ناوەندێکی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی کارە لە پێشینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوو لەسەرۆکی زانکۆکان وتی: ئەوە سەرەتایەکی گرنگە وسەرەتاش دەبێ بزانین لە کوێین، پاشان دەبێ پارتنەری نێودەوڵەتی  بەناوبانگ بدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێفۆرمەی کە دەستان پێکردوە، ھەروەک دەبێ کەسێک دەستنیشان بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکە دەستنیشان بکەن لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، ھەروەک سەرۆکی زانکۆکانی ڕاسپارد، پێشنیاز و پڕۆژەکانیان یەکبخەن و، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەربدەن.


‌‌‌
7/17/2017 11:51:01 PM
Print Friendly and PDF