وتار
ڕیفراندۆم لەبەردەم بە حیزبی کردن وشەخسەنەکردندا.!
پارێزەر: لوقمان مصطفی


ھەتا دێ پارتی دیموکراتی کوردستان گومانی بەحیزبیکردنی ڕیفراندۆم لای ھاوڵاتیان زیاتر دەکات،لەکاتێکی واھەستیارداو کەلەسەروبەندی بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمداین،لەبری ئەوەی لەدووروونێزیکەوە بیری تەسکی حیزبایەتی تێکیڵ بەو پرسە نیشتیمانیە گرنگە نەکرێت، کەچی نەک ھەرواخەریکە بە حیزبی دەکرێت بەڵکو ئاماژەکان وامان پێ دەڵێن واخەریکە بە شەخسەنەش دەکرێت.! دانانی وێنەی جەنابی کاک مسعود لە شوێنەگشتیەکاندا و پاشان لەژێر فشارێکی زۆردا دەستیان کرد بەلادانی ئەو وێنە نایاساییانە،ئەو کردەوانە ئەوەی پێشانی ئێمەو نەیارانی پارتیدا و پشتڕاستی کردەوە کە ڕیفراندۆم موڵکی تاکە حیزبێکە وسەروەری سەرکەوتنی ئەوپرسە نیشتیمانیە تە نھا لەیەک حیزب ویەک بنەماڵەو یەک کەسدا قەتیس دەکەن کە پێشتر کۆی کورسیەکانی ئەو حیزبە لە ھەڵبژاردنی پێشودا تەنھا ٣٨% بووە.!!
ئاخر گەلۆ پێشتریش ھات وھاوارمان بوو دانانی وێنەی سەرکردەو کەسایەتیە سیاسیەکان لە دام و دەزگاو شوێنە گشتیکاندا، کەی مانای دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە!!، دەمان ووت ئەم دیاردەیە لەگەڵ ئەوەی پێجەوانەی یاساو پرۆژەدەستوری ھەرێمی کوردستانە، لەھەمان کاتدا ناکۆکیشە لەگەڵ سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵاتێک کە دەم لە دیموکراسیەوە بکوتێت.! ئەم ڕەفتارانەی ھەڤاڵانی پارتی ناکۆکە لەگەڵ درووشمی بریق وباقی حیزبەکەیان کەھەڵگری درووشمی دیموکراسیە.! خوازیارین  کە جەنابی کاک مسعود بەرزانی ئاگاداری ئەم ناحەقیەنە بێت کە حیزبەکەی دەرحەقی دەیکەن.
مایکڵ ڕۆبن..لە ووتارێکیدا ئاماژە بە ئەزموونی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت:-  "کوردەکانی عێراق دوای رووخانی سەدام نەیانتوانی گرەوی ئازادی ببەنەوە؛ ئەوان زۆر بە سانایی وێنەی دیکتاتۆری عێراقیان لابرد و وێنەی یەکێکی خۆیانیان لە جێی دانا." نووسەری وتارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "پێویست ناکات کوردانی تورکیا و سووریا ئەو ئەزموونە دووپات بکەنەوە و دەبێ بزانن کە وێنەی دیکتاتۆرەکان لە باتی ئەوەی جێگۆڕکێیان پێ بکرێت دەکرێ وەلا بنرێن".
ئەوەی ئاشکراشە لای ھەموان و پشتڕاستکردنەوەی قسەکەی (مایکل ڕۆبن)ە چونکە تەنھا لە ووڵاتانی سیستەمی دیکتاتۆری گرنگی یەکی زۆر بە وێنەی دیکتاتۆر ئەدرێت، نەک ووڵاتانی دیموکراتخواز.
 ھەرچەندە سەرکردە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو بۆنەکاندا قسەو باس لە پێشکەوتن و دادپەروەری و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەکەن و لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا باس لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەکەن، بە شێوەی ئاشتیانەو لەرێی سندوقەکانی دەنگدانەوە،بەڵام  لە ئەرزی واقعیدا دوورە لە ڕاستیەوەو مەخابن پێچەوانەکەی راستە.
 ئەمە حەقیقەتی زۆربەی ئەو سەرۆکانەیە وا ساڵی جارێک بە ناچاری لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانداو یان چوارساڵ جارێک لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا لە پاڵ وێنە زەبەلاحەکانیانەوە دەردەکەون و بە شان و باڵی گەل و نەتەوەدا ھەڵدەدەن شاباشی خۆیان دەکەن.!
