وتار
حزبی بنەماڵەو حزبی عێل
عەدنان عوسمان

راستە لە چەند شوێنێکی دنیا بنەماڵەی سیاسی ھەیە کە رۆڵەکانیان ئامادەیی سیاسی بەرچاویان ھەیە، بەڵام مەگەر تەنھا لە لوبنان و کوردستاندا جۆرێک لە تەوریسی حزبی ھەبێت لە باوکەوە بۆ کوڕ بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو شێوازانە لە عێراق و یەمەن و میسر تێکشکێندران.
بنەماڵەی بارزانی سەرەتای بە بنەماڵەیی کردنی حزب بون لە کوردستاندا. ئیتر ئێستا ئەو حزبە بەشێکە لە مومتەلەکاتی بنەماڵەو رۆژ دوای رۆژ پشکی خێزان لە سەرکردایەتی حزبدا لە برەودایەو سەرجەم جومگە سەرەکیەکانی حزبەکەیان بۆ خۆیان قۆرغ کردوە. لەوێ سەرۆکایەتی حزب لە باوکەوە بۆ کوڕەو لە چوار دەوریشیان ریزێک لە براو کوڕەزاو خزم ئامادەییان ھەیە.
لە یەکێتیدا ئەم پرۆسەیە بە رێڕەوێکی دژواردا ئەڕوات. پێشتر کە گروپی مەکتەبی سیاسی بەھێزبون، نەتوانرا بە ئاشکرا کار لەسەر ئەو مەسەلەیە بکرێت. تەنھا تاڵەبانی کەسە نزیکەکانی خۆی لە سکرتاریەتی خۆیدا جیگیر کردبو وەک ھاوکاری خۆی. بەڵام دوای دەرچونی بەشی بەرچاوی کەسایەتیە گرنگەکانی مەکتەبی سیاسی و نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی، دەرفەتێک بۆ خێزان وکوڕەکانی پەیدا بوو کە رۆڵی سەرەکی ببینن لە دەستەی رابەرایەتی ئەو حزبەدا. ئێستا قوباد نوێنەرایەتی بنەماڵە ئەکات لە حکومەتداو پاڤێڵیش بە ھاوکاری دایکی، شانسی خۆی لە حزبدا تاقی ئەکاتەوە، بەڵام ھێشتا نەریتە کۆنەکەو، بونی چەند کەسێکی بەھێز لە مەکتەبی سیاسیدا، بواری بەسەرخستنی ئەم پرسە نەداوە. نەمانی ھێرۆخان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەوانەیە شانسی کوڕەکانی لە سەرکردایەتی کردنی یەکیتی لاوازتر بکات و ئەم خەونی بە بنەماڵەیی کردنە وەلانرێت، بەتایبەت کە لە کەشی سیاسی ناوچەی سلێمانیدا، ئەم پرسە زۆر قێزەون و نامۆ دەرئەکەوێت.
