دیدار

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی: سزای هه‌موو حزبه‌كان بده‌ن


سازدانی‌: كاروان ره‌حمان و ژیار كامیل

بزاڤ پرێس: ڕەوشی‌ ئێستای‌ هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: من پێموایە ئێستا هەرێمی‌ كوردستان لەخراپترین دۆخدایە لەبەرئەوەی‌ كە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان دورەپەرێزی‌ و بێ متمانەیی‌ ڕووی‌ لە زیادبوون كردووە وە پڕۆسەی‌ ئیسلاحات و چاكسازی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە, تەنانەت سەرەتاییترین ماف كە مووچەو مەعاشـی‌ هاوڵاتیانە بەداخەوە لەكاتی‌ خۆیدا دابین ناكرێت، بازاڕ كز بووەو پەكـی‌ كەوتووە، وە دەست تێوەردانی‌ دەرەكی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان بەرەو زیادبوون ڕۆیوەو سنورەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەژێر مەترسی‌ بۆمباران و تۆپبارانی‌ دوو دەوڵەتی‌ ناوچەكەدان، وەهەروەها دەزگا شەرعیەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان وەك پەرلەمان پەكی‌ كەوتووە، حكومەت نیوە ئیفلیجە ئەتوانم بڵێم لەسەر هەموو ئاستەكان لەڕووی‌ سیاسی‌ و لەڕووی‌ ئابووری‌ و لەڕووی‌ كۆمەڵایەتی‌ و زیاد بوونی‌ دیاردە كۆمەڵایەتیە دزێوەكان وە كەڵەكەبووی‌ كێشەكان وای‌ كردووە كە باری‌ دەروونی‌ هاوڵاتیانیش لە دۆخێكی‌ جێگیردا نەبن، ئەوانە هەمووی‌ پێمان دەڵێن كە دۆخی‌ هەرێم دۆخێكی‌ ناجێگیرو پڕ مەترسیدارە.

بزاڤ پرێس: هەڵوێستی‌ ئێوە چۆن دەبێت ئەگەر بێت و پارتی‌ بەردەوام بێت لەم جۆرە سیاسەتە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: ئێمە لەدوا كۆبوونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ لە ١٦-٨ لە بەلاغی‌ كۆبوونەوەكەدا ئەوەمان ڕاگەیاند كە ئەگەر ئەم دۆخە بەم جۆرە بەردەوام بێت وە چەقبەستوویی‌ لە سیاسەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان چارەسەرێكی‌ بۆ نەدۆزرێتەوە بەتایبەتی‌ ئەوەی‌ كە پەیوەندی‌ بە بژێوی‌ خەڵكەوە هەیەو حكومەت گوێ لە پێشنیارەكان و لە پڕۆژەكانی‌ چاكسازی‌ نەگرێت و بێ باك بێت بەرامبەر بژێوی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان ئەوا پێداچوونەوە دەكەین بە بڕیاری‌ بەشداری‌ كردنمان لە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، وە ئێستا ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ وە هەندێك دامودەزگای‌ تایبەتمەند وەكو فراكسیۆنەكانی‌ پەرلەمان هەروەها ئەنجومەنی‌ سیاسی‌ وە دەزگاكانی‌ تر سەرقاڵی‌ گەڵاڵەكردنی‌ ئەو بڕیارەن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر گوێ لە خواستەكانمان نەگیرێت یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ بڕیاری‌ یەكلاكەرەوەی‌ خۆی‌ دەدات.

