راپۆرت

مه‌لا مسته‌فا بەھاوکاری مۆساد ھەوڵی تیرۆرکردنی سەدام حسێنی داوە



محەمەد سالار پاشا

مەلا مستەفا: ئەگەر دەست بکەینەوە بەشەڕ بالەسەر کەرکووک و خانەقین و شەنگار بێت نەک لەسەر من

  بەیاننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠ز) قۆناغێکی نوێ بوو بۆ ئەم بەشەی کوردستان، ئەم بەیانە جگە لەھێنانی ئاشتی و چەسپاندنی خود موختاری (حوکمی زاتی) بۆ کورد، کرانەوەو گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردیش بوو لەسەرجەم ڕووەکانی زمان و کەلتور و مێژوو و رۆشنبیرییەوە. بەڵام بەپێچەوانەی خواستی کوردەوە ئەم گەشە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگەی کوردی زۆری نەخایاند، ھەر زوو ئامانج و مەبەستەکانی بەعس بەرامبەر بەڵێن و رێکەوتننامەکەی (١١ی ئادار) دەرکەوتن. ئەویش سەرەتا لە (١ی کانونی یەکەمی ١٩٧٠ز) لەبەغداد ھەوڵی تیرۆرکردنی (ئیدریس بارزانی)یان دا، دواتر لە (٢٩ی ئەیلولی ١٩٧١ز) لە شوێنی دانیشتنی مەلا مستەفا لەحاجی ئۆمەران ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیان دا، پاشان لە (١٥ی تەموزی ١٩٧٢ز) جارێکی دی ھەوڵی  تیرۆرکردنی مەلا مستەفایان دایەوە، بەڵام سەرجەم پلانەکان بەشکستی کۆتای ھات. ئەوەی ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێت ئاماژەی پێبدەین ڕووداوەکەی (٢٩ی ئەیلولی ١٩٧١ز) کەلەلایەن چەند مەلایەکەوە ئەنجامدرا، ئەوەی ئێمە گرنگی پێدەدەین باسکردنی چەند نھێنییەکە کەڕەنگە تا ئێستا شاراوە بێت!

سەرە داوی ڕووداوەکە:

سەرەتای پیلانەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات، لە (١٥ی ئەیلولی ١٩٧١ز) واتە (١٣) رۆژ بەر لەڕووداوەکە دوو مەلا بەناوەکانی "عەبدولجەبار ئەلئەعزەمی (سونی مەزھەب) و عەبدولحسین دەخیلیی (شیعە مەزھەب)" دێن بۆ سەردانی بارزانی لە حاجی ئۆمەران، ھۆکاری ھاتنەکەیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کەبەھۆی گرژبونی پەیوەندی نێوان شۆڕش و ڕژێمەوە ھاتوون ئەمان وەک زانایانی ئاینی و خەڵک ببنە ھۆکاری چارەسەری ئەو کێشەکانەی کەلەنێوان حکومەتی عێراقی و شۆڕشدا دروست بووە، ھەروەھا بەڵێنیش بەبارزانی دەدەن کەجاری دووەم لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای دیکەدا لە (٢٩ی ئەیلولدا) سەردانی بارزانی بکەنەوە، بارزانیش لەم ڕووەوە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕی بۆ ئەم کارە، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسی بوو لەم سەردانەدا ئەو شۆفێرەی کەئەو دوو مەلایەی ھێنا بوو لەلایەن دەزگای ھەواڵگیری عێراقییەوە نێررابوو بەمەبەستی شارەزابوون لەناوچەکە بۆ رۆژی ڕووداوەکە، تالەرێیەوە رێگە و بارەگاو شوێنی دانشتنی بارزانی شارەزا بن.

رۆژی ڕووداوەکە:

لە (٢٩ی ئەیلولی ١٩٧١ز) وەفدێک کەپێک ھاتبوون لە (٩) مامۆستای ئاینی بەدوو ئوتومبێل دەگەنە حاجی ئۆمەران، لەسەرەتای بازگەکە ئەفسەری بەرپرسی بازگەی حاجی ئۆمەران رێگە نادات دوو ئوتومبێلەکە تێپەرن و بگەنە بارەگای بارزانی بەڵام یەکێک لەمەلاکان بەناوی (عەبدولجەبار ئەعزەمی) ھەڕەشەی لێدەکات کەوا لای بارزانی شکاتی لێدەکات، پاشان ئەفسەری بەرپرسی بازگەکە دەترسێت و رێگەیان پێ دەدات بەئوتومبێلەکەیانەوە بچنە نزیک شوێنی دانیشتنی مەلا مستەفا، بارزانی دوای ئەنجامدانی نوێژی عەسر ڕاستەوخۆ دەچێتە سەردانی مەلاکان. کاتژمێر (٥:٥٥) خولەک یەکێک لەمەلاکان بەناوی (برایم خوزاعی) کۆمەڵێک بۆمبی پێدەبێـت و دەتەقێتەوە، بەڵام ئەو ئامانجەی کەبۆی ھاتبوون ناتوانن بیپێکن چونکە لەو دەمەدا کەتەقەمەنییەکان دەتەقنەوە چایچییەکە لەنێوان بارزانی و (برایم خوزاعیدا) دەبێت، لەم نێوەندەشدا بارزانی ڕزگاری دەبێت و چایچییەکە کەناوی (شەریفی کوری شەریف) دەبێت پێوە دەبێت و  دەمرێت.