بەرامبەر بە ھەوڵی بنەماڵەیی کردن، شیوازێکی تری کاری حزبی ھەیە کە کاستێکی سیاسی جێگیر سەروکاری لەگەڵی ھەیەو ساڵانێکە بونەتە سیمای حزبایەتی لە کوردستاندا. بەشی زۆری ئەم کاستە کە من پێیان ئەلێم عێلی سیاسی، تەنھا بە مردن ،وەیا ئینشقاق وەیا بە وازھێنانی خۆیان" کە زۆر دەگمەنە" لە کۆڵی حزبەکانیان ئەبنەوە. ئەم عێلە رەگ و ریشەیان لە ھەموو حزبەکاندا ھەیەو، سەرباری جیاوازی فکری و سیاسیان، بەڵام ئەو دەم و چاوانەن کە دەیان ساڵە لە شەڕ و ئاشتیدا، دەسەلاتداری رەھای حزبەکانیانن و ھەر ئەوانن دوا نەقشی سیاسی و ئاراستەی کاری حزبی دیاری ئەکەن. عێلی سیاسی بەقەدەر بنەماڵەی سیاسی مەترسی بەسەر پرۆسەی سیاسی و گیانی دەستاودەستی دەسەڵات و نوێنەرایەتی کردنی نەوە تازەکان و توانا نوێکان ھەیە. راستە بنەماڵەی سیاسی ڕەوایەتیدانی موتڵەقە بە ھەژمونی بنەماڵە لەسەر بنەمای ئینتیما نەک توانا، بەلام لە عێلی سیاسیشدا ھەمان میتۆد بە شێوەی تر و لەژێر پەردەی تێکۆشان و پاسەوانی کۆن و خەباتگێڕی ماندوو و دەیان قەوان و بەیت و بالورە، رەوایەتی بە مانەوەی لەسەر ھەرەمی حزبدا ئەدات و جگە لە بوارێکی تەسک" ئەویش لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا" ئیتر ھیچ مەجالێک بە نەش و نماکردنی توانا جیاوازەکانی نەوەکانی تر نادات. مەترسی عێل لەوەدایە بۆ بەردەوامی ھەژمونی حزبیی، جگە لەھەوڵی رەوایەتی تێکۆشان، پەنا بۆ دەستەگەرێتی و دەستو پێوەند دروستکردن و بەخشینەوەی ئیمتیازات و دروستکردنی رەعیەتی گوێڕایەڵ ئەبات.
گۆڕان، دروستبونەکەی بە جیا لە پەیامە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تری، لێدانێک بوو ھەم لە بنەماڵەی سیاسی و ھەمیش لە عێلی سیاسی. پەیامی نەوشیروان مستەفا، کە گۆڕانخوازان لەسەری کۆکن و داکۆکی سەرسەختانەی لەسەر ئەکەن، رێگری کردنە لە دروستبون و ھەژمونی بنەماڵەکان و ئەبەدیەتی کاستێکی سیاسییە. ئەو کەسانەی کە جڵەوی رابەرایەتی گۆڕان ئەگرنە دەست، نە بەھۆی بنەماڵەو نە لە ریگەی عێلەوە دەبێت، بەڵکو تەنھا بە تواناکانیان و ئاستی فکری و سیاسی و رادەی دڵسۆزی بۆ پەیامەکانی بزوتنەوەکە دەبێت.
لە گۆڕاندا بەھیچ جۆرێک بوارێک بۆ بونی بنەماڵەو مەترسی دەستبەسەرداگرتنی گۆڕان لەلایەن بنەماڵەیەکەوە نییە، تەنانەت کەسیش جورئەتی بیرکردنەوە لەھەنگاوێکی وا مەترسیدار و خراپ ناکاتەوە، ھەر لە بنەماڵەی کاک نەوشیروانەوە کە لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا سورن، ھەمیش ھیچ ھەڵسوڕاوێکی راستگۆی گۆڕان خۆی ناھێنێتە ئاستێکی وا لاوازەوە کە بانگەشە بۆ ئەم شێوازە دواکەوتو و نا دیموکراتیە بکات. بەڵام دەبێ بەھەمان شێوەش دژ بە کاست و عێلی سیاسی ئەبەدی و ھەتاھەتایی بوەستینەوەو بوارەکانی ئیدارەدانی بزوتنەوەکەش لە یەک دوو کەس و چەند کەسێکدا قەتیس نەکرێت و بەعەقڵیەتی عێل بیر لە پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکان نەکرێت.
بیرمان نەچێت یەکێک لە نەریتەکانی عێل ئەوەیە: پاڵپشتی براکەت بە، باش بو یاخراپ!!
تێبینی: مەبەستم لە عێل، عەشیرەت نییە، بەڵکو دەستەو گروپێکی سیاسییە، کە لە چوارچێوەی بنەماکانی عێلدا کار ئەکەن و، رەوایەتی بە مانەوەی ھەمیشەییان لەسەر لوتکەی حزبەکاندا ئەدەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