بزاڤ پرێس: هۆكاری‌ بێدەنگی‌ یەكێتی‌ و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ چییە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: ئەبوایە ئەو چوار هێزە بەڕای‌ من گوشاری‌ زیاتریان بكردایە لەسەر پارتی‌ دیموكراتـی‌ كوردستان، مەبەستم لە گوشار گوشاری‌ مەدەنـی‌ و گوشاری‌ نەرمە وە چەندین كات لەژێر دەستی‌ ئەو هێزانەدا هەیە بۆ ئەوەی‌ وابكەن كە دۆخی‌ سیاسی‌ هەرێم لەم دۆخە قەیراناوییە دەربازی‌ ببێت، وەكو كارتی‌ كشانەوە لە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، كارتی‌ بەغدا، كارتی‌ پەیوەندییەكان، كارتی‌ شەقام، هەموو ئەمانەو هەروەها هەناردەكردنـی‌ نەوت، بۆیە هەریەكێك لەم چوار هێزەش گرفتی‌ تایبەت بەخۆی‌ هەیە بۆ نمونە بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە پڕۆسەی‌ حكومڕانی‌ دورخراوەتەوە، یەكێتی‌ نیشتیمانـی‌ كوردستان گرفتی‌ نێوخۆی‌ خۆی‌ هەیە، وە لەڕووی‌ ئیتیفاقی‌ و ڕێككەوتنی‌ ستراتیژییەوە هەندێك پابەندبوونی‌ ماوە بەرامبەر بە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بێجگە لە مەسەلەی‌ ئیدارەدانی‌ جەبهەكان و شەڕی‌ تیرۆر، هەموو ئەمانە ئیلتیزاماتی‌ بۆ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دروستكردووە، بەرژەوەندی‌ كەس و گروپەكان ئەمە خۆی‌ كاریگەری‌ هەیە، بۆیە ئەم چوار هێزە ئەگەر بیانتوانیاییە ئەیانتوانی‌ بەیەكەوە گوشارێكی‌ زیاتر لەسەر پارتی‌ دیموكراتـی‌ كوردستان دروستبكەن، بەڕای‌ من بەشێكی‌ زۆری‌ قەیرانەكان ئۆباڵەكەی‌ بەشێكی‌ دەكەوێتە سەر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.

بزاڤ پرێس: پارتی‌ بۆچـی‌ بەم شێوەیە مامەڵە دەكات؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بەڕای‌ من هۆكارەكان زۆرن، بەشێكیان قەیرانی‌ مێژووین، بەشێكی‌ دیكەشیان لەڕاستیدا پەیوەندی‌ بەو سیستەمی‌ حكومڕانیە هەیە كە لەهەرێمی‌ كوردستاندا هەیە، هەركاتێك هێزی‌ چەكدار داهات و سەروەت و سامان لای‌ حزبەكان بوو، ئاوا بێ منەت دەبن وە كەی‌ ویستیان ئەو كاتانە ڕایدەكێشن بۆ سەپاندنی‌ ئەجێندا حیزبیەكانی‌ خۆیان، وە بە پێشێلكردنـی‌ یاسا، بۆیە ئەگەر لە ٢٤ساڵی‌ ڕابردوودا ئێمە داهات وە هێزی‌ چەكدارمان لەژێر دەستی‌ حزبەكان دەربهێنایە یاسای‌ حزبەكان وە یاسای‌ ڕێكخراوەكان و یاساكانی‌ تر وەك خۆی‌ جێبەجێ بكرایە ئەم قەیرانانەی‌ ئەمڕۆ نەدەخولقان حیزبەكان دەهاتن و ڕۆشتن هەڵبژاردنەكان دەیانبردەوە و دەیان دۆڕاند، بەڵام پڕۆسەی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، بەداخەوە بەهۆی‌ ئەو حكومڕانیە سەقەتە حزبیەی‌ لە كوردستاندا هەیە ئەمە بۆتە سەرچاوەی‌ قەیرانەكان، بۆیە ئەو هێزانەی‌ كە داهات و هێزی‌ چەكداریان لەژێر دەستایە پەنا بۆ كودەتا دیموكراسیەكان دەبەن بۆ یەكلاكردنەوەی‌ ململانێكان.

