وتار
مێژووی دیموکراسی و ئاستی ئەمڕۆی دیموکراسی لای ئێمە
ھونەر ئەیوب

بێگومان چەمکی دیموکراسی چەمکێکی ناسراوە ، بەڕادەی ناسراوەیەکەشی پێناسەو لێکدانەوەی جۆراوجۆری سادەو ئاڵۆزی زۆری بۆ کراوە، وە بەھۆی کاریگەرەیەکەیەوە تێگەشتن وئاشنایەتی بۆ ئەو تێۆرە بەشێوەیەکی بەرچاو لای ھەر تاکێک بوونی ھەیە، بەگشتی لای زۆرێنە جێگای بایەخ و پەسەندە بەھێندەی تێگەشتنی و دیدگای کەسەکە بۆ ئەو چەمەکە ، ھەنووکە ئەگەر لەھەریەکێ بپرسین ، دیموکراسی چیە ؟ وەڵامێکی دەستەوبەجێ و ئامادە دەداتەوە دەڵێ واتە ( حوکمی گەل ) ، وەلێ ئەگەر بپرسین ئەودیموکراسیەی باس و خواسی ھەبوونی لەم مەملەکەتەی ئێمەدا لێ دەکرێ و گوایە ھەیە ئەرێ ھەمان ئەو دیموکراسیەیە کە بیرمەندانی مێژوو و سەردەم باسیان لێوە کردوەو دەکەن ، یاخود بەرجەستەکردن و تەرجەمەکردنی ئەو تیۆرە بۆ لایەنی پڕاکتیزیی دەقاودەق خودی ڕاستەقینەی دیموکراسی خۆیەتی ؟ لێرەد ئەم پرسیارە دەرگا لەسەر پرسیارێکی تریش ئەکاتەوە ڕەنگە بێت بە ھزری ھەریەکەمانداو بپرسین ئاخۆ دیموکراسی چوارچێوەو سنورێکی دیاریکراوی ھەیە ؟ تاکوبڵێین ئەمە دیموکراسیە و بکرێت بە پێوەر بۆ پێوانە کردنی عەیاری دیموکراسی و دیموکراسی پڕاکتیزەکراو ، بێگومان سەختە وەڵامێکی کۆنکرێتی بۆ ئەمە ھەبێت بەڵام سەختی بەواتای مەحاڵ نایێت ھەرشتێکیش مەحاڵ نەبێت بۆی ھەیە لەھەرکاتێکدا وجودی حازر بێت ،ئەمما بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامێکی شایستە ھەتاکو قەناعەتی پێبکرێت باشترین ڕێگا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ ونەسەب و ژینگەی دروستبوونی دیموکراسی کە ئەویش وەک زۆرێک لەکەنزە فیکریەکانی تر سەرچاوەی ھەڵقوڵانی دەگەڕێتەوە بۆ لانکەی مەعریفەی میژووی مرۆڤایەتی لە ئەسینا(یۆنان) ، بۆیە دروست وایە بێ تەڕەفگیربوون بنواڕین لەپێناو وەچنگ کەوتنی وەڵامێکی زانستی لە خودی دەقە میژووییەکان بۆ ئەمەش پشتم بە وتەی (د.موراد وەھبە ) بەستوە کەلە لێکۆڵینەوە زانستیەکانی خۆی پێی گەیشتووە لە یەکێ لە کتێبەکانی دا ئەودەقە مێژووییەی ھێناوەتەوەو کۆمەڵێک باس و خواسی جیاوزی لەگۆشە نێگای خۆیەوە لەسەر کردوە ، بەڵام لێرەدا ئێمە پێویستمان بەو باس و خواسانە نیە ، بەڵکو بۆ وەچنگ کەوتنی وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارانەی لەسەرەوە کردومانە پێویستمان تەنھا بە دەقی تۆمارکراوی ئەو باسە ھەیە لە مێژوودا ، کە لە ٤٠٠ بۆ ٤٦٠ ساڵ بەر لەزاین لەلایەن مێژوونوسی یۆنانی - سۆسیدیس - نوسراوەتەوەو بەم شێوەیە باس لەوتاری پیاوێکی دەوڵەت دەکات بەناوی - بەرکلیس - کە وتار بۆخەڵک دەدات ولە قسەکانی ئاماژە بۆ چەندین خاڵی زۆر جەوھەری وگرینگ دەکات ودەڵێت : ( 
* ئەسینا نمونەی دیموکراسیە لەبەر ئەوە دەستوری ئێمە لاسایی کردنەوەی دەوڵەتانی دراوسێ نیە ، بەڵکو نمونەیە بۆ ئەوانیش 
* ئیدارەی ئێمە سەر بە زۆرینەیە نەک کەمینە 
* قانونی ئێمە لە کێشمەکێشە تایبەتەکاندا داد پەروەری بۆ ھەمووان دابین دەکات
* خواستی گشتی لای ئێمە پێشوازی لە بەھرە دەکات لە ھەموو لقێک لە لقەکانی بەدەستھێاندا بەرز ڕای دەگرێت نەک بۆ مەبەستی تایەفی بەڵکو تەنھا بۆ پشتپێبەستن ) 
ئەمە دەقی وتەکانی بەرکلیسە لە تۆماری مێژوودا ئێستا ئەگەر ئێمە تەنھا ئەم وتانەش بکەین بە پێوەرێک بۆ پێوانە کردنی ئاست و جۆری دیموکراسی زۆر ئاسان بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم دیموکراسیەی ئێمە لە چ ئاستێک دایە لەگەڵ ئەو دیموکراسیە کۆنەی یۆنانیەکان لە کاتێکا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٤٧٢ ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبووە ، با بەراوردێکی ئەمڕۆی خۆمان و میژووی ئەوان بکەین لەبەر ڕۆشنایی ھەمان خاڵەکانی دەقی وتارەکەی بەرکلیس لە خۆمان بپرسین ئایە ئەم وڵاتەی ئێمە نمونەی دیموکراسیە ؟ دەستورێکمان ھەیە ؟ دەسەڵات و ئیدارەدانی وڵات لەدەستی زۆرینەدایە ؟ قانون و دادگاکان بۆ ھەموان وەکو یەک وایە ؟ ئەمانەوە چەندەھا پرسیاری تریش کە پێویستە ئێمە وەڵامێکمان بۆی ھەبێ و تێبگەین و بزانین لە چ ئاستێکداین ؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