ژمارەی کوژراوەکان:

دوای تەقینەوەکە ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بەتەقەکردن، ھەردوو شۆفێری ئەو دوو ئوتومبێلەی کەمەلاکانی ھێنابوو سەر بەدەزگای ھەواڵگیری عێراقی دەبن، دەیانەوێت ڕابکەن بەرەو لای ئوتومبێلەکانیان بەڵام ناتوانن و لەنزیک میوانخانەکەی بارزانی خۆیان حەشار دەدەن و پاش شەرێکی کەم لەکاتژمێر (٥:٢٥) خولەک ھەردووکیان دەکوژرێن، پاش کوژرانی ئەوانیش ئوتومبێلێکیان دەتەقێتەوە و ئەوی تر ناھێڵن بتەقێتەوە کۆنترۆڵی دەکەن، چونکە ئەویش بۆمب رێژ کرابوو، بەم شێوەیە نۆ کەس لەمەلاکان و ھەردوو شۆفێرەکەش دەکوژرێن، لەنێو دەست و پێوەندەکەی بارزانیش جگە لەچایچییەکە پاسەوانێکی بارزانی دەکوژرێت و چواردە کەسیش بریندار دەبێت، مەلا مستەفا خۆشی پارچەی ساچمەیەکی بەردەکەوێت و کەمێک بریندار دەبێت، بەم شێوەیە ڕووداوەکە بەسەلامەتی ژیانی بارزانی کۆتای دێت.

دوای ڕووداوەکە:

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە سەرکردایەتی بەعس بروسکەیەکی خۆشحاڵی دەگەیەنێتە بارزانی بەبۆنەی ڕزگاربوونی لەو کارە تیرۆریستییە و داوا دەکەن لیژنەیەک دروست بکرێت بەمەبەستی ئاشکرا کردنی تیرۆرستان، پاشان لیژنەکە پێک ھات بەڵام نەگەشتنە ھیچ دەرەنجامێک چونکە خودی ئەنجامدەرانی ئەو کارە لەلایەن سەرکردایەتی بەعسەوە ئەنجام درا بوون، سەبارەت بەبارزانیش گەرچی بەشێک لەئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی داویان کرد کەدەست بکرێتەوە بەشەر لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بەڵام بارزانی رازای نابێت و دەڵێت "ئەگەر دەست بکەینەوە بەشەڕ بالەسەر کەرکووک و خانەقین و شنگار بێت نەک لەسەر من".

ئەوەی لەم کارەدا تائێستا شاراوەیە:

ئەوەی لەسەرەوە باسمان کرد کورتەی ڕووداوەکەیە، بەڵام ئەوەی تائێستا بەشاراوەیی ماوەتەوە ھەڵوێستی دیبلۆماسیانەی بارزانی بووە دوای ڕووداوەکە کەبەھەمان شێوە ھەوڵی داوە سەدام حسێن بەرپرس و دارێژەری یەکەمی ئەم کارە تیرۆر بکات. "شلمو نکدیمون" لەکتێبەکەیدا بەناوی (الموساد فی العراق ودول الجوار) درێژە دەدات بە ڕووداوەکە و بەم شێوەیە باس لەھەوڵی مەلا مستەفا دەکات بۆ تیرۆر کردنەوەی سەددام حسێن.

دوای ڕووداوەکە مەلا مستەفا زۆر پەشۆکا دەبێت، دوو کەس لەنزیکی دەبن لێی دەپرسن: وویستیان چی بکەن؟

بارزانی دەڵێت "ویستیان من و د. مەحمود بکوژن، (٩) لەپیاوانی ئاینی لەبەغدادەوە ھاتوون بۆ کوشتنم". ئەو دوو کەسەش کەجلی پێشمەرگەیان لەبەردا بوو جیاواز بوون نەسمێڵ و نە ریشیان ھەبوو دیار بوون کەمیوان بوون، ئەوانیش دوو ئەندامی دەزگای ھەواڵگیری ئیسرائیلی (موساد) بوون بەناوەکانی (تەسفی زەمیر و ناحوم ئەدمۆنی).

پاشان نوسەر درێژە دەدات بەھەڵوێستی بارزانی و دەڵێت "توڕەبونی ئەمجارەی بارزانی جیاواز بوو لەجارەکانی دیکە زۆر پەشۆکا بوو پرسیاری لەھەریەک لە "تەسفی زەمیر و ناحوم ئەدمۆنی" دوو ئەندامەکەی دەزگای مووساد دەکرد کار چییە؟ چی بکەین؟ ئەو دووانەش دەیانویست بارزانی ھێمن بکەنەوە.