بزاڤ پرێس: ڕۆژ لەدوای‌ ڕۆژ كێشەكانی‌ هەرێم زیاد دەكەن و چارەسەر نەكراون، چۆن دەڕوانیتە ئەم ململانێیە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بە دڵنیاییەوە ئێمە كێشەكانمان ئەگەر بڵێین لەساڵی‌ ڕابردوودا كە پەرلەمان پەكی‌ كەوتوە كێشەكانمان زیاتر بووە، ئێمە ئەگەر جاران تەنها كێشەی‌ ئیسلاحات و چاكسازی‌ بوایە ئێستا لەسەر ئاستی‌ بەغداو لەسەر ئاستی‌ هاوكێشەی‌ سیاسی‌ ناوچەكە وە لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ گرفتەكانمان كەڵەكە بووە، هەتا بۆنمونە كێشەیەكی‌ تر كە لەداهاتوودا زیاد دەكات ئەوەیە كە ئەم خولەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان تەنها یەك ساڵی‌ ماوە، ئایا ئێمە ساڵێكی‌ تر دەتوانین لە وادەی‌ خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین؟ پێموایە قورسە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا ئەنجام بدرێت لەبەر سێ پاكێج، پاكێجی‌ یەكەمیان كۆمیسیۆن ئامادە نییە دووەم لایەنەكان بێ متمانەن بەرامبەر بەیەكتری‌، سێیەم خەڵكیش بێ هیوا بووە لە سندوقەكانی‌ دەنگدان ،باشترین نمونە ئەوەیە كە ئێمە پێش هەفتەیەك لەگەڵ كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراقدا لە سلێمانی‌ كۆببینەوە ئەو ئامارانەی‌ كە بە ئێمەیاندا لە سەدا حەوتی‌ هاوڵاتیان لە سلێمانی‌ چونەتە بەردەم ناوەندەكانی‌ تۆماركردن بۆ كارتی‌ ئەلیكترۆنی‌ وە لەسەدا چواریش لە هەولێرو لەسەدا یانزەش لە دهۆك ئەمە پێمان دەڵێن كە هاوڵاتیان بێ هیوان لە پڕۆسەی‌ سیاسی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا بۆیە ئەم دۆخەی‌ ئێستا كەوای‌ كردووە كێشەو قەیرانی‌ زیاتر بۆ هەرێمی‌ كوردستان بخولقێنێت.

بزاڤ پرێس: بەڕای‌ ئێوە ئامانج لە خولقاندنی‌ ئەم قەیرانانە چیە، شەڕە لەسەر پۆست یان چـی‌؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بەدڵنیاییەوە بەدرێژای‌ مێژوو هەموو شەڕەكان شەڕبوون لەسەر پۆست و داهات و پێگە ،ئەمە وای‌ كردووە ئەو شەڕانەی‌ كەلە ڕابردوودا شەڕە ناوخۆیەكان لەسەر چیبووە وە ئەم شەڕانەی‌ ئێستاش شەڕ نییە لەسەر پێشكەشكردنی‌ نمونە، شەڕ نییە لەسەر بەرەو پێشچوون و پەرە پێدانی‌ دیموكراسی‌، بۆیە ئەم شەڕانە كە ئەكرێت شەڕێكە لەدەرەوەی‌ بنەما دیموكراسیەكان كە بۆ هێشتنەوەی‌ حزبەكانە، ئەم حزبانەی‌ ئێمە بڕوایان بە ئاڵوگۆڕی‌ ئاشتیانەی‌ دەسەڵات نیە، بڕوایان بەگەمەی‌ هەڵبژاردن نییە كە بریتییە لە دۆڕان یاخود بردنەوە بەڵكو ئەمانە دەبێت هەمیشە براوە بن و هەمیشە لەدەسەڵاتدا بمێننەوە وە تاڕادەیەكی‌ زۆریش ئیستیغلالـی‌ شەرعیەتی‌ شۆڕشگێڕی‌ خۆیان و هاوڵاتیانی‌ دڵسۆزی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكەن.

بزاڤ پرێس: پێت وانیە ئەم دەسەڵاتە بە ئەقڵیەتی‌ شۆڕشگێڕی هاتووە و هەر دەبێت ئەو ئەقڵیەتەش لاببردرێت؟

 ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: من پێم وایە یەكێك لە قسە باوەكان ئەوەیە كە دەسەڵاتە تاكڕەو و دیكتاتۆرەكان ئەزموون وەرناگرن لەیەكتری‌ ئەگەر "بەشار ئەسەد" ئەزموونی‌ وەربگرتایە لە "حوسنی‌ موبارەك" ئەو كارەساتەی‌ ئەمڕۆ بۆ گەلانی‌ سووریا دروست نەدەبوو، ئەگەر دەسەڵاتی‌ كوردی‌ ئەزموونی‌ وەربگرتایە لە "سەدام حسێن" و حوكمی‌ بەعسیەكان ئەم حكومەتە شكستخواردووەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئێستا نەدەهاتە كایەوە، بۆیە ئومێدەوارم بژاردەكە نەگاتەوە ئەو بژاردە توندوتیژییەی‌ كە میللەت لە بێ هیوایی‌ و نائومێدیدا پەنا بۆ هەموو ڕێگەیەك بگرێتەبەر، ئومێدەوارم ئێمە بەڕێگا مەدەنیەكان بتوانین كۆتایی‌ بەم كێشە و قەیرانانە بهێنین، ئەگەر نا خەڵك هەر لە نا ئومێدیدا بمێنێتەوە ئەوا ئەبێت پێشبینی‌ هەموو حاڵەتێك بكەین كە ڕووبدات بە حاڵەتی‌ توندوتیژیشەوە كە ئێمە خوازیاری‌ ئەوە نین وە هەموو هێزە سیاسیەكانی‌ تری‌ كوردستان تاوەكو ئەم ساتەوەختە ئەتوانم بڵێم سەرەڕای‌ ئەوەی‌ كە دەستمان ناوەتە بینەقاقای‌ یەكتری‌ بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا دەكەن كە كۆی‌ دەستكەوتەكانیان لە بەین نەچێت، بەڵام ئەگەر ئەم بێ باكیە بەم جۆرە بمێنێتەوە و حساب بۆ میللەت دانەنرێت بەدڵنیاییەوە خەڵك بەدیار هێزە سیاسیەكانەوە ناوەستێت وە بڕیاری‌ یەكلاكەرەوەی‌ خۆی‌ دەدات.

بزاڤ پرێس: هاوڵاتیان چی‌ بكەن، خۆپیشاندان یاخود بێدەنگی‌؟ چونكە بینیمان ئەنجامی‌ هەڵبژاردن و پەرلەمان هیچ كاریگەرییەكی‌ نییە لای‌ ئەم دەسەڵاتە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بەرپرسی‌ خولقاندنی‌ ئەم دۆخەی‌ هەرێم هاوڵاتیان خولقاندوویانە بەوەی‌ كە بەداخەوە حزبێك یان هێزێك لە حەوت هەڵبژاردندا درۆ لەگەڵ خەڵك دا بكات میللەت نەیەتە سەر سندوقەكانی‌ هەڵبژاردن و ئەو حزبانە سزابدات بەشێوەیەكی‌ مەدەنیانە لەجیاتی‌ ئەوە هەندێك لە ڕۆڵەكانی‌ ئەو میللەتە دێن دەنگی‌ تەكبیر و هوتاف بۆ ئەو دەسەڵاتە حزبیانە دەكەن وە ڕۆژنامەنووسان بێ دەنگ دەكەن لەبەرئەوە میللەت دەبێ هۆشیار ببێتەوە هەر هێزێكی‌ سیاسی‌ درۆی‌ لەگەڵ میللەتدا كرد ئەبێت میللەت لەبەردەم سندوقەكانی‌ دەنگدان تۆڵە لەو هێزە سیاسیانە بكاتەوە بەو ڕێگا مەدەنیانەوە ئەمە وەكو سزایەكی‌ دوور مەودا كە ئەركی‌ خەڵكە، بەشێكی‌ دیكەش لە ئێستادا وەكو ئەركێكی‌ هەنووكەیی‌ من پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی‌ ئەم دۆخە مانگرتنێكی‌ مەدەنی‌ سەرتاسەری‌ لە كوردستان بكرێت فەرمانبەران نەچنەوە بۆ دەوام و هاتوچۆ بوەستێندرێت وە دوكان و بازاڕەكان نەكرێتەوە، بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین گوشارێكی‌ ڕاستەقینە بۆسەر ئەم دەسەڵاتە دروستبكەین، ئەگەرنا خۆپیشاندانی‌ توێژەكان بەشێوەی‌ جیاجیا یاخود خۆپیشاندانی‌ ناوچەیـی‌ پێم وایە ئەم قەیرانانەی‌ ئێستا تێناپەڕێنن و گوشارێكی‌ ڕاستەقینە دروست ناكەن. 

