وتار
ریفراندۆم هه‌قه‌، به‌ڵام با به‌شێوازێكی هه‌قیش جێبه‌جێ‌ بكرێ‌
عـــه‌لــی بـــاپـــیـر

خوای كاربه‌جێ‌ "عز وجل" له‌باره‌ی قوڕئانه‌وه‌ فه‌رمویه‌تی: (وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ ۗ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا وَنَذِيرًا (105) الإسراء -105-،واته‌: قورئانمان به‌هه‌ق ناردوه‌و، هه‌قیشی گرتۆته‌ خۆی‌و، تۆشمان ته‌نیا به‌ موژده‌ده‌رو ترسێنه‌ر ناردوه‌.


واته‌:
قورئان هه‌م له‌خودی خۆیدا هه‌ق‌و راسته‌و، هه‌م به‌شێوازو چۆنیه‌تییه‌كی هه‌ق‌و راستیش دابه‌زێنراوه‌.

به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ كه‌ خاوه‌ن هه‌ق‌و مافێكی ره‌وابی، به‌ڵكو پێویسته‌ "ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ هه‌قه‌كه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكه‌ی" به‌شێوازو رێبازێكی ڕێك‌و راست‌و ره‌واش داوای بكه‌ی‌و هه‌وڵی بۆ بده‌ی، ئه‌گه‌رنا گه‌لێك جار گرتنه‌به‌ری شێوازو رێبازی هه‌ڵه‌و ناڕه‌وا بۆ ده‌ستخستنی هه‌ق، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ر نه‌بونی، بگره‌ دور لێكه‌وتنه‌وه‌شی!

به‌پێویستی ده‌زانم له‌گه‌رمه‌ی هه‌راو گاڵه‌گاڵی ئێستای نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و، دام‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گشتپرسیی له‌هه‌رێمدا، چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا بخه‌مه‌ڕو و سه‌ره‌تاش هیوادارم هه‌مولایه‌ك بابه‌تییانه‌و دور له‌پاشخانی فیكریی‌و سیاسییان له‌قسه‌كانم رامێنن:

یه‌كه‌م:
بێگومان وه‌ك ده‌یان جار گوتومانه‌و به‌ر له‌سی‌ وسێ‌ (33) ساڵ (1984)ز له‌كتێـبـی: {سۆزی نه‌ته‌وایه‌تیی‌و بیری ناسیۆنالیزم}ی به‌نده‌دا هاتوه‌: نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی دنیا، مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی كه‌ خاوه‌نی ئیراده‌و ئیداره‌ی خۆی بێ‌، به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆشه‌وه‌، چ له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراق "باشوری كوردستان"و چ له‌هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی كوردستانی به‌ش به‌شكراودا: باكور، رۆژ هه‌ڵات، رۆژئاوا.

دوه‌م:
بۆیه‌ ئه‌نجامانی گشتپرسیی بۆ به‌فه‌رمیی ده‌ربڕینی داواكردنی ئه‌و مافه‌ ره‌وایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌قێكی سروشتیی‌و ره‌وایه‌و، هیچ گرێ‌‌و گۆڵێكی تێدانیه‌.

سێ‌یه‌م:
به‌ڵام بێگومان "وه‌ك له‌به‌رایی ئه‌و نوسینه‌دا گوتمان" ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی گشتپرسیی، ئنجا چ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی به‌دوادا بێ‌، چ به‌دوایدا نه‌یه‌ت، پێویسته‌ پاش زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كیی‌و ئاماده‌كردنی پێشه‌كییه‌كان (مقدمات) بێ‌، چونه‌ هه‌ركه‌س بیه‌وێ‌ ئه‌نجامێكی دروست وه‌ده‌ست بێنێ‌، ده‌بێ‌ پێشتر پێشه‌كییه‌ دروسته‌كان (المقدمات الصحیحة)ی بۆ هه‌ڵبچنێ‌، تاكو ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌سه‌ردا نه‌چه‌سپێ‌ كه‌ ده‌ڵێ‌:

ترجو النجاة ولم تسلُك مسالكها إن السفينة لاتجري على اليَبسِ 

چواره‌م:
مسۆگه‌ر زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆ له‌پێش زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كییه‌وه‌یه‌و، بگره‌ هۆكارێكی گرنگ‌و كاریگه‌ریشیه‌تی، ئنجا ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كیی په‌یوه‌سته‌ به‌ویستی غه‌یری خۆمانه‌وه‌، زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ، له‌به‌رده‌ستی خۆماندایه‌و به‌ویستی خۆمانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌.