پاشان بارزانی پلانەکە دەسپێرێت بە "سادق" ناوێک کەیەکێک بوو لەو کەسانەی ناو شۆڕش کەلەبواری تەقینەوەدا شارەزا بوو، سادقیش دەیوت "دەبێت کارێک بەسەر سەددام حسێن بھێنین بەھەمان شێوەی ئەو کارەی کەدەیویست بەسەر سەرۆکەکەمانی بھێنێت".

لە (١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ز) وەزیری رۆشنبیری عێراقی (د. ئەحمەد عەبدولستار ئەلجەواری) لەلایەن سەدام حسێنەوە لەبەغدادەوە دێت بۆ سەردانی مەلا مستەفا و بەبارزانی دەڵێت "لەو رۆژەوەی کەھەوڵی تیرۆرکردنی تۆیان داوە سەددام حسێن لەھەوڵی گەڕاندایە بەشەو و رۆژ بۆ دۆزینەوەی بکەرانە ئەم کاری تیرۆریستییە".

ھەروەھا بەبارزانی دەڵێت "سەددام حسێن ڕای وایە ئەم کارە ھەوڵێکە لەلایەن ئۆپۆزسێۆنی عێراقییەوە ئەنجام دراوە بۆ تێکدانی برایەتی کورد و عەرەب"، ھەروەھا بەرێز سەددام حسێن بەمنی ووتووە "ھیچ بریارێک دەرناکام تائەو کەسانە دەسگیر نەکەم کەھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیان داوە".

لەوەڵامدا بارزانیش بە (د. ئەحمەد عەبدولستار)ی وەزیری رۆشنبیری دەڵێت "من بەم ھەوڵ و کۆششانەی جەنابی جێگری سەرۆکی کۆمار (سەدام حسێن) دەزانم کەنێرراوێکی گەورەی وەک بەڕێزتی ناردووە بۆ لام وە ھەست بەھەوڵەکانی دەکەم بۆ بەرپاکردنی ئاشتی وە داوام لەبەڕێزت ئەوەیە کەئەم دیارییە بچوکە بدەیتە دەستی جەنابی سەددام حسێن". ھەروەھا بەوەزیری رۆشنبیری دەڵێت "دیارییەکە بریتی لە تەفسیرێکی قورئانی پیرۆز". 

پاشان وەزیری رۆشنبیری دەگەڕێتەوە بەغداد و لە(١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ز) چاوی بە (سەددام حسێن) دەکەوێت. (د. ئەحمەد عەبدولستار) بە(سەددام حسێن) دەڵێت "بارزانی زۆر تەقدیری ھەوڵەکانی تۆی گرت سەبارەت بەناردنی من بۆ ھەواڵپرسین و بەدواداچونی بابەتەکە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەئاگا بین لێی چونکە ئەو دەزانێت ھەوڵی کوشتنەکەی دەستی تۆی تێدایە"، ھەروەھا (د. ئەحمەد عەبدولستار) بە (سەددام حسێن) دەڵێت "بارزانی چاوەڕێی ئەوە دەکات بەندەکانی بەیاننامەی (١١ی ئادار) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"، وە پێشی ووتم "ئەم ھەوڵی کوشتنە ناکاتە ڕێگر بۆ رێکەونتتامەکە بەلانی کەم تائەو کاتەی ئەو لیژنەیەی کەدانراوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارن دەگەنە دەرەنجامێک".

لێرەدا ئەو وەزیرە پێشنیار دەکات بۆ سەددام حسێن "پێویستە یەکێک لەکەسایەتییە عێراقییە گەورەکان لەسێدارە بدرێت بەتۆمەتی ھەوڵدان بۆ کوشتنی بارزانی بۆ ئەوەی ھەرچی چۆنێک بێت بارزانی ڕازی بکرێت و بەمەش کێشەکە کۆتای بێت".

پاشان (د. ئەحمەد عەبدولستار) دیارییەکە دادەنێت لەسەر مێزەکەی (سەددام حسێن) و دەڵێت "بارزانیش ئەم دیارییەی بۆ ناردوویت بریتییە لە تەفسیرێکی قورئانی پیرۆز".

شڵەژانێک لەڕووی (سەددام حسێندا) دەردەکەوێت و داوا لە وەزیرەکە دەکات کەدیارییەکە بکاتەوە و پێی دەڵێت "وامەزانە بارزانی ئەوەندە کەسێکە گێل .. بێت .. لەو کاتەی وەزیرەکە دیارییەکە دەکاتەوە، دیارییەکە دەتەقێتەوەو ڕاستەوخۆ پاسەوانەکانی (سەددام حسێن) دێنە ژوورەکەو دەست دەکەن بەدەسڕێژی گوللە لەوەزیرەکە، لەم نێوەندەشدا (سەددام حسێن) ھەڵدەسێتەوە سەرپێی و دەموچاووی کەمێک بریندار دەبێت ودەڵێت: "ووتم بارزانی ئەوەندە گێل نییە ئەو سەگە".


‌‌‌
7/17/2017 11:44:41 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