بزاڤ پرێس: بەرپرسانی‌ پارتی‌ و بەتایبەت مەسعود بارزانی‌ بەردەوام بانگەشەی‌ دەوڵەتی‌ كوردی‌ دەكەن، لەم قۆناغەدا گونجاوە ئەو بڕیارە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: دەوڵەتی‌ كوردی‌ خەونی‌ لەمێژینەی‌ هەموو تاكێكی‌ كوردە وە هێزە سیاسیەكانی‌ كوردستان بەكۆی‌ دەنگ ئەو خواستەیان هەیە كە لەداهاتوودا ببین بە خاوەنی‌ دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ باشوری‌ كوردستان، بەڵام ئێمە بۆ دروستبوونی‌ دەوڵەتی‌ كوردی‌ كە ئامادەكاری‌ و زەمینەسازیمان دەوێت لەسەر ئەرزی‌ واقیعدا ئاماژەكان بۆ ئەم دۆخەی‌ هەیە لە هەرێمی‌ كوردستان هەیە ئەم ئاماژانە پێمان دەڵێت كە ئەم هەڵسوكەوتانەی‌ ئێستا لە پێشێلكردنی‌ یاسا لە پەكخستنی‌ دامودەزگا شەرعیەكان لە ناكۆكی‌ لایەنە سیاسیەكان و لەو گەندەڵیەی‌ كە لە هەرێمی‌ كوردستاندا هەیە پێمان ناڵێت ئەمانە ئامادەسازین بۆ دروستبوونی‌ دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ باشووری‌ كوردستان! بەڵكو پێچەوانەكەی‌ ڕاستە دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ كوردستان بە بانگەشە و دروشم نابێت بەڵكو ئەمە دەبێت لەسەر ئەرزی‌ واقیع هەنگاوی‌ بۆ بنێین پێش هەموو شتێك كۆدەنگی‌ هێزە كوردستانیەكان ڕۆڵ دابەشكردنی‌ هێزە كوردستانیەكان چونكە دەوڵەتی‌ كوردی‌ پێویستی‌ بە وزە و توانای‌ هەموو لایەنە كوردستانیەكان و كەسایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی‌ كۆمەڵگای‌ مەدەنی‌ هەتا ڕەوەندی‌ كوردی‌ لەهەندەران دەوێت، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن كە ئەم ئاماژانەی‌ كە هەن ئاماژەیەك نین كە ئێمە لە قۆناغی‌ بنیادنان دا بین بەڵكو كپ كردنی‌ دیموكراسی‌ و وە دزینی‌ سامانی‌ گشتی‌ وە هەروەها سنورداركردنی‌ ئازادی‌ ڕادەربڕین پەكخستنی‌ دامودەزگاكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن پێچەوانەی‌ بانگەشە و دروشمی‌ دروست كردنی‌ دەوڵەتی‌ سەربەخۆ گشت پرسیە.

بزاڤ پرێس: ئێمە خاوەنی‌ سوپایەكی‌ نیشتیمانی‌ نین، پەیوەندیەكانی‌ دەرەوە حزبین، كێشەكانی‌ هەرێم زۆرن، هێزە كوردیەكان یەكگرتوو نین، پێت وانیە ئەو بڕیارەی‌ بارزانی‌ ماڵ وێرانیە بۆ كورد؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بەدڵنیاییەوە دەوڵەت كە دروست دەبێت لەسەر كۆمەڵێك بنەما دروست دەبێت جارێ پێش هەموو شتێك كێ دەنگ بەم دەوڵەتە كوردیە دەدات میللەتە؟ میللەت بەم دۆخەی‌ ئێستاوە هیچ حەماسیەتێك و تاقەتێكی‌ نەماوە بۆ ئەم بابەتانە لەژێر بواری‌ قەیرانێكی‌ دارایی‌ گشتییە ئەم میللەتە ئەژین، ئێمە دەبێت دامودەزگامان هەبێت هەستێت بەم ئەركە دامودەزگاكان لەم هەرێمە بەمانای‌ كەلیمە پەكخراوە، هەروەها پێویستیمان دەركردنی‌ یاسایەك هەیە تۆ كە پەرلەمانت پەكخستبێت بە چ یاسایەك دێی‌ گشتپرسی‌ و ڕیفراندۆم ئەنجامدەدەیت، وە لە هەمووی‌ گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە نە ژێرخانێكی‌ پتەوی‌ ئابوریمان هەیە، بەم دۆخەی‌ ئێستاوە بەم حكومەتە گەندەڵەوە بەم دەسەڵاتە شكستخواردووەوە بەم دەسەڵاتە حزبیەوە بەبوونی‌ میلیشیا و هێزی‌ چەكداری‌ حیزبەكان لەچوارچێوەی‌ سوپایەكی‌ نیشتیمانی‌ نەبن، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن لەڕاستیدا ئەمانە كۆسپی‌ گەورە گەورەن و ئەگێڕێتەوە بۆ خەون و خەیاڵێكی‌ تر و هیچی‌ تر.