زه‌مینه‌سازیی نێوخۆش به‌ته‌بایی‌و ئاشته‌وایی‌و ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان "به‌تایبه‌ت هێزه‌ سه‌ره‌كیی‌و خاوه‌ن پێگه‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان" ده‌ست پێده‌كات‌و، به‌میانی گێڕانه‌وه‌ی شكۆو كاریگه‌ریی بۆ دامه‌زراوه‌كان دا "به‌تایبه‌ت په‌رله‌مان" گوزه‌ر ده‌كاو، به‌گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری بێزارو دڕدۆنگ‌و نیگه‌ران، به‌رانبه‌ر به‌قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان، ته‌واو ده‌بێ‌.

بێگومان هۆكاره‌كانی توڕه‌یی‌و بێزاریی‌و بێ‌ متمانه‌یی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری به‌شخوراویش، به‌رانبه‌ر به‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان زۆرن، به‌ڵام له‌هه‌مویان كاریگه‌رتر بریتین له‌:

1- شكاندنی شكۆی دامه‌زراوه‌كان.

2- پێشێلكردنی یاسا، به‌تایبه‌ت له‌بواری ئه‌منیی‌و ئازادیی بیروڕادا.
3- سته‌م‌و قۆرخكاریی‌و گه‌نده‌ڵیی.

4- به‌ملیاردلێردكردنی كه‌سانێكی كه‌م له‌سه‌ر حیسابی بژێوی خه‌ڵك‌و دروستكردنی ژێرخانی ئابوریی.

پێنجه‌م:
به‌دڵنیایی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی نه‌رێنییانه‌ی حكومه‌تی نێوه‌ندیی (مركزي) یان وڵاتانی دراوسێ‌، یان وڵاتانی رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا، دژ به‌ڕیفراندۆم، بكه‌ینه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌نجام نه‌دانی! چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكی ره‌واو سروشتی خۆمانه‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ به‌وردیی حیساب بۆ ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵوێستی نه‌رێنیی هه‌رلایه‌ك بكه‌ین‌و، به‌قسه‌و هه‌ڵوێستی دڵگه‌رمانه‌و سۆزدارانه‌ خۆمان فریو نه‌ده‌ین‌و، به‌مه‌ره‌دی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌چین كه‌: {بۆ ریش چوبو سمێڵیشی خسته‌بانی!} به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هه‌رێم، پێویسته‌ هۆشیاربین‌و حیسابی وردو دور بكه‌ین.

شه‌شه‌م:
پێویسته‌ هه‌رچی زوتره‌ ئه‌و مۆركه‌ شه‌خسیی‌و حیزبییه‌ی به‌هه‌ڵه‌ یان به‌ئانقه‌ست له‌پرۆسه‌ی ریفراندۆم دراوه‌، لـێ‌ی بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌دڵنیایی بابه‌تێكی نیشتیمانیی گرنگ‌و چاره‌نوسسازی وه‌ك ڕیفراندۆم، به‌هۆی به‌شه‌خسه‌نه‌و به‌حیزبیی كردنیه‌وه‌، بچوك ده‌بێته‌وه‌و ده‌شێوێندرێ‌‌و، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن‌و سه‌روبه‌رگرتنیشی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

حه‌وته‌م: له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم:
وه‌ك گوتراوه‌: (المرء قليل بنفسه كثير بأخيه) مرۆڤـ خۆی به‌ته‌نیا كه‌مه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ براكه‌یدا زۆره‌، هیوادارم ئه‌گه‌ر هه‌مولایه‌ك به‌جیددیی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ره‌و ئه‌نجامدان‌و پاشان سه‌روبه‌رگرتنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بچین، عه‌قڵ‌و دڵی خۆمان له‌ئاست یه‌كدیدا فراوان بكه‌ین‌و، گرێ‌‌و گۆڵی ده‌رونیی‌و مێژویی توڕبده‌ین‌و، دڵنیابین كه‌ كارو پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ به‌كه‌سانێك ئه‌نجام ده‌درێ‌، كه‌ عه‌قڵ‌و دڵیان گه‌وره‌و فراوان بێ‌‌و له‌واقیعدا بژین نه‌ك له‌مێژودا!

هه‌روه‌ها دڵنیابین كه‌ ریفراندۆم، به‌بێ‌ زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ و ده‌ره‌كیی، به‌تایبه‌ت كۆده‌نگیی‌و ته‌بایی نێوخۆ، یان ئه‌نجام نادرێ‌، یان نیوه‌چڵ ده‌بێ‌.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1