 ئەمە ئازایەتی و میھرەبانی و ویژدانی زۆربەی ئەو سەرۆک و سەرکردانەیە کە راستەو خۆ لە شاشەی کەناڵە ئاسمانیەکانەوە دەبنە فریاد رەس و کۆتری سپی ئاشتی،باس لە گۆرینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن وچاکسازی بۆتە بنێشتە خۆشەی بن زمانیان، کەچی بۆ تەنھا جارێکیش بیرناکانەوە و بڵێن ئێمە باس لە دیموکراسی دەکەین ئادەی ئەو وێنانە داگرن،چونکە خۆئاشکرایە لە دیموکراسیەتدا ھەڵواسینی وێنەی سەرکردە بەشێوەی خۆسەپێن جێگای نابێتەوە.!! ئیترچۆن ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کورسی دەسەڵات لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا جێبھێڵن و را دەستی کەسانیتری بکەن کە میللەت لەھەڵبژاردنی ئایندەدا ھەڵیان دەبژێرێت .!!
ھەمیشە دیکتاتۆرە چەقبەستووەکان، لەپێناوی پاوان و قۆرخ کردنی دەسەڵات و بەئەبەدی کردنی تەمەنی ھەتا ھەتایی  حکوومەتی رەھا و بێ‎سنووری خۆیاندا سیاسەتیان بەرەو ھەڵدێر بردووە ، ھەمیشە بۆ رەخساندنی بارودۆخی چەقبەستوو ھەوڵیان داوە ‌و بەردەوام بن لە چەقپەروەری، ھەر کاتێک بە پێویستیان زانیبێ ھەموو سنوورێکی یاساییان بەزاندووەو،  پێشێل کردنی مافەکانی ومرۆڤیان کردووە.کە تەمەنادەکەین ھەرێمی کوردستان بە دووربێت لەم جۆرە سیستەمانە بەدوور بێت لەوبیرکردنەوە تاکڕەوانەیەوناواقعیە.
بەداخەوە بۆیە وادەڵێین چونکە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرینەی سەرۆک وسەرکردەکان  ماسکدارن ، ئەوان  خۆیان دەرھێنەرو سیناریستزان و کاراکتەرێکی بەتواناوبەسەلیقەی شانۆ گەریەکانن،ئەگەر پێیان بکرێت  وێنەیان وەکو جەنگاوەرێک یاخود پەیامبەرێک لەسنگی ھەموو تاکێکی ئەم میللەتە ستەمدیدەدەدەن،خۆیان واپێشان دەدەن ھەموو ژیانیان لە پێناو بەرگریکردن لە میللەت و خاک و نەتەوە بەخت کردبێت،خۆیان وا پێشان بە کۆمەڵانی خەڵکی بەستە زمان دەدەن کە تەنھا ئەوان پارێزگاری لە کوردو خاکی کوردستان دەکەن ، بە شێوەیەکی وا باسی ژیاننامەی خۆیان دەکەن، دادپەوەر، دیمۆکرات، راستگۆ، پاڵەوان، بیرمەند، بەخشندە، خاوەن مۆڕاڵ، بە شێوەیەک خۆیان نمایش دەکەن، وەکو ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن، ئیتر ژیانیش لەو ووڵاتەدا دەوەستێت؟!
ئەمە ماھیەتی ھەر دیکتاتۆرێکە  لەئاست ئەم واقیعە نوێیەی دونیادا کە خەڵک بە گێل ونەفام دەزانن، لەکاتێکدا تاکی کورد زۆر لەوە ھۆشیارترە وباشتر ئەو راستییە دەزانن، سەردەمی ھەڵواسینی وێنە وپەیکەری وەھمی وبێبنەما و...ھتد نەماوە.!
زۆر لە مێژنیە وھەر ماوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستابوو زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانمان بینی کە بۆ نموونە،، دەستەڵاتی شای ئێرانمان بینی کە چی بە سەر ھات..سەرۆکی ڕۆمانیامان بینی کە چۆن ھەڵیانواسی و کردیان بە دارا..سەرۆکی عێراقمان بینی لە ژێر زەوی وەک جرج گرتیان ودەریانھێنا و لە قەفەزی دادگاییدا بینیمانەوە و دواتر لە سێدارە درا..وە سەرۆکی تونسمان بینی کە چۆن لە ساتێکی زۆر کورتدا وڵاتی بەجێھێشت ..سەرۆکی تونس، پشوی نەدا و ھێور نەبوەوە..وە دوو مانگی نەخایاند سەرۆکی میسریش چووە پاڵی و لە ماوەی ھەژدە ڕۆژدا کورسی و کۆشک و ماڵ و وڵاتی بەزۆر و زەبری شۆڕسی ھاوڵاتیان.. بە شٶڕشی ملیۆنەھای ھەژارانی بێکار و بێ نان، کورسی دەستەڵاتی بەجێھێشت.پەیکەرەکانیان تیکشکێنراو وێنەکانیان سوتێنران.!!
دەبێت ئەوسەرکردە سیاسیانەی لەمەر خۆشمان بەئاگابێنەوە چیتر بیر لە دەسەڵاتی تاکرەوی نەکەنەوە ، دەبێت ھەمیشە مێژووی ئەو کەسایەتیانەیان لەپێش چاوبێت و پەندو وانەیان لێوە فێربن.!!
17/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