بزاڤ پرێس: پەیوەندیەكانی‌ هەرێم و بەغدا ئاسایی‌ نەبوەتەوە، ئێوە ئایندەی‌ ئەو پەیوەندیە چۆن دەبینن؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: ئەم پەیوەندیانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات ئەم پەیوەندیانە لەبەر ئەوەی‌ بنەمایەكی‌ مەحكەم نەبووە بۆ بەهێزكردنی‌ ئەم پەیوەندیانە وە لایەنە عێراقیەكان پابەندنین بەو بڕگە و ماددانەی‌ دەستور كە پەیوەندی‌ نێوان هەرێم و بەغدای‌ ڕێكخستووە، پێم وایە ئۆباڵی‌ سەرەكی‌ تێكچوونی‌ ئەم پەیوەندیانە لە ئەستۆی‌ بەغدادایە چونكە هێشتا ئەو دەسەڵاتەی‌ لە بەغدا حوكمڕانە چاوی‌ بە دەستكەوتەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان و هەرێمی‌ كوردستان هەڵنایەت وە پێیان وایە دەبێت هەمیشە هەرێم لاواز بێت وە چاوی‌ لە بەغدا بێت و نابێت لەسەر پێی‌ خۆی‌ بوەستێت، بەڵام لەبەشەكی‌ تریشیاندا بەرپرسیارێتی‌ و ڕۆڵی‌ دەسەڵاتی‌ كوردی‌ كەم نیە لەم هاوكێشەیەدا كە خۆمان هۆكاری‌ ئەوەین پێگەی‌ هەرێم پێگەیەكی‌ لاوازبێت چونكە نە ئەزموونێكی‌ حوكمڕانی‌ سەركەوتوومان هەبووە نە دیموكراسیەتمان گەشەپێدا لێرە تەنها خۆشبەختانە ئەوەیە ئێمە كێشەی‌ ئەمنیمان نیە ئەم كێشە ئەمنیش هەمووی‌ بۆ ئازایەتی‌ هێزە كوردستانیەكان ناگەڕێتەوە، وە ئێمە كێشەی‌ مەزهەبی‌ و ئاینیمان نیە خۆشبەختانە لە هەرێمی‌ كوردستاندا بەڵام ململانێی‌ حزبیمان هەیە ئەوەتا ململانێیەكی‌ حزبی‌ ئەم قەیرانانەی‌ ئێستای‌ دروستكردووە دەی‌ خوانەخواستە ئەگەر ئێمە كێشەی‌ مەزهەبی‌ و دینیمان هەبوایە ئەوە بەدڵنیاییەوە كارەساتەكان گەورەتر دەبوون.
 
بزاڤ پرێس: پێت وانیە دەبێت هەرێم نەوتەكەی‌ لەڕێی‌ بەغداوە ڕەوانە بكات، چونكە بەپێی‌ دەستور تا ئێستاش بەشێكین لە عێراق؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: بەدڵنیاییەوە دوو بژاردە هەیە لەم میانەدا، بژاردەیەكیان ئەوەیە كە ئێمە لەگەڵ بەغدا ڕێككەوین وەلەسەر ئەو بنەمایەی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان وەربگیرێت لە بەغداد، بژاردەكەی‌ دیكەشیان ئەوەیە كە سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشین ئەوەبوو لە ناوەڕاستی‌ ساڵی‌ ٢٠١٥ كاتێك كە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەو وەعد و بەڵێنەی‌ دا بە پەرلەمانی‌ كوردستان و بە حزبە سیاسیەكانیش كە ئەگەر ئێمە نەوت سەربەخۆ بفرۆشین بودجە وە مووچەی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان وە هەرێمی‌ كوردستان دابین بكەین، بەڵام بەداخەوە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەو وەعد و بەڵێنەی‌ خۆی‌ نەبردە سەر بەڵكو ئەو گاڵتەجارییەی‌ كە پێی‌ دەوترێت پاشەكەوتی‌ مووچە وایكرد كە ئەو ڕووبعە مووچەیەی‌ كەدایان ناوە لەكاتی‌ خۆیدا نەدرێت بە هاوڵاتیانی‌ كوردستان، ئەتوانین بڵێین سیاسەتی‌ نەوتی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا لەماوەی‌ نۆ ساڵی‌ ڕابردوودا سیاسەتێكی‌ بەمانای‌ وشە شكستخواردوبووە ئەم داهاتە لەجیاتی‌ ئەوەی‌ كە ببێتە مایەی‌ دڵخۆشی‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوویە مایەی‌ نەگبەتی‌ و نەهامەتی‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان وە چەند حزب و گروپ و كەسایەتییەك ئیسفادەیان لە داهاتەكانی‌ نەوت كردووە، زۆرینەی‌ كورد برسییە، بۆیە ئێستا ئەگەر پەرلەمانی‌ كوردستان كارا بووایە یەكەمین ئەرك كە دەبوایە پێی‌ هەستایە متمانە سەندنەوەبوو لەو كابرایەی‌ كە پێی‌ دەوترێت وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان "ئاشتـی‌ هەورامـی‌" چونكە نەیتوانی‌ بەڵێنەكانی‌ خۆی‌ بباتە سەر، بۆیە ئەگەر ئەم سیاسەتە بەشێوەیەكی‌ سەربەخۆ نەبێت و سیاسەتێك بێت لەخزمەت هەرێمی‌ كوردستاندا بێت ئەوە هیچ عەیبێكی‌ تێدانیە كەلەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوین چونكە خۆمان بە بەشێك لە عێراق دەزانین لە بەغدا پۆستی‌ كورد هەیە وە پشكی‌ كورد هەیە بۆیە جاری‌ وا هەیە شەڕ دەكرێت لەسەر پۆستە حزبیەكان لە بەغداد. 

بزاڤ پرێس: بڕیاردانی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ هەرێم بەسەربەخۆیی‌ پێت وانەبوو ئەو بڕیارە هەڵەبوو؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌:ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە هەڵەبوو كە زانیارییەكان بەهەڵە بە پەرلەمانی‌ كوردستان و حزبە سیاسیەكان درا كە ئەوان پشتگیری‌ سیاسەتی‌ سەربەخۆی‌ فرۆشتنی‌ نەوتیان دەكرد واتە زانیاریەكان هەڵەبوون وە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان نەیتوانی‌ ئەو وەعدەی‌ خۆی‌ بێنێتە سەر ئەگەر نا ئەو وەعدەی‌ بهێندرایەتە سەر بەفرۆشتنی‌ نەوت هەم شەفافیەت دێنێتە كایەوە هەم بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان دابین دەكرا و بودجە بۆ پڕۆژەكان و مووچەی‌ فەرمانبەران لەكاتی‌ خۆیدا دەدرا، بەڵام بەداخەوە كە ئەم بەڵێنە نەبرایە سەر و بەغدا پابەندنەبوو بەو ئیلتیزاماتەی‌ بەرامبەر بە سیاسەتی‌ سەربەخۆی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ هەرێم، ئەمە بووە هۆی‌ ئەوەی‌ شكست بهێنێت بەمانای‌ وشە ئەوەتا ئەتوانین بڵێین لە ئێستادا سەرچاوەی‌ قەیرانەكان بریتین لە مەسەلەی‌ نەوت و سامانە سروشتیەكان بەڵام بەداخەوە تائێستا نەبووەتە بەدیهێنانی‌ خۆشگوزەرانی‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

بزاڤ پرێس: تاچەند حەشدی‌ شەعبی‌ بەمەترسی‌ دەزانن بۆسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: ئێمە كۆمەڵێك مەترسی‌ ڕووی‌ لەهەرێم كردووە ئەتوانم بڵێم ئێستا گەلەكۆمەیەكی‌ ناوچەیی‌ هەیە لەسەر دەستكەوتەكانی‌ گەلی‌ كورد لەهەر چوار پارچەكانی‌ كوردستان وە سوپای‌ عێراقیش لەسەر بنەمایەكی‌ نیشتیمانی‌ و پیشەیی‌ ڕێك نەخراوە و لەسەد ساڵی‌ ڕابردوودا هەر نەهامەتی‌ بووە بۆ گەلەكەمان ئەو سوپایە ئێمەی‌ ئەنفال كرد ئێمەی‌ جینۆساید كرد ئێمەی‌ كیمیاباران كردووە، وە لەدوای‌ پڕۆسەی‌ سیاسی‌ عێراقیشەوە ئەو سوپایەی‌ كە لە بەغدا هەیە بەمانای‌ وشە سوپایەكی‌ تایفییە نەك سوپایەكی‌ نیشتیمانی‌ بێت بۆیە مەترسیەكانی‌ ئەم سوپایە بە حەشدی‌ شەعبیشەوە كە ئەگەر بەشێك بێت لەو سوپایە یاخود لەدەرەوەی‌ ئەو سوپایە بێت بەڕای‌ من مەترسی‌ جددین وە ئەو ناوچانەی‌ كە ناوچە كوردستانیەكانی‌ دەرەوەی‌ ئیدارەی‌ هەرێمە بەخوێنی‌ پێشمەرگەكانمان ئەمڕۆ گیراونەتەوە وە هاتووەتەوە سەر كوردستان، هێشتا مەترسیان لەسەرە وە هێشتا ئەوەی‌ بەدەستمان هێناوەتەوە بەخوێن هیچ گرەنتییەك نیە لەوەی‌ لەدەستی‌ بدەینەوە، من پێم وایە دوایی‌ داعش  و گرتنەوەی‌ موسڵ لە داهاتوودا گەورەترین شەڕ حەشدی‌ شەعبیە وە خەڵكی‌ كوردستان بە ناوچە جێ ناكۆكەكانەوە بەتایبەتی‌، باشترین نمونەش ئەو دۆخەیە كە حەشدی‌ شەعبی‌ لە شارۆچكەیەكی‌ بچووكی‌ وەك دوزخورماتوو خولقاندوویەتـی‌.

بزاڤ پرێس: چی‌ بە دەنگدەرانت دەڵێیت، ئەوان متمانەیان بە ئێوە بەخشی‌ بەرگریان لێ بكەن بەڵام ئێستا بێدەنگن و خەڵكیش تووشی‌ ئەو هەموو قەیرانانە بووە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنـی‌: ئێمە پێش هەموو شتێك بە دەنگدەرانمان دەڵێین داوای‌ لێبوردنتان لێ دەكەین كە نەمانتوانی‌ سەرجەم ئەو بەڵێنانەی‌ بەوانماندابوون بیانبەینە سەر، بەشێكی‌ زۆری‌ ئەو قەیرانانەی‌ كە خولقاوە وە دروستكراوە وە بوەتە هۆی‌ دروست بونی‌ كۆسپ و ڕێگر لەبەردەم پەرلەمانتارانی‌ كوردستان لەدەرەوەی‌ ئیدارەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و پەرلەمانتاران بووە، بۆنمونە كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم وەكو بۆمبێكی‌ تەوقیت كراو لە نێو ئەم خولەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ڕووبەرڕووی‌ ئەم خولە بوویەوە كە نەبە ڕێگەی‌ دەستوور نە بە ڕێگەی‌ هەڵبژاردن نە بەڕێگەی‌ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم ئەم پرسە چارەسەربكرایە بۆیە من پێم وایە بەشێكی‌ زۆری‌ ئەم قەیرانانە لەدەرەوەی‌ ئیدارەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان خولقێندراوە ئەوە ئیرادەی‌ حزبە سیاسیەكان بووە كە ئەتكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیان كردووە وە شكۆی‌ ئەو دامودەزگا شەرعیەیان لەكەدار كردووە وە نەیان هێشت ئەو دامودەزگایە كە ناوی‌ پەرلەمانە بەڕاستی‌ خاوەنی‌ بڕیاری‌ چارەنووس ساز بێت وە بڕیاری‌ یەكلاكەرەوە بۆ پرسە چارەنووسسازەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەڵكو ئەم حیزبانە هەمیشە ویستوویانە لە مەكتەب سیاسیەكانەوە یەكلایی‌ بكرێتەوە كە بەداخەوە خۆشیان نەیانتوانی‌ ئەو بابەتە یەكلایی‌ بكەنەوە كە ئێستا ئەو حزبانە ماوەی‌ ساڵێكە پەرلەمانیان پەكخستووە و پێیوان وابوو كە پەرلەمان نەیاندەتوانی‌ ئەو پرسە یەكلایی‌ بكاتەوە بەداخەوە، وە ئۆباڵی‌ كۆی‌ كێشەكان دەخەمە ئەستۆی‌ حزبە سیاسیەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان. 



‌‌‌
8/31/2016 10:43:30 PM
Print Friendly and PDF
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